عارف قوربانی

عارف قوربانی

هه‌ڵبژاردن وه‌كو شوێنگره‌وه‌ی كوده‌تا

هه‌ڵه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر بووترێت عیراق یه‌كه‌مین وڵاته‌ له‌سه‌ر گۆی زه‌ویی، هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌دات، به‌ڵام حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ڵبژاردن پێكناهێنێت. هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ دوای 100 ساڵ له‌ به ‌زۆر پێكه‌وه‌لكاندنی سێ‌ پێكهاته‌ی (كورد و عه‌ره‌بی سوننه‌ و عه‌ره‌بی شیعه‌) نه‌توانراوه‌ هاوڵاتیی عیراقی دروستبكرێت. هیچ ئاسۆیه‌كیش نییه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌مه‌ رووبدات، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌یه‌ كه‌ له‌ عیراق سێ‌ پێكهاته‌ی جیاوازی پێكه‌وه‌ نه‌گونجاو هه‌ن. ئه‌مه‌ش عیراقی مه‌حكومی ئه‌وه‌ كردووه‌ یان ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی دیكتاتۆریانه‌ حوكم بكرێت، یان به‌دوای سازانی پێكهاته‌كانه‌وه‌ بێت له‌سه‌ر حسابی پێشێلكردنی پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردن. له‌م حاڵه‌ته‌شدا له‌ ناچوونیه‌كی و ناكۆكییه‌وه‌ بۆ سازان، رێگە بۆ ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ خه‌ڵكی دیكه‌ له‌پشتی هه‌ریه‌ك له‌م سێ‌ پێكهاته‌یه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌ستیان له‌ هه‌ناوی عیراقدا بێت. بوونی هه‌ر ده‌ستێكی ده‌ره‌كییش بۆ گه‌ڕانه‌ به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا نه‌ك عیراقییه‌كان، ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندیی خاوه‌ن ده‌سته‌كانیش وا ده‌كات ئه‌م وڵاته‌ هیچكات ئۆقره‌یی به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینێت.

 هه‌ریه‌ك له‌م پێكهاته‌ جیاوازانه‌ له‌ سنوور و جوگرافیایه‌كی جیاوازدان له‌وانی دی، كورد وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی جیاواز له‌ جوگرافیایه‌كی دیاریكراودا ده‌ژین كه‌ نیشتمانی كوردستانه‌. عه‌ره‌بی شیعه‌ كه‌ زۆرینه‌ی رێژه‌ی دانیشتووانی عیراق پێكده‌هێنن له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی جوگرافیایه‌كی دیاریكراو نیشته‌جێن كه‌ به‌ ناوچه‌ی شیعه‌ ناسراوه‌. سوننه‌كانیش سه‌ره‌ڕای 80 ساڵی حوكمیان به‌سه‌ر عیراقه‌وه‌ و هه‌وڵی زۆریان بۆ په‌رته‌وازه‌كردنی كورد و شیعه‌ و دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر پارێزگا جیاوازه‌كانی عیراقدا و ناردنی سوننه‌ بۆ ناوچه‌كانی كورد و شیعه‌، له‌ چركه‌ساتی رووخاندنی سیستمی حوكمڕانیی سوننه‌دا كه‌ خۆی له‌ رژێم و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی سه‌دامدا ده‌بینییه‌وه‌، عیراق گه‌ڕایه‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م، ناوچه‌ و نفوزی سوننه‌كانیش به‌رته‌سك بووه‌وه‌ بۆ ساتی به‌ر له‌ دروستكردنی عیراق.

حزبێك نییه‌ نوێنه‌رایه‌تیی فرەڕه‌نگییه‌كه‌ی عیراق بكات، شیعه‌ چه‌ند ره‌وت و حزبێكی سیاسیی شیعیی هه‌یه‌، سوننه‌كان چه‌ند حزب و هێزێكی تایبه‌ت به‌ سوننه‌یان هه‌یه‌، كوردیش به‌ هه‌مان شێوه‌ چه‌ند حزب و بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسیی كوردی هه‌یه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیشدا حزبه‌ شیعییه‌كان له‌ ناوچه‌ شیعییه‌كان هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه ‌و سوننه‌ له‌ سنووره‌كانی خۆیان و كوردیش له‌ كوردستان. هیچكات ئه‌وه‌ روونادات حزبێكی كوردی یه‌كه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق بێت و ده‌نگی هاوڵاتییانی شیعی و سوننه‌ی عه‌ره‌ب بۆ خۆی ببات، ئه‌مه‌ بۆ سونه‌ و شیعه‌ش هه‌ر وایه‌. هه‌ر یه‌ك له‌ حزبه‌كانی ئه‌م پێكهاتانه‌ چه‌ند له‌ڕووی ژماره‌ و رێژه‌وه‌ زیاد بكه‌ن، هه‌ر له‌ ناوچه‌كانی خۆیان هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه‌. هێزێكی شیعی ده‌بێته‌ براوه‌ی یه‌كه‌می ناوچه‌ شیعیه‌كان و له‌ كوردستان و ناوچه‌ی سوننه‌ش به ‌هه‌مان شێوه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردوو روویدا كه‌ ئه‌مڕۆ ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌نجامدانیدا تێده‌په‌ڕێت و تائێستا نه‌توانراوه‌ حكومه‌ت پێكبهێندرێت.

له‌ كاتێكدا بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و ته‌قلیده‌ی رابردوو كه‌ ئه‌مەریكا دوای رووخانی سه‌دام وه‌كو مۆدێلێك بۆ عیراق دایتاشی و وڵاته‌كه‌ی له‌ (عیراقی هیوا و ئاشتی)یه‌وه‌ كرد به‌ وێرانه‌ و لانكه‌ی فه‌ساد و گه‌نده‌ڵی. وه‌كو چاره‌سه‌رێك و بۆ تێكشكاندنی ئه‌و ته‌قلیده‌، دوای هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌نێوان هه‌ر سێ‌ براوه‌ی یه‌كه‌می شیعه‌كان و یه‌كه‌می ناوچه‌ سوننییه‌كان و یه‌كه‌می كوردستانیش پێكهات به‌ناوی "هاوپه‌یمانیی رزگاركردنی نیشتمان،" به‌ڵام رێگه‌ نه‌درا له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش حكومه‌ت پێکبهێندرێت، گوشار و هه‌ڕه‌شه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و نێوخۆیی، ئه‌و پرۆسه‌یه‌شی له‌باربرد. بۆ داهاتووی زۆر دووریش ئه‌سته‌مه‌ رێگه‌ بدرێت عیراق شێوه‌یه‌كی دیكه‌ وه‌ربگرێت له‌ دروستكردنی حكومه‌ت و له‌ سیستمی حوكمڕانی، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی هه‌ژموونیان به‌سه‌ر عیراقدا زاڵه‌ به‌رژه‌وه‌ندییان له‌وه‌دایه‌ عیراق به‌م جۆره‌ به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌وان نه‌خشیان له‌ دروستكردنیدا هه‌بێت نه‌ك گه‌لانی عیراق.

پێشتر ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و زلهێزه‌كان له‌ پشته‌وه‌ی كوده‌تاكان بوون و ئه‌و رژێم و كاره‌كته‌رانه‌ی مه‌به‌ستیان بووایە له‌و رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یانهێنایه‌ سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات، ئێستا هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی دیموكراسییان كردووه‌ به‌ ئامرازی جێگره‌وه‌ی كوده‌تا بۆ هه‌مان ئامانج، به‌تایبه‌ت له‌و جۆره‌ وڵاتانه‌ی وه‌كو عیراق كێشه‌ و ناكۆكی له‌نێوان پێكهاته‌كانی هه‌یه‌؛ چونكه‌ بوونی ئه‌و كێشه ‌و ناكۆكییانه‌ هه‌میشه‌ زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی تیایه‌ هێز و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌كانی ناو به‌ره‌ جیاوازه‌كان به‌ ئاسانی به‌كارببرێن. ته‌ماشا بكه‌ن چه‌ند هه‌ڵبژاردن له‌ عیراق ئه‌نجامدراوه‌، كام پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بووه‌ته‌ هۆكاری گۆڕانكاری، یاخود له‌ كام هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌نگی خه‌ڵك حكومه‌ت پێكهێندراوه‌؟ چه‌ند كاره‌كته‌ری سیاسی گه‌یێندرانه‌ ترۆپكی ده‌سه‌ڵات بەبێ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی كورسی و ده‌نگی خه‌ڵك بن، یان خاوه‌ن نفوز و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری بن؟

ئه‌مه‌ی له‌ عیراق ده‌گوزه‌رێت رێك ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت کە له‌بری كوده‌تای سه‌ربازی، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كراوه‌ته‌ ئامراز بۆ گه‌یاندنی كه‌سانێك به‌ ده‌سه‌ڵات ئه‌گه‌ر هاوڵاتییانیش نه‌یانه‌وێت‌. هه‌ڵبژاردن بووه‌ته‌ جۆرێك له‌ چه‌واشه‌كاری و چاوبه‌سته‌كی خه‌ڵك و به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ناكۆكیی نێوان پێكهاته‌كان و لایەنە سیاسییه‌كان، ئه‌وانه‌ ده‌هێندرێنه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر (ده‌سه‌ڵات له‌ رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ دیاری نه‌كرایە)، له‌ رێگه‌ی كوده‌تاوه‌ ده‌هێندران. له ‌كوێی دونیادا روویداوه‌ و له ‌كام لاپه‌ڕه‌ی مێژوو تۆماركراوه‌ له‌ وڵاتێك چه‌ند جارێك له‌سه‌ریه‌ك دووباره‌ ببێته‌وه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت و ئه‌وانه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌به‌نه‌وه‌ وه‌لابنرێن و دۆڕاوه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌سه‌ڵات بمێننه‌وه‌. له ‌كوێ‌ روویداوه‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌بچێت و كه‌سانێك رابسپێردرێن بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت نه‌ خاوه‌ن هێزی سیاسی بن و نه‌ كورسیی په‌رله‌مانیان هه‌بێت و نه‌ به‌شداریش بووبن له‌ هه‌ڵبژاردن؟ ئیدی هه‌ڵبژاردن بۆچی ده‌كرێت؟ ئه‌گه‌ر مه‌هزه‌له‌یه‌ك نه‌بێت بۆ چاوبه‌سته‌كی خه‌ڵك.

له‌ هیچ شوێنێكی دونیاشدا تاسه‌ر به‌و جۆره‌ خه‌ڵك هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تێندراوه‌، بۆ هیچ كه‌س نه‌چووەته‌ سه‌ر، تاوەکو له‌ عیراق ئه‌مه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بێت. رۆژێك هه‌ر دێت ئه‌م چه‌واشه‌كاری و چاوبه‌سته‌كیانه‌ بەبێ‌ ئاكام ده‌بن، به‌ڵام تاوەکو ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵك هۆشیار ده‌بنه‌وه‌، قوربانیی بێشومار ده‌ده‌ن و لێكه‌وته‌كانی بۆ داهاتووی زۆر دووریش ده‌مێننه‌وه‌. چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ عاقڵمه‌ندان و نوخبه‌ی ده‌سته‌بژێری ناو ئه‌م پێكهاته‌ جیاوازانه‌ لێنه‌گه‌ڕێن تاوەکو كاتی هۆشیاریی گشتی دروست ده‌بێت، ده‌بێت رۆڵ بگێڕن له‌ دۆزینه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی رزگاربوون. بۆ ئێستای هه‌لومه‌رج و دۆخی عیراق دوای شكستی هاوپه‌یمانێتیی سێ‌ براوه‌ی سێ‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كه‌، ره‌نگه‌ رێگه‌ راست و دروسته‌كه‌ ئه‌وه ‌بێت كه‌ لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان ئازایه‌تیی ئه‌وه‌یان هه‌بێت دان به‌و پێكه‌وه‌ نه‌گونجاوییه‌ی پێكهاته‌ی ناسرووشتیی خۆیاندا بنێن. ئه‌گه‌ر به ‌هه‌ر هۆكارێكیش بیانه‌وێت لێكنه‌ترازێن و له‌ژێر ناوێكدا بمێننه‌وه‌ كه‌ (عیراقه‌)، رێگەچاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ریه‌ك له‌م سێ‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كی و ناچوونیه‌كه‌ له ‌سنووری خۆیان حوكم بكه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش رێگە بۆ سه‌قامگیری و ئاشتی و ئاوه‌دانی خۆش ده‌كات. جا ئه‌مه‌ ناو ده‌نرێت سێ‌ هه‌رێمی فیدراڵی، یان هه‌ر ناوێكی دیكه‌، ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێت عیراق بكه‌وێته‌ سه‌ر راسته‌ڕێی خۆی و له‌وه‌ رزگاری ببێت ناكۆكی و ناچوونیه‌كیی پێكهاته‌كانی بگاته‌ دۆخی به‌ریه‌ككه‌وتن، هه‌ر ده‌بێت ئه‌وه‌ بكه‌ن.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan