کوردستانی

پارێزگاری دهۆک: بەهۆی خاوی ئامێرەکانی دەنگدانەوە پرۆسەی هەڵبژاردن بە سستی بەڕێوەدەچێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


پارێزگاری دهۆک: بەهۆی خاوی ئامێرەکانی دەنگدانەوە پرۆسەی هەڵبژاردن بە سستی بەڕێوەدەچێت
مەودا میدیا-

پارێزگاری دهۆک رایدەگەیەنێت کاتی دەنگدان بەشی ئەوە ناکات کە هەموو دەنگدران دەنگی خۆیان بدەن، ئاماژەی بەوەشکرد ئامێرەکانی دەنگدان چونکە خێرا نین پرۆسەی هەڵبژاردن بە سستی بەڕێوەدەچێت.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بە ئامێری ئەلکترۆنییە پرۆسەی دەنگدان بە خاوی بەڕێوەدەچێت، ئەمەش وایکردووە وەک پێویست رێژەی دەنگدەران زیاد نەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد "یەکێکی دیکە لە کێشەکان ئەوەیە هەندێک کەس ناوی نەهاتووەتەوە یان ناوی لە شوێنێکی دیکە هاتووەتەوە، ئەمەش بووەتە کێشە بۆ بەشێک لە دەنگدەران".

ئەمڕۆ رۆژی هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت.

لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس بەشداری دەکەن کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکانن.

بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.

پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan