کوردستانی

جەبار یاوەر: ئەگەر حکومەتی عیراق رەزامەند بێت دەتوانین کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەین کە داعشی لێیە

مەودا میدیا - سلێمانی |


جەبار یاوەر:  ئەگەر حکومەتی عیراق رەزامەند بێت دەتوانین کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەین کە داعشی لێیە
مەودا میدیا-

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەگەر حکومەتی عیراق رەزامەند بێت دەتوانین کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەین کە داعشی لێیە، ئاماژە بەوەشدەکات هێزەکانی عیراق شارەزای جوگرافیای بەشێک لە ناوچەکان نین.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە "ئەگەر حکومەتی عیراق رەزامەند بێت دەتوانین کێوماڵی ئەو ناوچانە بکەین کە داعشی لێیە، لەبەرئەوەی ئەو ناوچانە ناوچەی جێناکۆکن، پێشتر هێزی کوردستانی لێبووە تا 2017، بەڵام پاش ئەو لەشکرکێشیەی کرایە سەر پێشمەرگە لەو سنوورانە لە سەردەمی حەیدەر عەبادی پێشمەرگە لەو ناوچانە کشانەوە تا شەڕێکی خوێناوی گەورە دروست نەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "بێگومان ئێستا ئەو ناوچانە بۆشایین ناتوانین هیچ چالاکیەکی سەربازی لەو ناوچانە ئەنجام بدەین لەبەر ئەوە ئێستا ئێمە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ عیراق بچین کۆتایی بە بوونی داعش بهێنین لەو ناوچانە".

باسی لەوەشکردووە "لە دوای کشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەکانی کەرکوک، دیالە، هەولێر، موسڵ، سەڵاحەدین، بۆشایی دروست بوو، هێزەکانی عیراق توانای پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان نییە، هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنیان نییە، بەهۆی ئەوەی ئەو هێزانە جۆراو جۆرن، جگە لەوەی شارەزای جوگرافیای ناوچەکەیان نین".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan