کوردستانی

دەزگای لوتکە: تائێستا 23 کۆچبەر بێ سەروشوێنن

مەودا میدیا - سلێمانی |


دەزگای لوتکە: تائێستا 23 کۆچبەر بێ سەروشوێنن
مەودا میدیا-

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لەبارەی نقوومبوونی سێ بەلەمەکەی دەریای ئیجە لە چەند رۆژی رابردوودا دەڵێت "تاوەکو ئێستا 23 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن و نۆ کەسیش تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە".
 
لە راگەیەندراوێکدا ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاماژەی بەوەکرد " ‎بەداخەوە لە چەند رووداوێکی جیاوازی کارەساتبار و ژێرئاوکەوتنی یەختی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەرانی کورد بوونەتە قوربانی و ژمارەیەکی دیکەشیان تاوەکو ئێستا بیسەروشوێنن".

دقی راگەیەندراوەکەی دەزگای لوتکە:

راگەیەندراوی دەزگای لوتکە سەبارەت بە رووداوەکانی دەریای ئیجە

‎بەداخەوە لە چەند رووداوێکی جیاوازی کارەساتبار و ژێر ئاوکەوتنی یەختی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی یۆنان، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەرانی کورد بوونەتە قوربانی و ژمارەیەکی دیکەشیان تا ئێستا بیسەروشوێنن.

‎لەساتی رووداوەکانەوە تا ھەنوکە(دەزگای لوتکە) لەپەیوەندی بەردەوامدابووە لەگەڵ کەسوکاری ئەو کۆچبەرانەدا. سەرباری ئەوەی لە رێگەی نوێنەرایەتی خۆی لەیۆنان کە بەڕێز (شێخ حسێن حمەساڵح) نوێنەرایەتیی دەزگاکە دەکات، لەسەرەتای ئەو رووداوانەوە لەگەڵ لایەنەپەیوەندیدارەکانی یۆنان و ( سفارەتی عیراق) لەپەیوەندی و ھەماھەنگیدابووین بەمەبەستی پێدانی زانیاری لەسەر تەرمی ئەو کۆچبەرانەی بوونەتە قوربانی و ئەو کەسانەشی بێسەروشوێن بووی رووداوەکانن.

‎لەئەنجامی ھەوڵ و بەدواداچونەکانیشماندا زانیارییە تۆمار کراوەکانی رووداوەکان، بەم شێوەیە بۆ رایگشتی دەخەینەڕوو:
‎یەکەم– لە رووداوی 21/12/2021 دەریای ئیجە نزیک دوورگەی سانتۆرینی یۆنان (23) کۆچبەر کە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن بیسەروشوێنن و  (7)کۆچبەریش رزگار بووی رووداوەکەن کە (4) کەسیان لە بنکەی پۆلیس ماونەتەوە (1) منداڵیش لەژێر سەرپەرشتیاری خێزانیکی یۆنانیدایە (2)کەسێش ئازادکراون.

‎دووەم– لە رووداوی 23/12/2021 دەریای ئیجە نزیک دوورگەی ئاتیکیثیرای یۆنان (9) کۆچبەرکە هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن، تەرمەکانیان دۆزراوەتەوە و گواستراونەتەوە بۆ ئەسینا و (57) کۆچبەریش رزگار بووی رووداوەکەن کە لەئێستادا لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن) لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە.

‎سێیەم– لە رووداوی 24/12/2021 دەریای ئیجە نزیک دوورگەی پارۆسی یۆنان (16)تەرم دۆزراوەتەوە کە هیچ کەسیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان و عیراق نین.
‎بەمەبەستی هاوکاری و کار ئاسانی بۆ گەڕانەوەی تەرمی قوربانییەکانیش دەزگای لوتکە، لە پەیوەندیدایە تاسەرجەم زانیارییەکان رەوانەی لایەنەپەیوەندیدارەکان لە یۆنان بکات لەپێناو ئەوەی تەرمی هیچ کۆچبەرێکی کورد بەخاک نەسپێردرێت و بگەڕێندرێتەوە زیدی باوباپیرانیان. 

‎سەبارەت بەڕزگار بووی رووداوەکانیش لەسەرداوای نوێنەرایەتیی دەزگای لوتکە. لیژنەیەک لە سفارەتی عیراقی سەردانی ئەو (57)کۆچبەرە دەکەن کە لە کەمپی (ئەمێک دەلێدەن) لە ئەسینای پایتەختی ئەو وڵاتە.

‎ھەرەھا بەمەبەستی ھێنانەوەی تەرمی قوربانیانییەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا (ئـاری جـلال) سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆکاروباری ئاوارە و پەنابەران، لەگەڵ جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان (دابان شەدەڵە) وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی بۆ ئەو رووداوە نەخوازراوانە هەردوولا هاوڕابوون و رێککەوتن لەسەر یەکخستنی هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیانەکان و گەڕان و بەدواداچوونی زیاتر لە سەر پێشەوشوێن بووانی رووداوەکانن پشتیوان بەخوا لەھەوڵی تەواودا دەبین و ھەرچیمان لە دەست بێت بەھەماھەنگی لایەنەپەیوەندیدارەکان ئەنجامیدەدەین.

‎ سەبارەت بە تۆمارکردنی زانیاری لە بارەی هەر کۆچبەرێکی کورد کە بیسەروشوێن بووی رووداوەکانن دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە تەلەفون و ئیمێڵ ئەدرەسی دەزگای لوتکە بەمەبەستی هاوکاری و کارئاسانیتان.
Contact: - Web: - www.lutka.org -  Email: - [email protected]
Tel:-IR +964 770 752 4343 - IR: -+964 771 967 1551
Address: Iraq - Sulaymaniyah -Tri 412 - Street 5 - House 5

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan