عارف قوربانی
گه‌ڕان به‌دوای ده‌رفه‌تدا
كه‌متر له یه‌ك مانگی دیكه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئەنجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئەنجام دەدرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی سیستمی هه‌ڵبژاردن فره بازنه‌ییه، تاوەکو ئەندازهیهك ژماره‌ی كورسییه‌كانی كورد بۆ خولی داهاتووی په‌رله‌مانی عیراق له‌به‌رچاوه و سه‌نگ و پێگه‌ی كورد دیاره، ژماره‌ی كورسییه‌كانی به ئەندازهیهك نییه بتوانێت یه‌كلاییكه‌ره‌وه بێت له هیچ پرس و بابه‌تێكدا، ئەزموونی چه‌ند ساڵی رابردووش ئەوه‌ی بۆ سه‌لماندووین هه‌ركاتێك عه‌ره‌به‌كان بیانه‌وێت پرس و بابه‌تێكی چاره‌نووسساز تێپه‌ڕێنن، ته‌نیا ئەوهندهیان به‌سه بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاژێرێك كێشه و ناكۆكییه‌كانی نێوان خۆیان وهلاوەبنێن، ئیدی به زۆرینه و كه‌مینه و بێ حیسابكردن بۆ ده‌نگ و سه‌نگی كورد له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان بڕیاری خۆیان دەده‌ن، به‌ڵام ئەگەر كورد بیه‌وێت به‌دوای ده‌رفه‌تی ئەوه‌دا بگه‌ڕێت پێگه‌ی له ئێستا به‌هێزتربێت له عیراق، ده‌كرێت بڵێین هه‌ڵبژاردن ده‌رفه‌تی ئەوه‌ی تێدایە شانسێكی باشتر بداته كورد، به‌ڵام پێویستی به ته‌گبیری وردە.
له دوای كه‌وتنی سه‌دامه‌وه، یان درووستتر ئەوه‌یه بووترێت له‌دوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراقه‌وه كه به به‌شداریی هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق نووسراوه‌ته‌وه و به گشت‌پرسیی گه‌لانی عیراق په‌سندكراوه، ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی ئەم وڵاته به‌شێوه‌یه‌كی ناهاوسه‌نگ له‌نێوان سێ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عیراق دابه‌شكراوه. زۆرترین ده‌سه‌ڵات و جومگه‌كانی حوكمڕانی دراونەته ئەنجومەنی وه‌زیران و سه‌رۆكی ئەنجومهن، سه‌رۆك كۆمار وه‌كو لووتكه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵات له عیراق، كراوه‌ته پۆستێكی ته‌شریفاتی. هه‌رچه‌نده نه له ده‌ستوور و نه به هیچ یاسایه‌ك ئەو پۆستانه دابه‌شنه‌كراون به‌سه‌ر پێكهاته‌كاندا، به‌ڵام له دوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووره‌وه تاوەکو ئێستا وه‌كو عورفێك سه‌رۆك وه‌زیران بۆ شیعه دانراوه و سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد و سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ سوننه‌كان.
پۆستی سه‌رۆك كۆمار هه‌رچه‌نده پۆستێكی رووكه‌شه، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئەوه‌ی تێدایە بتوانرێت به جۆرێك به‌ڕێوه‌ببرێت رۆڵ و كاریگه‌رییه‌كانی له‌وه زیاتربن كه له ده‌ستووردا بۆی دیاریكراوه. سه‌رده‌مانێك مام جه‌لال توانیی ئەوە بكات كه شكۆیه‌كی زیاتر بدات به‌و پۆسته. هه‌رچه‌نده مام جه‌لال خۆی كاره‌كته‌رێكی سیاسیی كارامه بوو، به‌ڵام ئەوه‌ی وایكرد پێگه و هه‌یبه‌تی له‌و پۆسته گه‌وره‌تربێت، په‌یوه‌ندیی به دۆخی نێوماڵی كورده‌وه هه‌بوو. له‌لایه‌ك كوردستان به دۆخێكی سیاسیی سه‌قامگیردا تێده‌په‌ڕی، هه‌روه‌ها كۆده‌نگییه‌كی نیشتمانیی هه‌بوو به‌وه‌ی مام جه‌لال نوێنه‌رایه‌تیی كورد بكات له به‌غدا، كێشه و گیروگرفتی زۆریش نه‌بوو له‌نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا. ئەمانە و چه‌ند هۆكارێكی نێوخۆیی عیراق و هاوكێشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وایانكردبوو كه سه‌رده‌می مام جه‌لال له سه‌رۆك كۆماری وه‌كو سه‌رده‌می زێڕینی كورد له عیراق وێنا بكرێت.
لێره‌دا پرسیار ئەوەیە، دوای مام جه‌لالیش ئەو پۆسته هه‌ر له ده‌ستی كورد ماوه‌ته‌وه، ئەی بۆچی كورد نه‌یتوانیوە به هه‌مان ئەو ئەندازهیهی سه‌رده‌می مام جه‌لال ئەو پۆسته بۆ خزمه‌تی كورد بهكاربهرێت؟ هه‌رچه‌نده هه‌لومه‌رجه‌كه تاوەکو راده‌یه‌كی زۆر دوای كشانه‌وه‌ی ئەمەریکا له عیراق و به‌تایبه‌تیش دوای هاتنی داعش، به به‌رژه‌وه‌ندیی زاڵبوونی هه‌ژموون و پێگه‌ی شیعه كه‌وته‌وه، به‌ڵام هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كه ئەوە نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی به كورد خۆیه‌وه‌یه.
د.به‌رهه‌م ساڵح كه ئێستا سه‌رۆك كۆماره و رووبه‌ڕووی زۆرترین ره‌خنه ده‌كرێته‌وه به‌وه‌ی لاوازترین چوار ساڵی پێگه‌ی كوردی له‌و پۆسته به‌ڕێكرد، كه‌سانێكی زۆر هۆكاره‌كه‌ی بۆ لاوازیی پێگەی به‌رهه‌م ساڵح ده‌گێڕنه‌وه و پێیانوایه به‌هۆی ئەو ههڵوێستانهوەیە له چه‌ند ساڵی رابردوودا به جیابوونه‌وه‌ی له یه‌كێتی و دروستكردنی هاوپه‌یمانی و پاشان جێهێشتنی حزبه‌كه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو یه‌كێتی، سه‌نگ و پێگه سیاسییه‌كه‌ی جارانی له‌ده‌ستدا؛ به‌ڵام راستییەکە ئەوە نییه، چونكه د. به‌رهه‌م هێشتا كاره‌كته‌رێكی سیاسیی لێهاتووه و بۆ خۆی و بۆ كوردیش شانسی ئەوه‌ی هه‌بوو هه‌لومه‌رج و سه‌رده‌مێكی وه‌ك سه‌رده‌می مام جه‌لال بۆ كورد له عیراق دروستبكاته‌وه، به‌ڵام ئەوەی بووه كۆت و به‌ند و ده‌ست و پێی به‌رهه‌م ساڵحی به‌سته‌وه، بەشێکی بەهۆی ناته‌بایی نێوماڵی كورد و ئەو كێشه سیاسییانه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی و هه‌ولێر و به‌غدا بوون.
ئەوكاتهی د. به‌رهه‌م كرایه سه‌رۆك كۆمار، ئەگەر كوردستان به هه‌مان دۆخی سه‌قامگیریی سه‌رده‌می مام جه‌لالدا تێپهڕیبووایە و هه‌مان ئەو كۆده‌نگییه نیشتمانییه‌ی بۆ مام هه‌بوو، بۆ د. به‌رهه‌میش هه‌بووایە، ئەو پشتیوانییه‌ی له هه‌رێمی کوردستانه‌وه بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرایە و مافی ئەوەی بدرایە به‌ناوی هه‌موو كورده‌وه نوێنه‌رایه‌تیی راست و ره‌وای كێشه‌ی كورد بكات له به‌غدا، به دڵنیاییه‌وه ئێستا پێگه و سه‌نگی كورد و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا جۆرێكی دیکە ده‌بوو، به‌ڵام ئەمە وه‌كو رێسای ماتماتیك روونه بەهێزیی نوێنه‌ری كورد له به‌غدا به‌ستراوه‌تەوە بە ئاستی ئەو پشتیوانییه‌ی له هه‌رێمی كوردستانه‌وه بۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌كرێت.
تازه زه‌مه‌ن ناگه‌ڕێته‌وه تاوەکو نه‌هێڵدرێت ئەو هه‌ڵانه‌ی هه‌بوون، روویان بدایە، به‌ڵام به سیاسه‌تی حه‌كیمانه ده‌كرێت قه‌ره‌بووی هه‌ڵه‌كانی رابردوو بكرێته‌وه. دوای مانگێكی دیکە دیسان پرسی پۆستی سه‌رۆك كۆمار دێته‌وه گۆڕێ، پارتی و یه‌كێتی ناكرێت جارێكی دیكه هه‌مان ئەو سیاسه‌ته هه‌ڵه‌یه پهیڕهوبكهنهوه كه له خولی رابردوودا كردیان. پێویسته له ئێستاوە هه‌نگاو بۆ ئەوە بنێین كه ده‌بێت ئەمجارە به رێككه‌وتنی نێوان هه‌موو لایه‌نه سیاسییه به‌شداره‌كانی نوێنه‌رایه‌تیی كورد له به‌غدا كۆده‌نگییه‌كی نیشتمانی دروستبكرێت بۆ ئەو كاره‌كته‌ره‌ی بۆ ئەو پۆسته بەربژێر ده‌كرێت، جا ئەگەر هه‌ر د. به‌رهه‌م رادهسپێرنهوه یان هه‌ر كه‌سێكی دیکە، ده‌بێ مافی ئەوەی پێبدرێت نوێنه‌ری گه‌لی كوردستان بێت بۆ ئەو پۆسته، هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانیش دوور له به‌رژه‌وه‌ندی و ململانێ و ناكۆكیی نێوخۆیان پشتیوانی بكه‌ن.
ئەگەر كورد به هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌وه پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراقی له‌ده‌ستبێت، سه‌رباری ئەو ناهاوسه‌نگییه‌ی له ده‌سه‌ڵاتی عیراقدایه، به‌ڵام ده‌توانێت به‌هۆی ئەوەی كه پارێزه‌ری ده‌ستووره، رێگه له زۆر زوڵم و سته‌می ده‌سه‌ڵات بگرێت به‌رانبه‌ر به كوردستان، به‌تایبه‌ت لە ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان كه ئێستا له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدارترین پرۆسه‌ی بهعهرهبكردندایه. له دۆخێک‌دا ئەگەر نه‌توانرێت كۆده‌نگیی سیاسی له‌نێو هێزه كوردییه‌كان دروستبكرێت بۆ دیاریكردن و پشتیوانی له یه‌ك كاره‌كته‌ری كورد، به بۆچوونی من باشتر وایه كورد ئەو پۆسته وه‌رنه‌گرێت و بیداته عه‌ره‌بی سوننه و له به‌رانبه‌ردا پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان وه‌ربگرێت. ئەمەش نه‌ك له‌به‌رئەوەی پێمانوابێت پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان لە پۆستی سەرۆککۆمار گرنگتره بۆ كورد. بێگومان نه‌خێر، له‌به‌رئەوەی كورد كه‌مینه‌ی نێو په‌رله‌مانه، سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیچ له دۆخی كورد له‌نێو په‌رله‌مان ناگۆڕێت، به‌ڵام ئەوەی واده‌كات ده‌رفه‌تی به‌هێزبوونه‌وه بداته كورد له عیراق، ئەوكاتهیه كه سه‌رۆك كۆمار له ده‌ستی عه‌ره‌بی سوننه‌دا بێت.
شیعه له عیراق تاوەکو ئەندازهیهكی زۆر ئەوه‌یان بۆ خۆیان یهكلاییكردووەتهوه كه ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه به‌ره‌و وڵاتێكی عه‌ره‌بیی شیعه مه‌زهه‌ب ببەن، ئێرانیش به هه‌موو سه‌نگی خۆیه‌وه له پشتیانه. ئەگەر پۆستی سه‌رۆك كۆمار بدرێته عه‌ره‌بی سوننه كه ئەمە لای شیعه‌كان وه‌كو كفر وایه جارێكی دیكه ببینن لووتكه‌ی هه‌ره‌مه‌كه و سیمای ده‌وڵه‌ته‌كه بكه‌وێته‌وه ده‌ستی سوننه، ئەوكات ده‌وڵه‌ته سوننییه عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه‌كه بایه‌خێكی زۆر به پۆستی سه‌رۆككۆمار ده‌ده‌ن، ده‌رفه‌ت بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌ی سوننه له عیراق ده‌ڕه‌خسێت، به‌وهۆیه‌وه ناكۆكی و ململانێی نێوان سوننه و شیعه‌كان زۆر قووڵ ده‌بێته‌وه، كورد لێره‌دا ده‌بێته پارسه‌نگی هاوكێشه‌كان، ده‌رفه‌تی یاریكردنی زیاتری بۆ ده‌ڕه‌خسێت، ئەگەر دیدێكی نیشتمانی و ئامانجێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌پشت گه‌مه سیاسییه‌كانه‌وه بێت، ده‌كرێت ده‌رفه‌ت بۆ خولێكی دیكه‌ی ده‌ورانی كورد بڕه‌خسێته‌وه.
خ.غ