کوردستانی

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیامی نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە
مەودا میدیا-

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پەیامێکی لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت خۆشحاڵم ده‌نگدانى تايبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتايى هات.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی "خۆشحاڵم ده‌نگدانى تايبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان سه‌ركه‌وتووانه‌ كۆتايى هات".

ئاماژەی بەوەشکرد "سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ به‌شداريى فراوانى پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و خوشك و برايانى ئاواره‌. هيوادارم ده‌نگدانى گشتيش سه‌ركه‌وتووانه‌ و بێکێشە به‌ڕێوه‌بچێت".

ئەمڕۆ رۆژی هەینی بەرواری 8ی ئۆکتۆبەری 2021 لە سەرتاسەری عیراق پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بەڕێوەچوو.

لە دەنگدانی تایبەتدا زیاتر لە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس مافی بەشداریکردنیان هەبوو کە ئەوانە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەی ناو کەمپەکان و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەکان و زیندانییەکانن.

بۆ پاراستنی سەلامەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە حکومەتی عیراق نزیکەی 250 هەزار لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییشدا هاتوچۆی نێوان پاریزگاکان قەدەغە دەکرێت بەڵام هاتوچۆی ناوخۆیی ناو لەناو پارێزگاکاندا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

بردنە ژورەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی و کامێرا بۆ ناو وێستگەکانی دەنگدان بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، لە دەنگداندا کارتی زیرەکی بایۆمەتری بەکاردەهێنرێت و دەنگەکانیش بە شێوەی ئەلیکترۆنی جیادەکرێنەوە.

پرۆسەی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەستیپێکردووە و کاتژمێر شەشی ئێوارە کۆتایی هات.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan