راپۆرت

گەورەترین پێنج شەپۆلی کۆچبەران لە دە ساڵی رابردوودا

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەورەترین پێنج شەپۆلی کۆچبەران لە دە ساڵی رابردوودا
مەودا میدیا-

هەنگاونان بەسەر رێگە دڕکاوییەکاندا و بازدان بەسەر بەربەستە بەرزەکاندا، مانەوە لەناو دارستانە چڕەکان و سەفەری درێژ بەناو دەریا فراوانەکاندا، ئەمانە هەندێک لەو کارانەن کە کۆچبەرەکان لەپێناو گەیشتن بە ژیانێکی باشتر ئەنجامیدەدەن.

کۆچ... ئەو دیاردەیەی کە بە قوڵایی مێژوودا رۆچووە و بە پانتایی شارستانییەتدا هەڵگەڕاوە.

کۆچ بریتییە لە جێهێشتنی کۆمەڵگەیەک و هەوڵدان بۆ خۆگەیاندن بە کۆمەڵگەیەک کە لە زۆر رووەوە لەلای کۆچبەرەکە پەسەندترە.

لە مێژوودا زۆر جار هەبووە کە کۆچی دەستەجەمعیی و فراوان و بەکۆمەڵ لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا روویداوە و بووەتە جێگەی سەرنج و باسی هەمووان. 

لەم 10 ساڵەی دواییدا چەند شەپۆلێکی کۆچکردنی بە کۆمەڵ هەبوون کە لە ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی گەورەیان هەبووە و بوونەتە هۆی ئەوەی رای گشتی جیهانیی لەبارەیانەوە وەدەنگ بێت.


شەپۆلی کۆچبەرانی سوریا ساڵی 2011

لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی سوریا لە چوارچێوەی بەهاری عەرەبییدا ئاڵۆزی و نالەبارییەکی لەڕادەبەدەر رووی لە دۆخی سوریا کرد و ئەوەش بووە گەورەترین مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکانی مەدەنی لەو وڵاتە.

لە رووداو و ئاڵۆزییەکاندا هەر لە سەرەتاوە نزیکەی 360 هەزار کەس کوژران و ئەوەش زەنگێکی مەترسیداربوو بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە و پەیامێک بوو کە پێی وتن چیتر ژیانتان لە سوریا پارێزراو نییە.

لەکۆی دانیشتوانی سوریادا، نزیکەی شەش ملیۆن کەسیان ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ بوون، ئەو کۆچبەرانەش بەشێکیان بەرەو گەیشتن بە ئەوروپا بەڕێکەوتن و بەشێکیشیان لە وڵاتانی دراوسێ مانەوە، کێشەی کۆچبەرانی سوری تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە و چارەسەر نەبووە.


کۆچی سودانییەکان

شەپۆلی دووەمی ئەم دەیەیە، شەپۆلی کۆچبەرانی باشور سودان بوو کە لە ساڵی 2013 دەستیپێکرد و تا ساڵی 2018 بەردەوامیی هەبوو.

کێشەکە دوای دوو ساڵ لە سەربەخۆبوونی باشوری سودانەوە دەستیپێکرد، لەوکاتەوە شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنەکانی ئەو وڵاتە سەریهەڵدا و ئاواش کێشەی ئەمنی گەورە لە وڵاتەکەدا هاتەئاراوە.

لە ئەنجامی ئاڵۆزییەکاندا بە هەزاران کەس کوژران و بریندار بوون و مەترسی گەورە بۆ سەر ژیانی دانیشتوانی ئەو وڵاتە دروستبوو. 

بەوهۆیەوە زیاتر لە چوار ملیۆن لە دانیشتوانی سودان کۆچیان کرد، کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی دانیشتوانەکەی.

 
شەپۆلی سێیەم، شەپۆلی کۆچبەرە فەنزوێلییەکان بوو

ئەوان لە مەترسییەکانی شەڕ و پێکدادان هەڵنەهاتن، بەڵکوو نالەباری دۆخی دارایی وڵاتەکەیان و دابەزینی بەردەوامی بەهای دراوەکەیان ناچار بە کۆچی کردن.

بەهۆی ئەو دۆخە ئابوورییەی فەنزوێلا دووچاری بوویەوە هاوڵاتیان بە شێوەیەکی گشتی دووچاری سەختی و نالەباری ژیان بوونەوە.

ئابووری فەنزوێلا بوو بە خراپترین ئابووری جیهان، لە ئەنجامدا زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی فەنزوێلا کۆچیانکرد و وڵاتەکەیان بەجێهێشت.


کۆچبەرانی دەریای ناوەڕاست

هەرچی لە شەپۆلی چوارەمە، بە شەپۆلی کۆچبەرانی دەریای ناوەڕاست ناسراوە، ساڵی 2015 شەپۆلێکی سەدان هەزاریی کۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستەوە بەرەو ئەوروپا کۆچیانکرد.

هەرچەندە شەپۆلەکە زادەی کۆچی بەردەوامی ساڵانی پێشوو بوو، بەڵام لە ساڵی 2015دا گەیشتە لوتکە و دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. 

لە شەپۆلەکەدا نزیکەی ملیۆنێک کۆچبەر خۆیان گەیاندە کەناراوەکانی ئەوروپا و کێشەی هەندێکیان تائێستاش بەردەوامیی هەیە.


شەپۆلی پێنجەم

هەرچی لە شەپۆلی پێنجەمە بە شەپۆلی هیندۆراس ناسراوە، شەپۆلەکە لە ساڵی 2018 دا دەستی بە جوڵە کرد و بە سەدان کاروانی کۆچبەرەکانی ئەمەریکای ناوەڕاست کە زۆرینەیان لە هیندۆراسەکان بوون، ڕوویان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد.

ئەوان لە تاو برسێتی و هەژاری و توندوتیژییەکان هەڵهاتن، لە وڵاتانی وەکو مەکسیک و تیگوانیاوە هەوڵی چوونە ناو خاکی ئەمەریکایان دەدا و حکومەتی ئەمەریکیش رێگریی لێدەکردن و کێشەکە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامی هەبوو.

کورد بەسەر شەپۆلەکانەوە

لەدوای ئەو پێنج شەپۆلە گەورەیەی کۆچبەرانەوە، چاوەڕوان دەکرێت شەپۆلی کۆچبەرانی کورد لە نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵەندادا ببێتە یەکێک لە شەپۆلە دیارەکان و مێژوو وەکو رووداوێکی دەگمەن لە دوتوێی خۆیدا هەڵیگرێت.

بەگشتی شەپۆلەکانی کۆچبەران هۆکاری جیاوازیان لەپشتەوەیە، بەڵام لە زۆربەیاندا هۆکارگەلی وەکو؛ هەژاری، خراپی دۆخی دارایی، بێکاری و خراپی دۆخی ئەمنی پاڵنەری سەرەکین...

 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن


News

ئیتر براکان دەستی یەکتر ناگرن

لەلایەن سۆزان حەمەتاتە