راپۆرت

کشتوکاڵ دەتوانێت چی بە هەرێمی کوردستان ببەخشێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


کشتوکاڵ دەتوانێت چی بە هەرێمی کوردستان ببەخشێت؟
مەودا میدیا-

کوشتوکاڵی هەرێم لە چ ئاستێکدایە؟ ئەگەر پەرەی پێبدرێت دەتوانێت چی بە کوردستان ببەخشێت؟ کشتوکاڵ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا چ پێگەیەکی هەیە؟

لەم راپۆرتە پڕ لە داتایەدا وردەکاری کەرتی کشتوکاڵ و شێوازی پێشخستنی و هۆکارەکانی شکستهێنانی پلانەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو کەرتە دەخەینەڕوو.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٨ پلانێکی دانا کە بەگوێرەی پلانەکە لە ماوەی پێنج ساڵدا کەرتی ئابووری بەشێوەی بەرچاو گەشەی دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕی پێویستی خەرجییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی دابیننەکرد، پلانەکە شکستی هێنا و هیچ گەشەسەندنێک لە کەرتی کشتوکاڵدا رووی نەدا. 

دواتر وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکی تری داڕشت کە ئامانجی بوو لە ماوەی پێنج ساڵدا و تا ساڵی ٢٠١٩ کەرتی کشتوکاڵ بەشیێوەیەک پێشبخات کە بگاتە ئاستی خۆژیێنیی و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ وڵاتانی تر.

بەڵام بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کرد نەتوانرا پلانەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، ئەوەش وایکرد کەرتی کشتوکاڵ وەک خۆی بمێنێتەوە و هیچ پێشکەوتنێک بەخۆیەوە نەبینێت کە ئەمە لە سەرئەنجامدا بووە هۆی پاشەکشێ لە کەرتەکەدا و بێزاربوونی کشتکارانی لێ هاتە ئاراوە.

لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو فاکتەرە سروشتییانەی کە بۆ کشتوکاڵ پێویستن لە ئارادان، بەڵام کشتکاران پێیان وایە بێپلانیی حکومەت وایکردووە ئەو فاکتەرانەش بەهەدەربچن و نەتوانرێت وەکو پیویست سوودیان لێوەربگیردرێت و بکرێنە ژێرخانێکی بەهێز بۆ کەرتی کشتوکاڵ.

شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە دەتوانرێت کشتوکاڵ بکرێتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات بۆ هەرێمی کوردستان و لەو ڕێگەیەوە داهاتێکی زۆر بۆ خەزێنەی حکومەت بگەڕێنرێتەوە و بە سەدان هەزار هەلی کاریش بڕەخسێنرێت.

هاوکات بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە ئەنجامدراون، هەرێمی کوردستان توانای هەیە ببێتە هەناردەکارێکی بەهێزی کشتوکاڵ لە ئەگەری بوونی پلانێکی ستراتیژیی ئابووریی بۆ ئیدارەدانی کەرتەکە.

ئێستا ساڵانە بڕێکی زۆر بەرهەمی خۆراکیی هاوردەی هەرێم دەکرێت، ئەوەش بووەتە هۆکاری چوونە دەرەوەی بەردەوامی پارە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و بەوهۆیەشەوە هەم کەرتی کشتوکاڵ دەپوکێتەوە و هەم ئابووری هەرێم لاوازدەبێت، کە ئەمەش دواجار بە زیان بۆ حکومەت و تاک بە تاکی هاوڵاتیان تەواودەبێت.

 بۆ گەشەپێدان و زیادكردنی بەرهەمی کشتوکاڵیی، زۆربەی وڵاتانی جیهان زیاتر لە 10%ی بودجەكەیان بۆ كەرتی كشتوكاڵ تەرخان دەكەن، بەڵام لە كوردستان ئەو بودجەیەی بۆ ئەو كەرتە تەرخان دەكرێت تا ئێستا لە 1.8%ی بودجەی گشتی تێنەپەڕیوە.

لە هەرێمی کوردستان بەو بودجە کەمەی کە بۆ کەرتی کشتوکاڵ تەرخانکراوە، کشتوکاڵ توانیویەتی بە ڕێژەی %١٠ بەشداری لە داهاتی نیشتمانیی بکات، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەگەر بوجەی تەرخانکراو بۆ کەرتی کشتوکاڵ بگەیەنرێتە %١٠ ئەوا ئەو کەرتە دەتوانێت بە ڕێژەی %٤٠ بەشداربێت لە داهاتیی نیشتمانیی.

بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، بە دابینکردنی بڕی ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری ساڵانە بۆ کەرتی کشتوکاڵ دەتوانرێت ئەو کەرتە بە شێوەیەک پێش بخرێت کە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بگەنە ئاستی خۆبژێویی و هەندێک بەرهەمیش هەناردەی دەرەوە بکرێن.

ئەوەش دەبێتە هۆکارێکی سەرەکیی پێشخستنی ئابووری هەرێم و ژێرخانێکی بەهێز بۆ کەرتی کشتوکاڵ بنیاد دەنێت و دەتوانرێت لە ڕێگەیەوە بە شێوەیەکی بەردەوام کەرتەکە گەشەی پێبدرێت.

لاوازبوون و پوکانەوەی بەردەوامی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بەهێزبوونی ئەو کەرتە لە وڵاتانی تر و گرنگیپێدانی زیاتری حکومەتەکان بە کەرتی کشتوکاڵ، بەشێوەیەک کە لە زۆێک لە وڵاتاندا کاردەکرێت بۆئەوەی کشتوکاڵ ببێتە سەرچاوەی سەرەکیی داهات.

لە ئەڵمانیا ڕووبەری ئەو زەوییەی کە کشتواڵی لەسەر دەکرێت شانزە هەزاروو دو سەدوو پەنجا هیکتار زەویە.

ڕێژەی %٦٠ی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەڵمانیا لەشێوەی بەرهەمەکانی پاقلەمەنییە و ڕێژەی %١٩ی لە شێوەی سەوزەدایە و ڕێژەی %٢١ی لە شێوەی میوە جۆراوجۆرەکاندایە.

لە ئەڵمانیا ٣٧٠ هەزار کارگە هەیە کە پشتیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەستووە و بە ملیۆنان هەلی کاریان ڕەخساندووە.

جیا لەوەش بەگوێرەی ئامارە فەرییەکان زیاتر لە ١٢٥ هەزار کەس لە پڕۆژە کشتوکاڵییە تاکە کەسییەکاندا کاردەکەن و بەهۆی کشتوکاڵەوە بوونەتە خاوەنی ئابووری سەربەخۆی خۆیان.

لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەردەوام ٤٠ ملیۆن یۆرۆ لە کەرتی کشتوکاڵدا ئاڵوگۆڕی پێوەدەکرێت و دەستاودەست دەکرێت.

ناوەندەکانی توێژینەوە لە ئابووری ئەڵمانیا بلاویانکردووەتەوە کە گەشەسەندنی ئابووری لە کەرتی کشتوکاڵدا لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە % ١٠٠٠

بەشێوەیەک کە ئەگەر پڕۆژەیەکی کشتوکاڵیی لە ساڵی ١٩٢٠دا پێنج کەس کاریان تێدا کردبێت و پێداویستیەکانی ئەو پێنج کەسەی پڕکردبێتەوە، هەمان پڕۆژە لە ساڵی ١٩٥٠دا توانیویەتی پێداویستیییەکانی ١٠ کەس پڕبکاتەوە و ئێستاش پڕۆژەکە بەشێوەیەک گەورەبووە کە ١٥٥ کەس کاری تێدا دەکەن و پێداویستییەکانیان بەدیدەهێنن لەڕووی ئابووریەوە.

هەموو ئەم پێشکەوتنەی کەرتی کشتوکاڵی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە کە نە کەشوهەواکەی نە خاکەکەی، هێندەی کوردستان بۆ کشتوکاڵ گونجاو نییە، بەڵام ئەوەی کەرتی کشتوکاڵی لەو وڵاتە گەیاندووەتە لوتکە، پلان و بەرنامەی وردی حکومەتە.

 ب.م

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن