کوردستانی

بڕیاردرا ژمارەی بێهاوتای كەسی بۆ سەرجەم مووچەخۆران دروستبكرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیاردرا ژمارەی بێهاوتای كەسی بۆ سەرجەم مووچەخۆران دروستبكرێت
مەودا میدیا-

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەی باڵای بایۆمەتری کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی کارەکانی قۆناغی دووەمی بایۆمەتری.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند "وەک چۆن ئێستا فەرمانبەرانی کەرتی شارستانی حکومەت خاوەنی ژمارەی بێھاوتای کەسین، دەبێت کاریش بۆ کەرتی سەربازیی و مووچەخۆرانی دیکە بکرێت بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ھەمان ژمارە کە ژمارەیەکی تایبەتە بە ھەر مووچەخۆرێک،‌ ھاوکاریش دەبێت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە مووچەخۆران کە یەکێکیان کردنەوەی ھەژماری بانکییە بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە بە ئەلیکترۆنی بکرێت".

لە بارەی دابەشکردنی مووچەش بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی و گونجاو بڕیاردرا، لەسەر بنەمای داتاکانی بایۆمەتری کار بۆ رێکخستنی سیستمێکی ئەلیکترۆنی بکرێت کە مووچەی پێ دابەش بکرێت، بڕیاریشدرا ئەندامانی سەندیکای پارێزەرانیش تۆمار بکرێن و دواتر سەندیکا و چین و توێژەکانی دیکەش کار بۆ تۆمار کردنیان بکرێت.

لە ئێستاشدا لیژنەی باڵای بایۆمەتری لە ‌جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمیدایە کە ئەرکە سەرەکییەکانی دروستکردنی ژمارەی بێھاوتای کەسی و رێکخستنەوەی پەیکەری حکومەتی ھەرێم و دابەشکردنەوەی میلاکاتە بەسەر دامودەزگاکانی حکومەتی ھەرێم بە شێوەیەکی زانستیانەتر و دابەشکردنی مووچە بە سیستمێکی ئەلیکترۆنی و نەھێشتنی ڕۆتین.
ر. ب

Qaiwan
Qaiwan