راپۆرت

فەتانە؛ چریکەی ئەوینێکی ناکام

مەودا میدیا - سلێمانی |


فەتانە؛ چریکەی ئەوینێکی ناکام
مەودا میدیا-

دەمێ لایلایە بۆ دڵی دەکات و دەیەوێت لە سینەیدا بیخەوێنێت، گاهێ گۆرانی بەسەر یاریدا دەڵێت کە لە کانی دێتەوە، ئەو هونەرمەندە کە لە دووری ئەوینەکەیدا بیمار دەبوو، بە ئاوازێکی غەمگین دەیپرسی "ئەی دڵی غەمینم بۆچ بێقەراری؟..".

فەتانەی وەلیدی؛ چریکەی ئەوینێک کە بە ساوایی لەپێکەوت

فەتانەی وەلیدی یەکێکە لەو هونەرمەندە بەناوبانگانەی کە لە مێژووی هونەری رەسەنی کوردیدا ناوی نەخشێنراوە و هەرگیز لەبیر ناکرێت، ئەو 56 گۆرانی جیاوازی وتووە، بەڵام تەنها کەمتر لە 10 دانەیان بڵاوبوونەتەوە و ئەوانی دی کەس نازانێت چیان بەسەر هاتووە.

چیرۆکی ژیانی فەتانە ساڵی 1953 دەستپێدەکات، فەتانە لە شاری سنە و لە خێزانێکی هونەردۆست لەدایکبووە، باوکی فەتانە گۆرانیبێژ بووە و کەمانی ژەنیوە، هەر لە منداڵیەوە فەتانە لەلای حەسەن کامکار دەست بە فێربوونی وانەکانی میوزیک دەکات.

لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە دەستی بە گۆرانی وتن کرد و لە رادیۆی سنە گۆرانییەکانی تۆمار دەکرد، بۆ ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی کوردی، گۆرانیی وتن تەنانەت بۆ پیاوانیش وەکو کارێکی نەشیاو سەیردەکرا، بەو هۆیەوە فەتانە رووبەرووی جۆرەها توانج و تانە و کاری نەشیاو بوویەوە.

ئەوینە ناکامەکە

فەتانە لە گەنجیدا دەکەوێتە داوی ئەوینێکی بێئاکامەوە، ئەوینەکەی سەرتاپا ژیانی داگیردەکات، بێئاکامبوونی ئەوینەکەی، بە تەواوەتی هەرەس بە هیواکانی فەتانە دەهێنێت.

دووچاری دۆخێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی نەخوازراوی دەکاتەوە و وردە وردە فەتانە دورەپەرێز دەبێت و حەزی بە بینینی هیچ کەسێک نامێنێت.

فەتانەی وەلیدی بەو هۆیەوە لە گۆرانی وتن دووردەکەوێتەوە، ئاواش کۆتایی بە دابارینی بارانی ئاواز و شنەی هەستەکانی دێت.

لەوکاتەوە هەنگاو هەنگاو دۆخی فەتانە رووی لە خراپییە، ئێستا ئەو نە لە ماڵی خۆیەتی، نە لە ناوەندێکی تایبەتی خزمەتکردن بە هونەرمەندان، ئەو ئێستا لە خانەیەکی تایبەتی بە کەسانی دەروننەخۆشە و لەوێ لەگەڵ برایەکیدا کە هەمان نەخۆشیی هەیە دەژی و لەلایەن کارمەندانی ناوەندەکەوە خزمەت دەکرێت. 

لەسەر داوای کەسوکارەکەی رێگە نادرێت هیچ رۆژنامەنووس و راگەیاندنێک بچێتە ئەو خانەیە و جاوپێکەوتن لەگەڵ فەتانە ئەنجامبدات.

 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن