راپۆرت

سەرۆكایەتی كۆمار... ئەو پۆستەی كە پارتی شەڕی لەسەر دەكات و ناشیەوێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


سەرۆكایەتی كۆمار...  ئەو پۆستەی كە پارتی شەڕی لەسەر دەكات و ناشیەوێت
مەودا میدیا – گۆران قادر

پارتی دیموكراتیی كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار ململانێیەكی توند دەكات، بەڵام بۆ خودی پۆستەكەی نیە، بەڵكو بۆ ئەوەیە كە لە هەرێم پارێزگاری لە پۆستەكانی بكات و لە بەغداش زۆرترین ئیمتیازات وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەستی بە مانۆڕێكی سیاسی گەورە كردووە و تا دواین هەنگاو دەڕوات. 
پارتی لە خولی پێشوو و بۆ ئەم خولەش، نیازی خۆی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عیراق نەشاردۆتەوە، جاروباریش باس لە كاندیدی بەهێزی خۆیان دەكەن و لەوەش زیاتر بەفەرمی بە مافی خۆیانی دەزانن كە ئەو پۆستە وەربگرن، بەڵام بە سەیركردنی دانوستان و ململانێكانیان دەردەكەوێت، كە شەڕەكەیان بۆ وەرگرتنی سەرۆكایەتیەكە نییە، بەڵكو لە راستیدا بۆ وەرگرتنی پۆستی دیكەی گرنگە لە عیراق، هەروەها بە بەكارهێنانی ئەم كارتە مەبەستیانە پارێزگاری لە پۆستەكانی خۆیان لە هەرێم بكەن، كە ئێستا زۆرینەیان بەدەست خۆیانەوەیە، بۆیە لەم روانگەیەوە ململانێ لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەن.
ئەوەی بۆتە مایەی دڵخۆشی بۆ پارتی، ئەوەیە كە یەكێتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستەكە و نەگۆڕینی كاندیدەكەی، ئەمەش وا دەكات زۆرترین ئیمتیازات بەدەستبهێنێت، خۆ ئەگەر یەكێتی پۆستەكە ڕەت بكاتەوە، یان ئەوەندە سوور نەبێت لەسەری، ئەوە لە بەرژەوەندی خۆی دەبێت و ئەو هاوسەنگیەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا وەك درووشم بەكاریدەهێنا، دەكاتە واقیع. ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانكارییەوە دەبێت لە پۆستەكانی عیراق و هەرێم روودەدات و لە بەرژەوەندیشی دەبێت.
ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار رەتبكاتەوە، چی روودەدات؟
یەکەم/ یەكێتی ئەگەر پۆستی سەرۆك كۆمار رەتبكاتەوە، لەبەرانبەردا پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، یان حكومەت لە كوردستان وەردەگرێت، بەمەش ئەو زۆرینەیە رەهایەی كە ئێستا لە هەرێم هەیە كە وەك ڕۆژنامە ئەمریكیە بە (بارزانیستان)ناوی هێناوە نامێنێت، هەروەها دەتوانێت زیاتر لە ئێستا كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی هەرێم هەبێت.
دووەم/ ئەگەر سەرۆكایەتی كۆمار وەرنەگرێت، ئەوە چەندین پۆستی گرنگ لە بەغداد وەردەگرێت، وەك وەزیری دەرەوە یان دارایی، نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، كە دەتوانێت هێندەی سەرۆكایەتی كۆمار سوود لە وەزارەتی دەرەوە وەربگرێت، هەروەك چۆن هۆشیار زێباری كردی بە دەروازەیەك بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی پارتی بە جیهانی دەرەوە.
سێیەم/ سەرۆك كۆماری ئێستا و پێشووتریش هێندەی رەخنەیان لێدەگیرێت، هێندە دەستخۆشیان لێناكرێت، ئەمەش بۆ خودی پۆستەكە دەگەڕێتەوە كە تەشریفاتیە، هەروەها هەریەك لە (د. فوئاد مەعسوم) و (د.بەرهەم ساڵح) هەر یەكەیان بە هۆكارێك نەبوونە جێی ڕەزامەندی یەكێتیەكان، بۆیە گرنگە ئەو پۆستە رەتبكرێتەوە، چونكە لەلایەك دڵی جەماوەرەكەی دەداتەوە، لەلایەکیش كۆتایی بەو رەخنانە دەهێنێت كە لەو دوو كەسایەتیە دەگیران.
چوارەم/ بە چوونی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغذا، یەكێتی كۆتایی بەو قەومچێتیەی پارتی دەهێنێت، كە جاروبار لە كاتی پێویستدا ختوكەی هاوڵاتیانی كوردستانی پێدەدات.
پێنجەم/ بە واقیع هاوسەنگی بۆ دەسەڵاتی هەرێم دەگێڕێتەوە، هەروەها لە بەغداش كاریگەری خۆی لەدەستنادات، چونكە لە بەغدا زیاتر بابەتەكە نەتەوەییە نەك حزبی، بەمە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێمیش دەپارێزێت، كە ئێستا بەهۆی هەژموونی پارتییەوە رەخنەی زۆر لە دەسەڵاتەكانی حكومەت و دامەزراوەكان دەگیرێت.
شەشەم/ یەکێتی دەتوانێت سوودی زیاتر لە بەرهەم ساڵح وەربگرێت، هەروەك چۆن لە كاتی سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمدا سودی لێوەرگرت. 
ئەوەی گرنگە لەم ململانێیەدا بووترێت، ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئێستا لەلایەن میدیاكانی ئەمەریكاوە فشارێكی زۆری لەسەرە، هەروەها برێت ماكگۆرك رێكخەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە ئەنجومەنی نەتەوەیی ئەمەریكا، نەچووە پیرمام و چاوی بەسەرۆكی حكومەت نەكەوت، ئەمە لە بۆشایی و خت و خۆڕایی نییە، پەیامێكە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، كە ئەمریكا نیگەران و توڕەیە. بۆیە ئەمە دەكرێت وەك خاڵێكی ئەرێنی بەئاراستەی گۆڕانكاری لە پۆستەكانی هەرێم سەیر بكرێت. ئەو دابەشبوونەی لە دوای ساڵی (2005)وە لە هەرێم و بەغدا، هەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت، ئەم گۆڕانكاریەش زۆر نزیكە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و دەسەڵاتی هەرێمیش كۆتایی پێبێت.
ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆك كۆمار ڕادەستی پارتی بكات، ئەوا پارتی هەڵوێستی چی دەبێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا دەكات؟
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان