کوردستانی

قەیرانی بەنزین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


قەیرانی بەنزین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟
مەودا میدیا-

بە پێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی نەوتی ئێران کە تێیدا داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی وڵاتەکەی دەکات لە ماوەیەكی نزیكدا ناردنی بەنزین و گاز و بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوە رابگرێت، ئەمەش مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستانی لێدەکەوێتەوە، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش  لەو بارەیەوە دەڵێت "بە پێی ئەو پەیوەندییانەی عیراق و هەرێم هەیانە لەگەڵ ئێراندا، رەنگە ئەو بڕیارە عیراق و هەرێمی کوردستان نەگرێتەوە".

کەریم عەلی، سەرۆکی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیارەکەی ئێران کاریگەری نەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەگوێرەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران چاوەڕێ دەکرێت بڕیارەکە عیراق و کوردستان نەگرێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئێران کە لە ئێستادا بەنزین بۆ لوبنان، ئەفغانستان و چەند وڵاتێکی دیکە دەنێرێت خواستی ئەوەی هەیە رایبگرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد"بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت کاریگەری خراپی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە 80% بەنزینی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ لەئێرانەوە هاوردەکرێت و بەوەش گرفتێکی گەورە دروست دەبێت، بۆیە لەم قۆناغەدا باشترین چارەسەر ئەوەیە حکومەتی هەرێم رێژەیەکی بەرچاو لەنەوتی خاو بداتە پاڵاوگەکانی ناوخۆ و بەو شێوەیە بەنزین دابین بکرێت، تا حکومەت خۆی یان بەهاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت پاڵاوگە دروست دەکات".

ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی نەوتی ئێران لەنوسراوەکەیدا کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتیی هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی وڵاتەکەی کردووە تێیدا داوا دەکات لە ماوەیەكی نزیكدا ناردنی بەنزین و گازو بەرهەمە نەوتییەكان بۆ دەرەوە رابگیرێت، ئەو  بڕیارەش مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانی بەنزین لەپارێزگاکانی هەرێم دروستدەکات بەوپێیەی 80% بەنزینی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆ لەئێرانەوە هاوردەکرێت.
ر. ر
Qaiwan
Qaiwan