کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێن بە خوێندکاران دەدەم گۆڕانکاری گەورە دەکەین

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێن بە خوێندکاران دەدەم گۆڕانکاری گەورە دەکەین
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە لەبارەی ئەو تووندوتیژیانەی بەرانبەر بە خوێندکاران کراوە و دوا لە خوێندکاران دەکات داواتان لێدەکەم بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و یاساشکێنی.

لە پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی هاتووە "ئەو توندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆر نیگەرانی کردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم، کە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن  لەپێناو نەکوژانەوەی چرای زانست و بژێوی ژیانیان و لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەکرد".

ئاماژەی بەوەشکردووە "داواتان لێدەکەم بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە توندوتیژی و یاساشکێنی، رێمەدەن کەسانی ھەلپەرست داوا رەواکانی ئێوە بە لاڕێدا بەرێت ئەمە خزمەت بە خواستەکانتان ناکات، داوام وایە قەت ئەم رێگایە ھەڵنەبژێرن و بیری لێنەکەنەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "بەڵێنیشتان پێدەدەم کە گۆڕانکاری گەورە دەکەین لە پێناو داھاتووی ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانتان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان، لەمەودوا نزیکتر لەگەڵ توێژی گەنجان و خوێندکاران پێکەوە کاردەکەین لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان بۆ ھەر داھێنان و سەرکەوتنێک، داکۆکیکاری بەدیھێنانی ئاواتەکانیشتان دەبم".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan