کوردستانی

دوای کاتژمێر شەش چی روودەدات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوای کاتژمێر شەش چی روودەدات؟
مەودا میدیا-

بڕیار وایە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ئەمڕۆهەینی کۆتایی بە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بێت کە لە کاتژمێر 7:00ی بەیانییەوە دەستیپێکردووە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاندووە "بە هیچ شێوەیەک ماوەیەکی درێژ ناکاتەوە و لە کاتی دیاریکراودا ئامێرەکان لەکاردەکەون".

دوای داخستنی سندوقەکان لە هەر وێستگەیەکدا ئەنجامەکان کە بەشێوەی ئەلیکترۆنی هەژماردەکرێن رادەکێشرێن و لە هەر بنکەیەک و وێستگەیەکیش دەنگەکانی ناو سندوقەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە.

بەو شێوەیەش ئەنجامی نافەرمیی هەر وێستگە و بنکەیەک دەست چاودێری لایەنە سیاسییەکان دەکەوێت و بە کۆکردنەوەی سەرجەمییان ئەنجامێکی نزیک لە راستی دەستدەکەوێت.

ئەمڕۆ رۆژی هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەدەچێت.

لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس بەشداری دەکەن کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکانن.

بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.

پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام بێت.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan