کوردستانی

ئومێد خۆشناو: ئەو بڕەپارەیەی حکومەتی عیراق رەتدەکەینەوە و وەریناگرین

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئومێد خۆشناو: ئەو بڕەپارەیەی حکومەتی عیراق رەتدەکەینەوە و وەریناگرین
مەودا میدیا-

پارێزگاری هه‌ولێر ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌ربگرێت، كه‌ ئه‌مڕۆ به‌غدا بۆ هاوكاریكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی لافاوەکەی هەولێر تەرخانیکرد.

لە راگەیەندراوێکدا ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هه‌ولێر ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ "پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستى چاوەڕوانى و قەبارەى زیانەکان نییە، سەرەڕاى رەتکردنەوەى ئەو بڕەى بۆمان دیاریکراوە کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرین، بێ هیوابوونى خۆمان لە هاوکاریکردنى حکومەتى عیراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبوڵ ناکەین".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:-

دواى ئەوەى ئەو کارەساتەى لە رۆژى هەینى 2021.12.17 بەهۆى لافاوەوە بەسەر شارەکەمانداهات، کە سەرەڕاى زیانى گیانى قەبارەى زیانە مادیەکانیشى زۆر گەورە بوون ئەوە جگە لەزیانەکانى کەرتى گشتی کە تەنها زیانى هاوڵاتییانى زەرەمەند بەبڕى (20) تاوەکو (21) ملیار دینار خەمڵێندراوە، بۆیە بۆ بەهاناوەچوونى زیانلێکەوتووان وەک مافێکى یاسایی خۆمان داواکاریمان پێشکەش بە حکومەتى عیراقی فیدراڵ کرد تاوەکو لەبودجەى فریاکەوتن کە مانگانە لە بودجەى دیاریکراوى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت ئەو بەشەى کەمافى هەرێمى کوردستانە بۆمان بیگەڕێنەوە.

بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ 2021.12.21 لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیرانى عیراقی فیدرال بڕیاردراوە بڕى (2) ملیار دینار بۆ هەولێر بنێردرێت، کە ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لە چاوەڕوانى ئێمەدا نەبوو لەبەرانبەر قەبارەى ئەو زیانە گەورەیەى بەهۆى کارەساتێکى سروشتییەوە بەسەر شارەکەمان داهاتووە.

بۆیە وێڕاى ئەوەى ئەوپەڕى ناڕەزایەتی خۆمان بەرانبەر بەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیرانى عیراقى فیدراڵ دەردەبڕین، پێمان وایە ئەو بڕیارە بەهیچ شێوەیەک لە ئاستى چاوەڕوانى و قەبارەى زیانەکان نییە، سەرەڕاى رەتکردنەوەى ئەو بڕەى بۆمان دیاریکراوە کە بەهیچ شێوەیەک وەریناگرین، بێ هیوابوونى خۆمان لەهاوکاریکردنى حکومەتى عیراقی فیدراڵ نیشان دەدەین و ئەو بڕە پارەیەش قەبوڵ ناکەین، دەخوازین ئەنجومەنى وەزیرانى عیراقی فیدراڵ چاوو بە بڕیارەکەیان بخشێننەوە، چونکە ئەوەى داوامان کردووە مافێکى یاسایی ئێمەیە و بەخێر پێمان نادرێتن کە مانگانە بەناوى خەرجی سیادى لە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و ئێستاش لەو کاتەى کە پێویستمان پێیەتى دەبێت بۆمان بگەڕێننەوە.

ر. ئ

Qaiwan
Qaiwan