کوردستانی

"سەرجەم هۆڵەکانی بەرهەمهێنانی مریشک دادەخەین"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"سەرجەم هۆڵەکانی بەرهەمهێنانی مریشک دادەخەین"
مەودا میدیا-

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی هۆشداریدا لەوەی مریشکی بەستوو بازاڕی ئەوانی شێواندووە و ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوامببێت، ئەوا دەرگای هۆڵەکانی بەرهەمهێنانی مریشک دادەخەن.

نازم عەبدوڵڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد "ساڵانێکی زۆرە ئێمە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هاوردەکردنی مریشکی بەستوو رابگرن، مریشکی زیندوو بەشی هەموو بازاڕ و هەناردەکردنیش دەکات، ئێستاش ئەندامێکی پەرلەمان ئەو رێژە مەترسیدارەی لە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو راگەیاندووە و ئەمە دەبێتە زیانێکی زۆر بۆ کەرتی پەلەوەر لە ناوخۆی هەرێم".

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان باسی لەوەشکرد "لەکاتێکدا وەزیری کشتوکاڵ هاوردەکردنی مریشکی بەستووی قەدەغەکردووە، بەڵام دەبینین و باس دەکرێت بەڕێژەیەکی بەرچاو مریشکی بەستووی تورکی و بەرازیلی لە بازاڕدا هەیە و دێتەناو هەرێمی کوردستان، لە مەرزێکەوە دێتەناوەوە لەکاتێکدا بەرهەمی ناوخۆ لەسەدا سەد بەشمان دەکات و توانای هەناردەکردنیشمان هەیە، بۆیە پێویستە حکومەت هاوکاریمان بکات".

ئەوەشی خستەڕوو "ئەگەر حکومەت دەڵێت بازاڕ ئازادە با رێگەش بۆ ئێمە بکاتەوە و ئازادبین وەک خاوەن پڕۆژەکان لە هاوردەکردنی جوچک و عەلەف نەک لە ناوخۆدا قۆرخکاری بکرێت بۆ چەند کۆمپانیایەک".

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan