کوردستانی

گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییانی نۆکەندی ئینگلیز دواخرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانییانی نۆکەندی ئینگلیز دواخرا
مەودا میدیا- 

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، بڕیاربوو بەرەبەیانی سبەینێ تەرمی قوربانییانی نۆکەندی ئینگلیز بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام گەشتەکە دواخراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی کانوونی یەکەم ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە مەودا میدیا راگەیاند "بەهۆکاری کێشەیەک ئاگادارکراوینەتەوە کە گەشتی ئەو فڕۆکەیەی تەرمی کۆچبەرانی کوردی تێدایە، لە ئیستەنبوڵەوە بۆ هەولێر دوادەکەوێت".

بڕیاربوو تەرمی 16 کۆچبەری کورد لە فەڕەنساوە بۆ ئیستەنبوڵ و لەوێوە بۆ هەولێر بگەڕێندرێتەوە و بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاتژمێر 3:35 خولەک بگەنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام گەشتەکە دواخراوە.

پێشتر جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو، کاژمێر 3:35 خولەكی بەرەبەیانی رۆژی ھەینی 24ی كانوونی یەكەم تەرمی ئەو 16 قوربانییەی لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە 24ی تشرینی دووەم بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan