کوردستانی

قوباد تاڵەبانی: لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابوورى

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی: لە هەوڵەکان بەردەوام دەبین بۆ چاکسازی و گەشەپێدانی ئابوورى
مەودا میدیا-

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی نوێی زاینی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "دووپاتی دەکەینەوە کە لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ چاکسازی، گەشەپێدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ھەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان".

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند "بە بۆنەی ھاتنی ساڵی نوێوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ئاواتەخوازم گەلەکەمان بەخێر و خۆشییەوە ھەنگاو بنێتە نێو 2022 و لەو ساڵەدا خۆشگوزەرانی و ئاشتی و ئارامی باڵ بەسەر ھەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکەدا بکێشێت".

ئاماژەی بەوەشکردووە "ھیوادارم ساڵی نوێ ببێتە ساڵی یەکڕیزی ناو ماڵی کورد و یەکگوتاری ھێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستاندا".

جەختیشیکردەوە "ھەر لەم بۆنەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە لە ھەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ چاکسازی، گەشەپێدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، دەستەبەرکردنی ھەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان، دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ ھاوڵاتییان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان". 

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan