کوردستانی

لەبارەی ئاهەنگەکانی شەوانە لە هەولێر چەند بڕیارێک دەرکرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی ئاهەنگەکانی شەوانە لە هەولێر چەند بڕیارێک دەرکرا
مەودا میدیا-

پارێزگای هەولێر بۆ رێكخستنی ئاهەنگی شەوانە و بەمەبەستی رێگەگرتن لە دیاردەی ناشرین و رووداوی ‏نەخوازراو، چەند بڕیارێكی دەركرد.‏

ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی کانوونی دووەم بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونى هێمن ‏قادر، جێگرى پارێزگار لەدیوانى پارێزگا کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە رێکخستنى کار و ‏پڕۆگرامى ئاهەنگى شەوانەى (هوتێل، رێستورانت، باڕ و هۆڵەکان).‏

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە "لەپێناو بەرژەوەندیى گشتى و بەمەبەستی ‏رێگەگرتن لە دیاردەى ناشرین و دوور لە ئادابى گشتى و روونەدانى رووداوى ‏نەخوازراو و پاراستنى داب و نەریت و رێکخستنى کار و پڕۆگرامى ئاهەنگەكانی شەوانە ‏چەند بڕیارێك دران لەوانە:‏

یەکەم/ مۆڵەتى کارکردنى گەشتیاریى ئاهەنگگێڕانى شەوانە، تەنها دەدرێت بە هاوڵاتییانى ‏هەرێمى کوردستان.‏
دووەم/ بەکارهێنانى مۆڵەتى کارکردن تەنها لە (هوتێل، رێستورانت، باڕ، هۆڵەکان)ى ‏چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە دەبێت.‏
سێیەم/ نابێت خاوەن مۆڵەت بەبێ پشتگیری (بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی رۆشنبیرى و ‏هونەرى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر) رێگە بە گۆرانیبێژ و ‏هونەرمەندان بدات بۆ گۆرانى وتن لە ئاهەنگى شەوانە. ‏
چوارەم/ دەبێت خاوەن مۆڵەت لە ئاهەنگى شەوانە بەڕێژەى (50%) بەشدارى بە ‏هونەرمەند و گۆرانیبێژى کوردستان بکات. ‏
پێنجەم/ دەبێت شوێنى ئاهەنگگێڕانى شەوانە رووپۆشکرابێت بە بەربەستى دەنگ (عازل ‏الصوت). ‏
شەشەم/ دەبێت خاوەن مۆڵەت گرێبەست لەگەڵ گۆرانیبێژ و هونەرمەند بکات، نابێت ‏گۆرانیبێژ و هونەرمەندیش جگە لەو رێکكەوتنەى کە لەگەڵ خاوەن مۆڵەت کردوویەتى، ‏لە هیچ هۆڵ و شوێنێکى دیکە کاربکات. ‏
حەوتەم/ تەمەنى ئەو کارمەندانەى لەو شوێنانە کاردەکەن دەبێت لەسەرووى (20) ساڵ ‏بێت. ‏
هەشتەم/ ئاهەنگى شەوانە تاوەکو کاتژمێر (1)ى شەو رێگەپێدراوە، بەپێچەوانەوە ‏سەرپێچیکار رێکارى یاسایی دەگیرێتەبەر.‏

هەروەها چەند بڕیارێكی دیكەی بڵاوكردووەتەوە لەوانە، لەکاتى ئاهەنگگێڕان، هەڵدانى ‏پارە، ناوهێنانى کەسایەتییەکان، هەڵسوکەوتى بێزارکەر بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە، ‏هەروەها چوونەژوورەوەى كەسی خوار تەمەن (18) ساڵ بۆ ئاهەنگى شەوانە بەهەموو ‏شێوەیەک قەدەغەیە، جگە لە ئاهەنگى خێزانىی تایبەت نەبێت.‏

هەر بەپێی بڕیارەكان، جگە لەو گۆرانیبێژ و هونەرمەندانەى گرێبەستیان لەگەڵ کراوە بۆ ‏گۆرانى وتن، چوونە سەر ستەیج و گۆرانى وتن بەهەموو شێوەیەک بۆ هەموو کەسێک ‏قەدەغەیە، قومارکردن بە ئامێر، سەرجەم شێوە و شێواز و جۆرەکانیەوە بە هەموو ‏شێوەیەک قەدەغەیە و خواردنەوەى مادە کحولییسەکان (مەشروب) لەسەر شەقام، باخچە، ‏پارک، ناو ئۆتۆمبێل، شوێنەگشتییەکان، بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە).‏

ر. ب
Qaiwan
Qaiwan