عارف قوربانی
سزای خه‌ڵك وه‌ك گوشاری سیاسی
مەودا میدیا-
شتێكی نامۆ نییه و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له هه‌موو دونیادا خه‌ڵك له ململانێ سیاسییه‌كاندا به‌كار ده‌برێن. هه‌رچی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تی هه‌یه ته‌ره‌فه سیاسییه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن بیقۆزنه‌وه بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه سیاسییه‌كانی خۆیان. ته‌نانه‌ت زۆر جار خه‌ڵك ده‌كرێنه گوشاری سیاسی بۆ سزادانی ده‌سه‌ڵات. هه‌رێمی كوردستانیش به‌ده‌ر نییه له‌م دیارده سیاسییه و بگره هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه دروستبوونی بزاوتی چه‌كداری كورد له باشوور قۆستنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئاغا و ده‌ره‌به‌گ و خاوه‌ن موڵكه‌كانی كورد بوو دژ به بڕیاری چاكسازیی كشتوكاڵی له عیراق كه عهبدولكەریم قاسم وه‌ك پڕۆژه‌یه‌ك كاری له‌سه‌ر ده‌كرد.
به‌ڵام ئێستا له عیراق و كوردستان وه‌ك زۆربه‌ی شته‌كانی دیكه ئه‌میش پێچه‌وانه بووه‌ته‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌كار ببرێت وه‌ك گوشار بۆ سزای سیاسی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات، كه‌چی لایه‌نه سیاسییه‌كان و كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵات سزای خه‌ڵك ده‌ده‌ن وه‌ك گوشاری سیاسی بۆ سه‌ر ركابه‌ره‌كانیان. لێكه‌وته‌ی ئه‌م جۆره نالۆژیكییه له به‌ڕێوه‌بردن و ململانێی سیاسی له عیراق و كوردستاندا به‌دیاریكراوی له پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستاندا ره‌نگیداوه‌ته‌وه.
وا بۆ هه‌شت ساڵ ده‌چێت هه‌رێمی كوردستان كه‌وتووەته ناو قه‌یرانێكی داراییه‌وه، سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌م كێشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ململانێی سیاسیی نێوان پارتی و یه‌كێتی، هه‌روه‌ها ململانێی سیاسیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. واتا له بنه‌ڕه‌تدا كێشه‌كه كێشه‌ی دارایی نه‌بوو، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كی سیاسی بوو. هه‌وڵدان بۆ به‌كاربردنی خه‌ڵك وه‌ك گوشاری سیاسی له ململانێ سیاسییه‌كه‌دا ئه‌نجامێكی پێچه‌وانه‌ی لێكهوتهوه، خه‌ڵك سزاكه‌ی چه‌شت نه‌ك لایه‌نه ناكۆكه‌كان. بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن مالیكییه‌وه په‌یوه‌ندیی به ململانێ سیاسییه‌كانی پارتی و یه‌كێتی له ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و ناكۆكیی سیاسیی نێوان هه‌ولێر و به‌غداوه هه‌بوو، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت له‌به‌ر ئه‌وه بوو هه‌رێمی کوردستان سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی ده‌فرۆشت.
دوای ئه‌م رووداوه و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له به‌غداوه، هه‌رێمی كوردستان هاتنی داعشی قۆسته‌وه بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركووكدا و به‌پاساوی ئه‌وه‌ی به‌غدا بودجه ناداته كوردستان، تا 16ی ئۆكتۆبه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی ده‌فرۆشت. له 16ی ئۆكتۆبه‌ردا نه‌وتی كه‌ركووك له ده‌ستی هه‌رێمی کوردستان ده‌رهێندراو به ناوبژیوانی ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌غدا بڕیاریدا مانگانه بڕێكی دیاریكراو پاره بداته هه‌رێمی کوردستان بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی مووچه.
ئه‌وكاتیش به‌هۆی ناكۆكیی سیاسیی نێوان پارتی و یه‌كێتی له به‌ره‌یه‌ك و چوار لایه‌نی سیاسیی ناڕازی (گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، هاوپه‌یمانی)، چه‌ندین جار نوێنه‌ریان چوونه لای عه‌بادی و داوایان لێده‌كرد ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی وه‌ك هاوكاری بۆ پێدانی مووچه ده‌درێته هه‌رێمی كوردستان رابگیرێت. چونكه ئه‌م چوار لایه‌نه كێشه‌ی سیاسی‌یان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی هه‌بوو.
كاتێك عادل عه‌بدولمه‌هدی بووە سه‌رۆكوه‌زیران ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی پێشتر عه‌بادی ته‌رخانی كردبوو كه 317 ملیار بوو، زیادیكرد بۆ 450 ملیار دینار و ناردنی ئه‌م پاره‌یه بۆ هه‌رێمی کوردستان به‌رده‌وام بوو تا ئه‌و كاته‌ی ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه. عادل عه‌بدولمه‌هدی پێشتریش له كابینه‌كه‌ی عه‌بادی كه وه‌زیری نه‌وت بوو بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر یارمه‌تیی هه‌رێمی کوردستانی دابوو، له هه‌ردوو جارهكهشدا به‌هۆی ململانێ سیاسییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان و هه‌ولێر و به‌غداوه تووشی ئیحراجی زۆر بوو، به‌ڵام تا به‌رده‌وامبوونی له پۆسته‌كانی نه‌كه‌وته ژێر كاریگه‌ریی ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه و قوتی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستانی تێكه‌ڵ به ناكۆكی و ململانێ سیاسییه‌كان نه‌كرد. به‌ڵام هاتنی مسته‌فا كازمی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه بووه مۆته‌كه‌ی سه‌ر مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان، 450 ملیار دیناره‌كه‌ی به‌یه‌كجاری بڕی و دوای چه‌ند مانگێك و بێنه‌وبه‌ره‌ی زۆر، بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری دا و زۆر به روونی ئه‌ویش په‌یوه‌ستكراوه به ململانێ سیاسییه‌كانی نێوان پارتی و سهرۆككۆمارهوه. نێوانیان باش بێت له‌كاتی خۆیدا ده‌گات و په‌یوه‌ندییان خراپ بێت، كۆسپی دهخرێتهڕێ.
هه‌موو ئه‌و گێڕانهوانهم بۆ ئه‌وه‌یه كه بڵێم سه‌رباری ناكۆكیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی نه‌وت، به‌ڵام بناخه‌ی ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌ی بۆ هه‌رێمی کوردستان دروستبووه كێشه‌كه سیاسییه نه‌ك دارایی. چی ئه‌وه‌ی له به‌غداوه به‌رانبه‌ری ده‌كرێت و هه‌رچی ئه‌وه‌شی له ناوخۆدا روو ده‌دات، كه خه‌ڵك باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، لێكه‌وته‌ی ناكۆكییه سیاسییه‌كانن. ئه‌گه‌ر ئه‌و ململانێ و ناكۆكییه سیاسییانه نهبوونایە، به‌دڵنیاییه‌وه شتێكیش نه‌ده‌بوو به‌ناوی قه‌یرانی دارایی.
داهات له هه‌رێمی كوردستان زۆر له‌وه زیاتره به‌شی مووچه بكات، به‌ڵام به‌هۆی ناكۆكیی سیاسیی نێوان پارتی و یه‌كێتییه‌وه هه‌مووی ناخرێته خه‌زێنه‌ی حكومه‌ته‌وه و ده‌بینین مووچه‌ی مووچه‌خۆران له‌كاتی خۆیدا نادرێت و وابه‌سته‌كراوه به‌وه‌ی كه‌ی به‌غدا 200 ملیاره‌كه ده‌نێرێت؟ ده‌گوترێت ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌و بڕه پاره‌یه نه‌نێرێت جارێكی دیكه لێبڕینی مووچه یاخود پاشه‌كه‌وتكردنی مووچه ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه.
ته‌ماشا بكه‌ن هه‌موو ناكۆكییه سیاسییه‌كان، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر سزای خه‌ڵكه‌كه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه. كاتێك به‌غدا و هه‌رێمی کوردستان ناكۆكیی سیاسی‌یان هه‌بوو به رێگه‌یه‌ك ویسترا خه‌ڵك به‌كار ببرێت وه‌كو گوشار بۆ سزای سیاسیی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی سزادانی به‌كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی كوردستان بوو. ئێستاش پارتی و یه‌كێتی ململانێ و ناكۆكیی سیاسی‌یان هه‌یه، هه‌ردوولاش ئه‌و سیاسه‌ته په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن كه به حساب خه‌ڵك به‌كاربه‌رن له ململانێ سیاسییه‌كانیاندا، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی دیاره كه هاووڵاتییان سزاكه ده‌چێژن. بازاڕی كار ئه‌گه‌ر نهشوهستابێت تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر سست بووه، مووچه‌خۆران له‌كاتی خۆی شایسته‌ی كاره‌كانیان پێ‌نادرێت، هۆكاره‌كان ئه‌وه نییه كه پاره نه‌بێت، پاره زۆره، به‌ڵام كراوه‌ته كارتی سیاسی بۆ وروژاندنی خه‌ڵك له ناكۆكییه سیاسییه‌كاندا تا ببنه هێزی گوشار له‌سه‌ر ركابه‌ره‌كانیان، به‌ڵام رۆژ له‌دوای رۆژ لایه‌نه ناكۆكه‌كان پۆشته‌تر ده‌بن و خه‌ڵكیش له‌ڕ و لاوازتر.
به‌پێی زانیاریی راگه‌یێندراوی په‌رله‌مانتاران له لیژنه‌ی دارایی و سامانه سرووشتییه‌كان بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی له داهاتی فرۆشی نه‌وت و غاز ده‌ست هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، بڕێکی زۆره. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له داهاتی ده‌روازه سنوورییه‌كان و گومرگ كۆده‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌شی له باج و رسوماتی تاپۆ و داهاتی جۆراوجۆری وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگا حكومییه‌كان ده‌ست ده‌كه‌وێت، پێكه‌وه زۆر له‌وه زیاتره، كه نه‌ك هه‌ر به‌شی مووچه، به‌ڵكو ده‌یان پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی پێبكرێت. به‌ڵام ده‌بینین سه‌رباری بوونی ئه‌و داهاته جۆراوجۆرانه، كوردستان له‌ناو قه‌یرانی داراییدا ده‌تلێته‌وه، لەبەرئەوەی پارتی و یەکێتی به رێژه‌یه‌كی كه‌می دیاریكراو (ته‌مویلی) حكومه‌ت ده‌كه‌ن بۆ مووچه، هه‌موو ئه‌و داهاتانه‌ی دیكه كه كۆده‌كرێنه‌وه نادرێته حكومه‌ت.
یه‌كێتی ناكۆكیی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت و داهاته‌كانی، پاره‌ی گومرگ و داهاتی ناوخۆی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌مووی ناداته‌وه حكومه‌ت به‌پاساوی ئه‌وه‌ی هه‌موو پاره‌ی نه‌وت ناگه‌ڕێته‌وه. ده‌یه‌وێ له‌م رێگه‌یه‌وه خه‌ڵك به‌كار به‌رێت وه‌ك گوشار له‌سه‌ر پارتی و نه‌دانی مووچه له‌كاتی خۆیدا ببێته گوشار له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی تا له دۆسیه‌ی نه‌وت سازشی بۆ بكه‌ن. له به‌رانبه‌ریشدا پارتی هه‌موو داهاتی گومرگ و ناوخۆی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ناداته حكومه‌ت به‌پاساوی ئه‌وه‌ی كه سلێمانی پاره‌ی كه‌م ده‌نێرێت و بۆچی به پاره‌ی هه‌ولێر و دهۆك مووچه‌ی سلێمانی بده‌ین. له‌م نێوه‌نده‌دا پارتی و یه‌كێتی به‌هۆی ئه‌م ناكۆکییه سیاسییه‌وه رۆژ له‌دوای رۆژ داهاتی زۆرتر كۆده‌كه‌نه‌وه و خه‌ڵكیش برسیتر ده‌كه‌ن.
ئه‌مه‌ی له هه‌رێمی كوردستان رووده‌دات له چوارچێوه‌ی هیچ پێناسه و تێزێكدا پێناسه ناكرێت، شتێكی زۆر جیاوازه له هه‌موو شێوازه‌كانی حوكمڕانی له دونیادا. كه نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ی تێپه‌ڕاندووه به‌كاربردنی خه‌ڵك بێت له ململانێی سیاسی، به‌ڵكو به بارمته‌گرتنی میلله‌تێكه بۆ ئامانجی لایه‌نه سیاسییه‌كانی.