کوردستانی

زێرەڤانی: پڕۆسەی دەنگدان وا سستبێت رێژەی بەشداریکردن %40 کەمتر دەبێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


زێرەڤانی: پڕۆسەی دەنگدان وا سستبێت رێژەی بەشداریکردن %40 کەمتر دەبێت
مەودا میدیا-

وتەبێژی فەرماندەیی زێرەڤانیی رایگەیاند پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت و نارازین لێی.

ئاماژەی بەوەشکرد بەپێی ستانداردە جیهانییەکان هەر کەسێک دەبێت لەماوەی 70 چرکەدا دەنگ بدات بەڵام لەم پرۆسەیەدا لانیکەم سێ خولەکی پێدەچێت و لە هەندێک شوێن زۆر لەوە زیاتریشی دەوێت.

روونیشکردەوە ئەگەر پرۆسەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا دەنگدانی تایبەت بە 20 تا 30 تاکژمێریش تەواو نابێت.

ناوبراو باسی لەوەکرد ئەگەر بەم شێوەیە بێت و کێشکە چارەسەر نەکرێت ئەوا رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەت لە رێژەی %40 تێناپەڕێت.

ئەمڕۆ رۆژی هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت.

لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس بەشداری دەکەن کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکانن.

بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.

پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.

ب.م

Qaiwan
Qaiwan