کوردستانی

زیاتر لە 175 پێشمەرگە بێبەشبوون لە دەنگدان

مەودا میدیا - سلێمانی |


زیاتر لە 175 پێشمەرگە بێبەشبوون لە دەنگدان
مەودا میدیا-

پرۆسەی دەنگدانی تایبەت کۆتایی هات، بەڵام لە قەزای شەقڵاوە بەهۆی بوونی کێشە لە سیستمی دەنگدان زیاتر لە 175 پێشمەرگە نەیانتوانی بەشداری دەنگدان بکەن.

نەپێی زانیارییەکانی مەودا میدیا، لە قەزای شەقڵاوە سێ بنکەی دەنگدانی تایبەت هەبوون لە یەکێک لە قوتابخانەکان  کە تایبەت بوو بە دەنگدانی پێشمەرگە لە هێزەکانی پشتیوانی یەک بەهۆی تێکچوونی دوو لە ئامێرە هۆشمەندەکانی دەنگدان زیاتر لە 175 پێشمەرگە تاوەکو دوو کاتژمێر بەر لە وەستانی پرۆسەکە نەیانتوانی دەنگبدەن.

ئەمڕۆ هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو.

لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکان و زیندانییەکانن.

بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.

پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی هات.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan