راپۆرت

رەمزی نافیع؛ ئەو پیاوەی لەپێناو دەوڵەتی کوردیدا ژیانی بەخشی

مەودا میدیا - سلێمانی |


رەمزی نافیع؛ ئەو پیاوەی لەپێناو دەوڵەتی کوردیدا ژیانی بەخشی
مەودا میدیا-

سەرەڕای هەوڵە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، وڵاتانی زلهێزیش لە هەندێک قۆناغدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان هەوڵییانداوە دەوڵەت بۆ نەتەوەی کورد دابمەزرێنن.

نزیکەی ٨٠ ساڵ پێش ئێستا، ئەڵمانیا لە گەرمترین جەنگدا بوو لەگەڵ نەیارەکانی، لە جەنگی دووەمی جیهانییدا، تیمە هەواڵگرییەکانی سوپا، پەیوەندییان بە هیتلەرەوە کرد و وتیان "گەورەم تەنها بەشی چەند مانگێک سوتەمەنیمان پێماوە بۆ بەردەوامییدان بە شەڕەکە"، هیتلەر دەزگای هەواڵگریی و ناوەندە ستراتیژییەکانی خۆی ڕاسپارد کە پلان بۆ دەربازبوون لەو کێشەیە دابنێن.

کەسێک بەناوی "گۆتفرید یۆهان مولەر" کە پێشتر بۆ کاری سیخوڕیی سەردانی کوردستانی کردبوو وتی "من پێشنیازێکم هەیە"، مولەر بە دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی وت، شوێنێک هەیە ناوی کوردستانە، کراوە بە چوار پارچە و دابەشی سەر چوار وڵات کراوە، بەشەکەی کە خراوەتە سەر عیراق لەژێر دەستی ئینگلیزدایە و خەڵکەکەی کەیفی بە دەسەڵاتی ئینگلیز نایەت، تا ئێرە هەموو شتێک ئاسایی بوو...

بەڵام مولەر لەمە وردتر دوا و وتی: ئێمە دەتوانین لە کوردستانی عیراق راپەڕینێکی جەماوەری دژی ئینگلیز بەرپا بکەین، دەسەڵاتی ئینگلیز راماڵین و دەوڵەتێک بۆ کورد دروستبکەین، بەوەش دەستدەگرین بەسەر بیرە نەوتەکانی کەرکوک و موسڵدا و لەو قەیرانەی سوتەمەنی ڕزگارمان دەبێت.

پلانەکەی مولەر لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیاوە پەسەند کرا، مولەر دەستی بە ئامادەکاریی کرد بۆ ئەوەی لەماوەی چەند مانگێکدا ئەم کارە ئەنجامبدات، سەرەتا تیمێکی سێ کەسی پێکهێنا، خۆی و فەلەکناسێک و ددانکێشێک کە پێشتر سەردانی کوردستانی کردبوو، بوون بە ئەندامی تیمەکە.

ئێستا ئەوەی ماوە تەنها ئەوەیە کەسێکی کوردی وریا و شارەزیان دەست بکەوێت، هاوکاری ئەم پرۆسەیە بکات و لە کاتی دروستکردنی دەوڵەتە کوردییەکەشدا ببێتە دەسەڵاتدار.

رەمزی نافیع و پلانەکەی ئەڵمانیا

گەنجێکی تەمەن نزیکەی ٣٠ ساڵ، کە کوڕی ئاغایەکی بەناوبانگی دەوروبەری هەولێر بوو، لە ئەستەنبوڵ کەوتە داوی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانییەوە و خرایە ناو گروپەکە، ئەو کەسە ناوی ڕەمزی نافیع ڕەشید بوو.

ڕەمزیی؛ کەسێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر بوو، پێشتر لە ڕیزەکانی حزبی هیوادا خەباتی کردبوو، دوای ئەوە ڕەمزی سەردانی ئەڵمانیا دەکات، لەگەڵ مولەر دەمێنێتەوە و لە کۆی پلانەکە تێدەگات و بڕیار دەدات بەشدار بێت لە پلانەکەدا.

کارەکەیان ناو دەنێن "ئۆپەراسیۆنی ماموت" لەماوەی چەند منگێکدا ئامادەکاری تەواو دەکەن و وردەکاری پلانەکە دادەڕێژن، هەر چوار کەسە سەرەکییەکەی ناو تیمەکە بەخۆیان و کەسەرەستەی تەواوی هەواڵگریی و پارەیەکی زۆرەوە، خۆیان لە فڕۆکەیەک دەنێن و ڕوەو ئاسمانی کوردستان بەڕێدەکەون.

ئامانجیان ئەوەیە لە ئاسمانی دەوروبەری ڕەواندوز خۆیان لە فڕۆکەکە بەربدەنەوە و ئاواش دەکەونە ناوچەیەکەوە کە خزم و کەسوکاری ڕەمزی تێدایە و دەست بە جێبەجێکردنی پلانەکەیان دەکەن، کاپتنی فڕۆکەکە ئاماژەیان بۆ دەکات کە گەیشتوونەتە شوێنی ئامانج، یەک لە دوای یەک هەرچوار ئەندامانی تیمەکە بە پەڕەشوت خۆیان هەڵدەدەنە خوارەوە، خۆیان و کەسەرەستەکانیان دەگەنە سەر زەوی.

"بەڵێنمان بە ئینگلیزەکان داوە"

بەڵام لە بەختی ڕەشی کورد، کاتێک چاو دەکەنەوە دەبینن ئەوان لە نزیک دیجلەن لە خوارووی موسڵ، نەک لە ڕەواندوز، ئیتر بەشی سەرەکی پلانەکە کە یەکەم هەنگاویی بوو تێکدەچێت، ناچار دەبن کەسەرەتە و بێتەل و ئامێرەکانیان لە ژێر خاک بشارنەوە بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبن و دەستگیر نەکرێن تا دەگەنە شوێنی مەبەست.

دوای چەندین ڕۆژ و بە چەندین دەردیسەری و مەترسییەوە، تیمە چوار کەسییەکە دەگەنە لای بنەماڵە و خێزانی نافیع ئاغای بابی ڕەمزی، ڕەمزی پلانەکە و شێوازی کارەکەیان بۆ برا گەورەکەی باس دەکات و پێی دەڵێت بەتەمای دروستکردنی دەوڵەتی کوردیین، بەڵام براکەی ئاگاداری دەکاتەوە، کە هەواڵی دابەزینی تیمێکی ئەڵمانیی، بەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە و حکومەت بەدوویاندا دەگەڕێت و وەکو دڕندە بە خەڵک ناسێنراون. 

ناڕەزایەتی خۆی و بابیشی بەو پلانەی دەوڵەتی ئەڵمانیی ڕادەگەیەنێت و دەڵێت "ئێمە بەڵێنمان بە ئینگلیز داوە هیچ کێشەیەکی بۆ دروستنەکەین لەم ناوچەیە".

"کوردێک خیانەتی لە تیمەکە کرد"

تیمەکە بێهیوا دەبن لە هاوکاریی بنەماڵەکەی ڕەمزی، لە ترساندا ڕوودەکەنە شاخەکان و لە ئەشکەوتێک خۆیان حەشار دەدەن، کەسێک بەڵێنیان پێدەدات کە یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە بە قاچاخ بگوازێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ، بۆ ئەوەی لەوێوە پەیوەندی بە دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانییەوە بکەن و بەسەرهاتەکەیان بۆ باس بکەن و پلانی نوێ دابنێن، چوونکە دوای شاردنەوەی ئامێرەکانیان لە ژێر خاکی موسڵدا، ئیتر پەیوەندی تیمەکە لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیی پچڕابوو.

تیمەکە چاوەڕێی گەیشتنی ئەو کەسە دەکەن و دەیانەوێت بەزووترین کات لەو دۆخە ڕزگاریان بێت، بەڵام لەبری ئەو کەسە، گروپێکی سوپای عێراقیی دەگەنە ئەشکەوتەکە و تیمەکە دەستگیر دەکەن، دواتر لە زینداندا ڕەمزی نافیع لەژێر ئەشکەنجەدا تووشی نەخۆشی دەروونی دەبێت و بەهۆیەوە ئازاد دەکرێت و پاشی ماوەیەک کۆچی دوایی دەکات.

بەو شێوەیەش خەونی کورد بۆ بوون بە دەوڵەت لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە لەباردەچێت و تا ئێستاش ئەو خەونە بە وەدینەهاتوویی ماوەتەوە، بەڵام ئایا ڕەمزییەکی تر لە کوردستان هەیە، هەموو شتێکی خۆی تەنانەت ژیانیشی بکات بە قوربانیی بەدیهاتنی ئەو خەونە؟

ب.م

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە