کوردستانی

چەند رێنماییەک سەبارەت بە پشووەکانی سەری ساڵ

مەودا میدیا - سلێمانی |


چەند رێنماییەک سەبارەت بە پشووەکانی سەری ساڵ
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رۆژانی پشووی سەری ساڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا چەند رێنماییەکی دەرکرد و ئاماژەی بەوەکردووە، نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەکان رادەسپێرێت کە تەنھا ئێشکگری دەبێت بۆ کارئاسانی ھاوڵاتییان و بەرژەوەندی گشتی.


دەقی راگەیەندراوەکە:

ئامادەکاریەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ رۆژانی پشووی جەژنی حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی 2022 لە ھەرێمی کوردستان.

بەبۆنەی سەری ساڵی زاینینی و جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح، پیرۆزبایی لە کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، پزیشکان، پەرستاران، کارمەندانی تەندروستی و سەرجەم ھاوڵاتییان دەکەین، ھیواخوازین ساڵی ئایندە ببێتە ساڵی خۆشگوزەرانی و ھیوای تەندروستییەکی باش بۆ ھەموولایەک دەخوازین. 

ھاوڵاتییانی بەڕێز و دام و دەزگاکانی تەندروستی ئاگاداردەکەینەوە کەوا رۆژانی پشووی فەرمی ھەمان رۆژانی پشووی راگەیاندراوە کە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێکەوتی (25/12/2021) دەست پێ دەکات تاکوو (2/1/2022) کە یەکەم رۆژی دەوام دەبێت بۆ ئەم مەبەستە نەخۆشخانە و دامودەزگا تەندروستییەکان رادەسپێرێت کە تەنھا ئێشکگری دەبێت بۆ کارئاسانی ھاوڵاتییان و بەرژەوەندی گشتی بەپێ ی ئەم رینماییانەی خوارەوە:. 

1- پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە بەستنی ماسک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی لە قەرەباڵغی و بایەخدان بە پاکوخاوێنی تاک بەتایبەت دەست شوشتن. 
2- پابەندبووون بە وەرگرتنی ڤاکسین لە لایەن ھاوڵاتییان لە سەنتەرەکانی پێدانی ڤاکسین.
3- لە رۆژانی پشووی سەری ساڵ سەرجەم سەنتەرەکانی وەرگرتنی ڤاکسین کراوە دەبێ بۆ پێشوازی لەو ھاوڵاتییانەی کە مەبەستیانە ڤاکسین وەربگرن. 
4- فریاکەوتنەکان (24) کاتژمێرکراوە دەبن بەشێوەی ئێشکگری.
5- دەوامی نەخۆشخانەکان بەشێوەی ئێشکگری دەبێت. 
6- نۆرینگە دەرەکییەکان کراوە دەبن لە رۆژانی پشوو. 
7- راوێژکارییە (24) کاتژمێرییەکان کراوە دەبن بە پێ ی خشتەی دەوامکردنیان لە لایەن بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکان دیاری دەکرێت. 
8- سەنتەرەکانی شووشتنی گورچیلە بەردەوام کراوە دەبێت بەشێوەی ئێشکگری کە لەلایەن بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکان دیاری دەکرێت. 
9- تیمەکانی فریاگوزاری و ھێلی (122) بەردەوام دەبن لە ئەرک و کارەکانیان بەشێوەی (24) کاتژمێری وە بەھۆی پزیشکی فریاکەوتن خشتەی دابینکردنی تیمەکانی دادەنێت بۆ شوێنەکانی پێویست و گەشتیاری. 
10- لەکاتی پێویستدا کۆگاکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی کراوە دەبن لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان.
11- تیمەکانی (پشکنینی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و نەخۆشییە گوازرەوەکان و چاودێری تەندروستی) بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکانیان. 
12- پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئاوەرەکان لە کەمپەکان بەردەوم دەبێت. 
13- پابەندبوونی پزیشکانی پسپۆڕ و نیشتەجێ ی دێرین و خولاو و پەرستار و کارمەندانی تەندروستی بە دەوامی ئێشکگری لە رۆژانی پشوودا. 
14- ھێلەکانی مۆبایلی بەڕێوەبەر و بەپرس و وەرگری بەشەکان کراوە دەبن و وەڵامی پەیوەندییەکان دەدرێنەوە لە رۆژانی پشوو. 
15- لێژنەکانی بەدواداچوون لەسەرجەم بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکان و نەخۆشخانەکان بەردەوام دەبن بۆ بەدواداچوونی دەوامی نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستییەکان.

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی ھەرێمی کورستان
25 دیسێمبەر 2021

ر. ئ. 

Qaiwan
Qaiwan