کوردستانی

چەمچەماڵ؛ بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە ژنێک گیانیلەدەستدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


چەمچەماڵ؛ بە هۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە ژنێک گیانیلەدەستدا
مەودا میدیا-

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەهۆى بۆردومانی ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوانەوە لە گوندێکى نزیک لە قەزای چەمچەماڵ ژنێکی تەمەن 22 ساڵ گیانیلەدەستدا و دوو کەسى دیکەش بەسەختی بریندار بوون.

سەرلەئێوارەى دوێنێ هەینى، فڕۆکەیەکى بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکى لە گوندێکى نزیک لە قەزای چەمچەماڵ بۆردومان کرد، شەریف رەحیم، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی چەمچەماڵ لەبارەی زیانە گیانییەکانی بۆردومانەکە بە مەودا میدیای راگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو کەس برینداربوون و کەسێکی دیکەش گیانیلەدەستداوە دەستبەجێ تیمەکانمان چونە شوێنی رووداوەکە  بۆ بە هاناچوونی بریندارکان.

ئاماژەی بەوەشكرد،  تەرمى ژنەکە رەوانەى پزیشکى دادى سلێمانى کراوە و دوو بریندارەکەش دۆخى تەندروستییان ناجێگیربووە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کراون.

هەرچەندە تائێستا هیچ لایەنێکى فەرمى ناسنامەى هێرشبەرەکەیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام میدیاکانى نزیک لە پەکەکە وڵاتى تورکیا بە ئەنجامدەرى ئەو هێرشە ناودەبەن، و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش لە بەیاننامەیەکدا داوای لە تورکیا کرد هێرشەکانی بۆ قوڵای خاکی هەرێم و پێشلکردنی سەروەری خاکی عیراق رابگرێت.

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan