تەندروستی
تەندروستیی سلێمانى بڵاوبوونەوەى پەتایەکى لەناو منداڵاندا راگەیاند
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
تەندروستیی سلێمانى بڵاوبوونەوەى پەتایەکى لەناو منداڵاندا راگەیاند و بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵانیش دەڵێت "داخستنی دەرگای خوێندنگا و قوتابخانە دەبێت دوا شوێن بێت کەبیری لێبکرێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى پەتاکە".
تەندروستیی سلێمانى بڵاوبوونەوەى پەتایەکى لەناو منداڵاندا راگەیاند و بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵانیش دەڵێت "داخستنی دەرگای خوێندنگا و قوتابخانە دەبێت دوا شوێن بێت کەبیری لێبکرێتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى پەتاکە".
بەپێی پێگەى فەرمى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستىی سلێمانى، نیشانەکانى پەتاکە بریتین لە (تا، کۆکە، هەڵامەت، سکچوون، رشانەوە، ئازاری سک و سەرئێشە) هەندێک لە منداڵەکان نیشانەکانیان سووکن و بەشێکی دیکەشیان بەتووندی تووش دەبن، بە گوێرەی شیکارییە تاقیگەییەکان بەشێکیان تووشبووی کۆرۆنان، بەشێکی دیکەشیان پەتای هەڵامەتی ئاسایین.
دکتۆر پشدەر عبدڵڵا، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان رایگەیاند"بەهۆی کردنەوەی دەرگای خوێندنگا و قوتابخانەکان چاوەڕوان کراوە کە ئەو حاڵەتانە زیاد بکات، بەتایبەت کەساڵی پار دەرگای ئەو شوێنانانە داخرابوون و کەمترین تووشبووی منداڵ هەبوو، بۆیە بەشی زۆری منداڵان بەرگرییان بۆ درووست نەبووە بۆ کۆڕۆنا و پەتا وەرزیەکان".
سەبارەت بە بژاردەى داخستنی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانەکاندا، ئەو پزیشکە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "بەدڵنیاییەوە نەخێر لەگەڵ ئەو بژاردەیەدا نین، دوو ساڵی رابردوو گەورەترین زیان بەر پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن کەوت، بۆیە داخستنی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانە ئەبێت دوا شوێن بێت کەبیری لێ بکرێتەوە، ئەویش لەبەر گرنگی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن".
هاوکارت پشدەر عەبدوڵا جەختیکردەوە، لە ئێستادا باشترین رێکار کە بگیرێتەبەر خۆپارێزییە، منداڵان فێر بکرێن کەچۆن خۆپارێزی بکەن.
هەروەها لەبارەی قورس و سووکی پەتاکەوە روونیکردەوە "بەشی زۆریان بەسووکی دەیگرن، بەشێکیشیان نیشانەیان هەر لێ دەرناکەوێت، بەشێکیشیان بە تووندی دەیگرن، بەڵام دوای وەرگرتنی چارەسەر لەنەخۆشخانە دوای چەند رۆژێکی کەم باروودۆخیان باش دەبێت و دەنێردرێنە ماڵەوە".
لە سەر چۆنێتی چارەسەرەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و فراوانی نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، د.پشدەر دەڵێت "بارودۆخ زۆر ئاساییە، توانای نەخۆشخانەکە هەم لەڕووی ژمارەی بێد و ئامێری پێویست و دەرمان و تاقیگەوە هەنگاوی باشی ناوە و دەتوانم بڵێم لە باشترین باروودۆخداین".
ر. ر