کوردستانی
هەولێر؛ لە بنکەیەک پرۆسەی دەنگدان راگیرا
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
لە بنکەیەکی دەنگدانی تایبەت لە هەولێر بەهۆی بوونی گرفت لە ئامێرەکان و قەرەباڵخیی زۆرەوە، بۆ ماوەیەک پرۆسەی دەنگدان وەستێنرا.
لە بنکەی یەزداندۆخت لە هەولێر، کێشە لە ئامێرەکانی خوێندنەوەی پەنجەمۆرەکاندا دروستبووە و بەوهۆیەوە قەرەباڵخییەکی زۆر لە دەوری بنکەکە دروسبووە.
بەهۆی زۆری ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی روویان لە بنکەکە کردووە ئاڵۆزی دروستبوو و بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەوە پرۆسەی دەنگدان لە بنکەکە وەستێنرا.
لە ئاڵۆزییەکەدا چەند کارمەندێکی هێزە ئەمنییە پارێزەرەکانی پرۆسەی دەنگدان و چەند دەنگدەرێک رووبەڕووی یەکدی بوونەوە.
ئەمڕۆ رۆژی هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت.
لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس بەشداری دەکەن کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکانن.
بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.
پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.
ب.م
بیروڕا



