کوردستانی

محەمەدی حاجی مەحمود سەرکردایەتیی حزبەکەی بەدرۆ دەخاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


محەمەدی حاجی مەحمود سەرکردایەتیی حزبەکەی بەدرۆ دەخاتەوە
مەودا میدیا-

شەوی رابردوو میدیاکانی نزیک لە پارتی بڵاویانکردەوە کە لە 10 بازنەى هه‌ڵبژاردن کاندیدەکانی حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان كشاونه‌ته‌وه‌ و ئەندامان‌ و لایەنگرانیان دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دیموكراتى كوردستان دەدەن، لە دوای ئەو هەواڵە ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبی سۆسیالیستیش ئه‌و زانیاریانه‌ی پشتڕاستکردەوە و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لەچەند بازنەیەك دەنگ بەكاندیدەكانی پارتی ده‌ده‌ن. دوابەدوای بەیاننامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو حزبە  محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ته‌واوى ئه‌و زانیاریانه‌ی رەتکردەوە و وتی"هیچ كاندیدێكمان نه‌كشاوه‌ته‌وه‌".

شەوی رابردوو کەناڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایانگەیاند "حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان 10 کاندیدی لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کشاندەوە و پشتگیری لە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن"، دوای کەمێک لەو هەواڵە لە راگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی سەركردایەتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند "بڕیاریانداوه‌ لەچەند بازنەیەك‌ لەپێناو بەرژەوەندیی نیشتمانیی دەنگ بەكاندیدەكانی پارتی بده‌ن".

لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستاندا ئەوەش هاتبوو "ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاریدا لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی‌ و یەکخستنی هەوڵ‌ و دەنگەکان لەژمارەیەک لەبازنەکانی هەرسێ پارێزگای سلێمانی‌، هەولێر، دهۆک‌، بازنەکانی شارەزور و هەڵەبجە، پشتیوانیی لەکاندیدەکانی پارتی دیموكراتی کوردستان بکرێت".

لە بەرانبەریشدا لە راگەیەندراوێکدا محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود، سكرتێرى حزبى سۆسیالیست دیموكراتى كوردستان ئەو زانیارییانەی راتکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد "‎ئەو دەنگۆیانە دورن له‌ڕاستیەوە و هیچ کاندیدێكى سۆسیالیستیش نه‌کشاوەتەوە".

سكرتێرى حزبى سۆسیالیست باسی لەوەشکردووە "ئه‌وانه‌ قسەی ناحەزانی سۆسیالیستە، گوایە کاندیدەکانی سۆسیالیست  پاشەکشە دەکەن‌ و خۆیان کاندید ناکەن، بەپێچەوانەوە تەواوی کاندیدانی سۆسیالیست لەتەواوی بازنەکان‌ و پارێزگاکان بەردەوامن لە کۆکردنەوەی دەنگی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان‌ و کۆڵنەدان لەلای کاندیدانی سۆسیالیست مەحاڵە".

محەمەدی حاجی مەحمود ئەوەیشی خستووتەڕوو "ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ تەنها بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەرانی سۆسیالیستە کە نەچن بۆ دەنگدان، بۆیە داوا لەخەڵکی کوردستان‌ و تەواوی ئەندام‌ و لایەنگرو کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان‌ و کەمئەندامان دەکەم دەستبخەنەسەر ویژدانی زیندوی خۆیان‌ و لە رۆژی  10ى 10 هەموتان بچن بەرە و سندوقەکانی دەنگدان‌ و دەنگی خۆتان دووبارە بدەنەوە بەکاندیدانی حزبی شەهیدان حزبی سۆسیالیست".

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan