عارف قوربانی

عارف قوربانی

ئەو هەڵەیەی دووبارە دەبێتەوە

نازانم له‌ناو میللـه‌تانی دیكه‌ش وایه‌ یاخود هه‌ر ئێمه‌ی كورد واین كه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ڵه‌كانی خۆشمان ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی مێژووەوە، دان به‌وەدا نانێین ئه‌وه‌ ئێمه‌ین هه‌ڵه‌یه‌ك دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، یان به‌ رێگەیه‌كی هه‌ڵه‌دا ده‌ڕۆین، به‌ڵكو راسته‌وخۆ نیگه‌رانی له‌ به‌ختی كورد ده‌رده‌بڕین كه‌ گوایە مێژووه‌كه‌ی زوو زوو خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌. 
 
له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ یه‌كه‌م ئه‌زموونی بزاوتی چه‌كداریی كورد، به‌هۆی ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی نێوان رابه‌رانی بزووتنه‌وه‌كه‌وه‌، كوردایه‌تی درزی تێكه‌وت. بوونه‌ دوو ئاراسته‌ی سیاسیی جیاواز و به‌ دوو هێزی چه‌كداری ناكۆك و دژ به‌یه‌ك. له‌وێوه‌ مێژووی كورد به‌ ئاقارێكی دیكه‌دا رۆیشت، هیچ گومانێك له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و رووداوانه‌ به‌وجۆره‌ نه‌بووان مێژووی كورد به‌وجۆره‌ نه‌ده‌بوو كه‌ له ‌لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا نووسراوه‌ته‌وه‌. به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی به‌سه‌ر میللـه‌ته‌كه‌ و ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر سرووشتی كوردستانیشدا هاتوون، هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ڵانه‌ی سیاسییه‌كانی ئه‌وكات كردوویانه‌. 

ئه‌وه‌ی واده‌كات رووداوه‌كان دووباره‌ ببنه‌وه‌، دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژوو نییه‌، به‌ڵكو په‌ند وه‌رنه‌گرتنه‌ له‌ مێژوو. رۆیشتنه‌ به‌سه‌ر هه‌مان رێگەی هه‌ڵه‌دا، كه‌ ده‌مانگه‌یێنێتە هه‌مان ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی له‌ رابردوودا زیانمان لێكردووه‌، واده‌زانین ئه‌وه‌ مێژوومانه‌ خۆی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ خۆمانین به‌ هه‌مان ئه‌و رێگە هه‌ڵه‌یه‌دا رۆیشتووین كه‌ پێشتر به‌هۆیه‌وه‌ سه‌رمان دابووی له‌ به‌رد. بۆچی هه‌میشه‌ ده‌وترێت ئه‌زموون گرنگه‌، یاخود كه‌سانێكی تازه‌ په‌یدابوو كه‌ كارێكی خراپ ده‌كه‌ن دەگوترێت بێ‌ ئەزموونن، ئاخر له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ مرۆڤی ژیر كه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی كرد كه‌ڵك له‌ هه‌ڵه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت، لانیكه‌م دووباره‌ی ناكاته‌وه‌. ئه‌گه‌ر وه‌ك ده‌رئه‌نجام له‌ رووداوه‌كانه‌وه‌ حوكم به‌سه‌ر رابردووی خۆماندا بده‌ین، ده‌توانین بڵێین كورد سه‌رباری ئه‌زموونی زۆر و زه‌وه‌ندی، به‌ڵام كه‌ڵكی له‌ هه‌ڵه‌كان وه‌رنه‌گرتووه‌ و زۆرجار چه‌ند باره‌مان كردووەته‌وه‌. 
 
ئێستا دۆخێك له‌ كوردستان ده‌گوزه‌رێت رێك دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌. ئه‌وه‌ی له‌ناو یه‌كێتی رووده‌دات هه‌مان ئه‌و ئه‌زموونه‌یه‌ كه‌ له‌ شه‌سته‌كان له‌ناو پارتی روویداو به‌هۆیه‌وه‌ كورد به‌و چاره‌نووسه‌ خراپانه‌ گه‌یشت كه‌ مێژووی كوردیان ناشرین كردووه‌. رووداوێك كه‌س شانازی پێوه‌ ناكات و هه‌موو ئه‌وانه‌ی رۆڵیان له‌ بڕیاردا هه‌بوو لێی په‌شیمانن. کەچی سه‌یره‌ دووباره‌یشی ده‌كه‌نه‌وه‌. كێشه‌و ناكۆكییه‌كانی ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لای من هه‌ن خه‌ریكه‌ سه‌رده‌كێشێ‌ بۆ گرتنه‌وه‌به‌ری هه‌مان ئه‌و رێگە هه‌ڵه‌یه‌ی نزیك به‌ شه‌ست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تاقیكرایه‌وه‌ و بووه‌ هۆكاری ماڵوێرانی گه‌وره‌، نه‌ك هه‌ر بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌، به‌ڵكو به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ تاوەکو ئێستا و به‌دڵنیاییه‌وه‌ بۆ داهاتوویش كورد هه‌ر باجی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ده‌داته‌وه‌. 
 
رووداوه‌كه‌ چی بوو؟
 
رابه‌ران و سیاسییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ پێكه‌وه‌ نه‌یانتوانی هه‌ڵبكه‌ن، ده‌رئه‌نجام به‌ ناخۆشی له‌یه‌ك جیابوونه‌وه‌ و كه‌وتنه‌ گوشار دروستكردن له‌سه‌ر یه‌كدی، شه‌ڕ له‌نێوانیان دروستبوو، به‌ره‌یه‌كیان چووه‌ به‌غدا و به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ پشتیوانیی عیراق گوشاری خسته‌ سه‌ر به‌ره‌ی دووه‌م، برین گه‌یشته‌ سه‌ر ئێسك و تائێستاش دوای نزیكه‌ی شه‌ست ساڵ هێشتا ئه‌و برینه‌ ساڕێژ نه‌بووەته‌وه‌، به‌ هه‌زاران گه‌نجی كورد بوونه‌ سووتماكی ئه‌و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌ی كه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ ده‌توانرا چاره‌سه‌ری سیاسییانه‌ی بۆ بكرێت، یان هه‌ر رووی نه‌دابووایە، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌ رێگەی هه‌ڵه‌ ده‌ستیان بۆ چاره‌سه‌ره‌كان برد و به‌ رێگه‌ی هه‌ڵه‌دا رۆیشتن، ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ هه‌موومانه‌وه‌ دیاره‌ چ مێژوویه‌كی شه‌رمه‌زاركه‌ر تۆماركراوە. وه‌ك چۆن ئه‌وكاتیش به‌غدا و لایەنی دیکەش له‌ ده‌زگای هه‌واڵگریی وڵاتان و ناوچه‌كه‌ ده‌ستیان له‌ گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ و هاندان بۆ گرتنەبه‌ری رێگە هه‌ڵه‌كان هه‌بوو، ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ هێزگه‌لی دیكه‌ و ده‌زگای هه‌واڵگریی وڵاتان دان له‌سه‌ر ئه‌و رێگەیانه‌ رۆده‌كه‌ن كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی خراپ ده‌مانبه‌ن. لایەنێكی ناكۆكییه‌كان خه‌ریكی سه‌ودا و مامه‌ڵه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌وه‌ی وه‌ك ئاراسته‌یه‌كی سیاسی له‌ به‌غداوه‌ كۆمه‌ك بكرێن و باره‌گای سه‌ره‌كییان ببەنه‌ كه‌ركووك. له‌وێوه‌ درێژه‌ به‌و ململانێیانه‌ بده‌ن كه‌ ئاینده‌ی پرۆسه‌كه‌یان ده‌یخوازێت. 
 
هیچ گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌وه‌ رووبدات كه‌ ئه‌گه‌ر باڵێكی یه‌كێتی خۆیان وه‌ك حیزب یان ئاراسته‌یه‌كی جیاواز بناسێنن و كه‌ركووك بكه‌نه‌ سه‌نگه‌ر، وه‌ك چۆن له‌ نێوه‌ڕاستی شه‌سته‌كان روویدا و ئه‌وكاتیش هه‌ر كه‌ركووك كرایه‌ چه‌قی كێشه‌كان و به‌غدا كۆمه‌كی چه‌كداری كردن. ئێستاش به‌ دوور نازانرێت ئه‌و ئاراسته‌یه‌ به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و ره‌وشه‌ سه‌ربازییه‌ی له‌ عیراق هه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌مانكاتدا زه‌وینه‌ و ئاماده‌یی له‌نێو كوردیش هه‌یه‌ هێزی چه‌كداریی كورد له‌ چوارچێوه‌ی حه‌شدی شه‌عبی دروستبكرێت و به‌مه‌ش ناكۆکییه‌كان له‌ ناكۆكیی سیاسییه‌وه‌ بۆ ململانێی چه‌كداری بگۆڕدرێن. 
 
ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌رێكی عه‌قڵانی كێشه‌ سیاسییه‌كانی ناو هه‌رێمی کوردستان و ناو یه‌كێتی نه‌كرێت، ده‌رگاكان بۆ ئه‌م مه‌ترسییه‌ كراونه‌ته‌وه‌، كه‌ ئامانج له‌ خستنه‌ڕووی لێره‌شدا زه‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌، هیوادارم عاقڵمه‌ندانی كورد له‌م هاواره‌ تێبگه‌ن.

ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan