کوردستانی

نوێترین لێدوان لەبارەی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک لە نۆرینگەیەکی چەمچەماڵ

مەودا میدیا - سلێمانی |


نوێترین لێدوان لەبارەی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک لە نۆرینگەیەکی چەمچەماڵ
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

درەنگانی شەوی رابردوو لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی هاوڵاتییەکی تەمەن 46 ساڵ گیانی لەدەستدا و بەپێی وتەی کەسوکارەکەی ئەو هاوڵاتییە لە یەکێک لە نۆرینگەکانی قەزاکە دەرزی بەکارهێناوە.

شەریف رەحیم، وتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ لەبارەی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک بە دەرزی بە مەودا میدیای راگەیاند "درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەکی سەنگاوییەکانی قەزای چەمچەماڵ ئاگادارکراینەوە بە بوونی تەرمێک کە بەپێی وتەی کەسوکارەکەی بەهۆی لێدانی دەرزی لە نۆرینگەیەک گیانی لەدەستداوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "تەرمەکە هێنرایە سەنتەری فریاکەوتنی چەمچەماڵ و دواتر بە مەبەستی توێکاری و لێکۆڵینەوەی زیاتر رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کرا، بۆیە تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرنەچن ناتوانین بڵێین هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو هاوڵاتییە بەهۆی لێدانی دەرزییەوە بووە".

وتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ وتی "ئەو کەسەی نۆرینگەکەی داناوە کارمەندێکی تەندروستیی خانەنشین بووە و دیارە مۆڵەتی دانانی نۆرینگەی وەرگرتووە، بۆیە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە ناوی (م، م، م) و تەمەنی 46 ساڵە و خێزاندارە، دیارە نەخۆشبووە بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی ئەو نۆرینگەیەی کردووە، بۆیە جارێ نازانین هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی چی بووە".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan