کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی بۆ دەزگا ئەمنییەکان: دەبێت بە بڕیاڕی دادوەر و لەژێر رێنمایی بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەركەكانتان ئەنجام بدەن

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی بۆ دەزگا ئەمنییەکان: دەبێت بە بڕیاڕی دادوەر و لەژێر رێنمایی بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەركەكانتان ئەنجام بدەن
مەودا میدیا-

بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە یاوەری چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی ھەرێم سەردانی هەریەک لە دکتۆر خەسرەو گوڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کرد.

لە دیدارێکدا کە لیوا حەکیم کەریم، بەڕێوەبەری نووسینگەی دەزگای ئاسایش ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەمنی، ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتری نێوان دەزگا ئەمنییەکان کرا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە زیان لە سەقامگیری ناوچەکە بدات.

دکتۆر خەسرەو گوڵ پلان و ستراتیژی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی بۆ پاراستنی ئارامیی ھەرێم و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان خستەڕوو و  ئاشکرایکرد "لەماوەی رابردوودا دوور لەچاوی میدیا دەیان شانەی نوستووی تیرۆریستانی داعش ئاشکرا و دەستگیرکراون و راپێچی دادگا کراون، بەھەماھەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە، دژەتیرۆر و ھێزەکانی ناوخۆ بەردەوام لە ئەرکداین و ئەرکی ئێمەیە پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بکەین و سەروماڵی خەڵک پارێزراو بێت، بۆیە لە بەرانبەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاش چاوپۆشی لەکەس ناکرێت و رێگە بەهیچ کەسێکیش نادرێت ناوی ئاسایش بۆ بەرژەوەندی شەخسی و مەرامی تایبەت بەکاربهێنێت".

لەبەرانبەردا بافڵ تاڵەبانی ستایشی هەوڵ و ماندووبوونی هێزەکانی ئاسایشی کرد و رایگەیاند "ئێوە پارێزەری ئارامیی و سەقامگیرین، ماندووبوون و قوربانیدانتان لەبیر ناکەین و بەڕێزەوە لە کار و چالاکییەکانتان دەڕوانین، لای یەکێتی ئاسایش و ژیان و کار و کاسبی خەڵک هێڵی سوورە و نابێت بەهیچ شێوەیەک لە بەرانبەر تاوانکاران و پێشێلکارانی یاسا لێبووردە بن و دەبێت رادەستی یاسا بکرێن، ئێمەش بەهەموو شێوەیەک پشتیوانتان دەبین".

لەدرێژەی دیدارەکەدا هاوسەرۆک جەختی لە گۆڕانکاری و چاکسازییەکانی ناوخۆی یەکێتی کردەوە و رایگەیاند "لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربهێنرێن و تێکەڵ بە کێشە کەسی و سیاسییەکان بکرێن، چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لە رێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سوورە و جێگای قبووڵ نییە، دەبێت بە بڕیاڕی دادوەر و لەژێر رێنمایی بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەركەكانتان ئەنجام بدەن، ئەرکی ئێوە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیە، دەبێت کەشێکی لەبار و ژیانێکی ئارام بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان فەراهەم بکەن و هەست بەپارێزراوی بکەن".

س.س
Qaiwan
Qaiwan