تەندروستی

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە لە رێگەی پشکنینی سێ مانگی HbA1c

مەودا میدیا - سلێمانی |


چۆنیەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە لە رێگەی پشکنینی سێ مانگی HbA1c
مەودا میدیا-

نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکان و خەڵکانێکی زۆر لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستییەوە دەناڵێنن، چەند رێگەیەک هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەکرە، دکتۆر عارف گۆران چۆنییەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە و رۆڵی پشکنینی سێ مانگی ئاشکرا دەکات.

دکتۆر عارف گۆران، پسپۆری راوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو و پسپۆری ورد لە نەخۆشییەکانی کوێرە رژێنەکان لە نوسینێکدا رایگەیاندوە "زۆر رێگە هەیە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەكرە، یەکێک لەو رێگەیانە پشکنینی خوێنی سێ مانگی (HbA1c)ە، دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە لەكاتێكی زودا، واتە بەرلەوەی نەخۆشیەكە پەرەبسەنێت، یان چاودێریکردنی نەخۆشیەکە لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان ھەیە ئێجگار گرنگە، ھەموو راستییە زانستیەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە کۆنتڕۆڵکردنی شەکرە دەبێتە ھۆی نەھێشتن و کەمکردنەوەی ماکەکانی شەکرە".

ئەوەشی خستووتەڕوو، ئەگەر كەمتەرخەمی بكرێت و درەنگ دەستنیشان بكرێت، کۆمەڵێک چەرمەسەری بۆ نەخۆش دروست دەكات.

دکتۆر عارف گۆران باس لە رۆڵی پشکنینی سێ مانگە HbA1c دەکات:
 
یەکەم: پشکنینی خوێنی سێ مانگی (تەراکومی) رەنگدانەوەی تەمەنی خڕۆکە سورەکانی مرۆڤە، ئەو پشکنینە ئەوەمان پێدەڵێت، کە رێژەی شەکر لە ماوەی سێ مانگ چەند بووە. ساڵانێکی زۆر ئەو پشکنینە بۆ چاودێریکردنی کۆنترۆلی نەخۆشانی شەکرە بەکاردەھێنرا، ھەنووکە ئەو پشکنینە لە زۆرینەی حاڵەتەکان جگە لە ھەندێک حاڵەتی تایبەت نەبێت دەتوانرێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە بەکاربھێنرێت.

دوەم: پشکنینی تەراکومی بە رێژەی سەرووی 6.5%‏ ئەوە دەگەیەنێت کەسەکە نەخۆشی شەکرەی ھەیە، رێژەی 5.7 بۆ 6.4% بە قۆناغی پێش شەکرە دەناسرێت، رێژەی خوار لە 5.7% بە نۆرمال پێناسە دەکرێت.

سێیەم: دیارە رۆڵی گرنگی پشکنینی سێ مانگە جگە لە یارمەتیدان بۆ دەستنیشانکردنی شەکرە بۆ چاودێریکردنی نەخۆشی شەکرەیە، مەبەست لە کردنی ئەو پشکنینە ئەوەیە، كە نەخۆش ئاگاداری دۆخی نەخۆشیەکەی بێت و بەگوێرەی پشکنینەکە چارەسەری گونجاوی بۆ بكرێت، .پزیشکی پسپۆر دەبێت بڕیار لەسەر زیادکردنی دەرمانی پێویست بدات،  ئەگەر کۆنترۆلی نەخۆشیەکە باش نەبێت.
 
چوارەم: لە نەخۆشانی شەکرە ھەوڵبدرێت رێژەی پشکنینی سێ مانگە لە سەرووی 7% نەبێت، دیارە ئەو رێژەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆرێت، بۆ نمونە لە کەسێکی بەتەمەن شتێکی ئاساییە ئەگەر ھەندێک بەرزتریش بێت و لە ھەندێک نەخۆش بە تایبەت لە نەخۆشانی شەکرەی خۆری یەک کارێکی ئاسان نەبێت بگات بەو رێژەیە لەبەر زۆر ھۆکار، لە ھەموو حاڵەتەکان ئەگەر کۆنترۆلی شەکرە باش نەبوو واباشە پزیشکی پسپۆر ببینی بۆ ھەر گۆڕانکاریەکی پێویست لە چارەسەری.

پێنجەم: بۆ ئەو نەخۆشانەی کۆنتڕۆڵی شەکرەیان باش نییەو پێویستیان بە گۆڕانکاری لەچارەسەری دەبێت، وا باشە دوای سێ مانگ پشکنینەکە دووبارە بکەنەوە و کاریگەری چارەسەریەکە ھەلسەنگاندنی بۆ بکرێت، بۆ ئەو نەخۆشانەی شەکرەیان باشتر کۆنتڕۆڵ کراوە دەکرێت دوای شەش مانگ و بە لایەنی کەم سالێ جارێک پشکنینەکە دووبارە بکەنەوە.

شەشەم: بۆ ئەو کەسانەی قۆناغی پێش شەکرەیان ھەیە دەبێت گۆڕانکاری لە شێوازی ژیانیان بکەن و پارێز بکەن و ھەوڵ بدەن کێشیان دابەزێنن و وەرزش بکەن، ئەگەر ئەم رێکارانە سوودی نەبوو ئەوە دەکرێت حەبی مێتفۆرمین بەکاربھێنن چونکە لێکۆڵینەوەکان وا دەردەخەن، کە ئەو دەرمانە دەبێتە ھۆی راگرتنی یاخود دواخستنی سەرھەلدانی نەخۆش شەکرە لەو گروپەی نەخۆش، وەک ھەمیشە پزیشکی پسپۆر دەبێت بڕیار لەسەر ئەو ھەنگاوە بدات.

حەوتەم: چاودێریکردنی شەکرە لەرێگای ئەو ئامێرەی، کە لە ماڵەوە بەکاردەھێنرێت و بە دلۆپێک خوێن رێژەی شەکرە دەست نیشان دەكرێت، کارێکی زۆر پێویستە بۆ نەخۆشانی جۆری یەکەمی شەکرە و ئەو نەخۆشانەی جۆری دووی شەکرەیان هەیە و ئەنسولین یان ھەندێک دەرمان بەکاردەھێنن، بەڵام زۆرینەی ھەرەزۆری نەخۆشانی جۆری دووی شەکرە پێویستیان بە فەحسی خوێن لە ماڵەوە نابێت جگە لە ھەندێک حاڵەتی تایبەت نەبێت، لە زۆربەی کاتەکان جگە لە بەھەدەردانی پارەو ئازاردانی پەنجەکان ھیچ رۆڵێکی نابێت لە دیاریکردنی ھەر گۆڕانکاریەکی پێویست لە چارەسەری.

هەشتەم: بەشێک لە رێکخراوە جیھانییەکانی شەکرە بە باشی دەزانن، کە پشکینین بۆ ھەموو کەسانی سەروو تەمەن 45 ساڵی بکرێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشی شەکرە چونکە دەزانین ژمارەیەکی بەرچاو لە توشبوانی شەکرە ھیچ نیشانەیەکی ئەوتۆیان لێدەرناکەوێت بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتایی نەخۆشیەکە، ھەروەھا ئەو کەسانەی کە زۆر قەڵەون و نەخۆشی شەکرەیان ھەیە لەنێوان ئەندامانی تری خێزانەکانیان دەبێت پشکنینینان بۆ بکرێت تەنانەت ئەگەر لەخوار تەمەنی 45 سالیش بن، بەھەمان شێوە ئەو ئافرەتانەی تووشی شەکرە دەبن لە کاتی دووگیانیدا، دەبێت چاودێری بکرێن، چونکە ئەگەری تووشبونیان بە نەخۆش شەکرە زیاترە بە بەراورد لەگەل ئافرەتانی تری ھاوتەمەنی خۆیان.

نۆیەم: نەخۆشی شەکرە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان لە زیادبوونە،  تێبینی دەكرێت ژمارەیەکی ئێجگار زۆر لە خەڵکی شەکرەیان ھەیە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن، چونکە پشکنینیان بۆ نەکراوە تەنانەت لەو وڵاتانەشدا، کە سیستەمێکی تەندروستی پێشکەوتویان ھەیە بۆ نمونە، لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا مەزەندە دەکرێت نزیکەی یەک ملیۆن کەس ھەڵگری نەخۆشی شەکرەن، بێ ئەوەی پێی بزانن، بۆیە دەبینین لە زۆر وڵاتاندا دەزگاکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە کار لەسەر ھۆشیارکردنەوەی ھاوڵاتییان دەکەن بۆ ئەوەی پشکنین بكەن و هەنگاوی پێویست بگرنە بەر بۆ دەست نیشانكردن وچارەسەرەكردنی نەخۆشیەكە.

دەیەم: دوای دەستنیشانکردنی نەخۆشی شەکرە، ئەگەر بە پارێزکردن کۆنتڕۆڵ نەکرا ئەوا حەبی مێتفۆرمین، کاریگەرترین دەرمانە بۆ جۆری دووەمی نەخۆسی شەکرە، دیارە ئەو دەرمانە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەردەستەو نرخەکەشی گونجاوە، لە پۆستێکی تایبەت زیاتر باسی کاریگەری ئەو دەرمانە دەکەین.

ر. ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن