کوردستانی

حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان دا

مەودا میدیا - سلێمانی |


حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی هاوڵاتییان دا
مەودا میدیا-

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا داشکاندن بە رێژەی %15 بۆ قەرزی کرێی کارەبا و ئاو بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە  12ی کانوونی دووەمی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بە پێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە داشکاندن بە رێژەی %15 بۆ قەرزی کرێی کارەبا و ئاو بکات.

دەقی راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان: 

 ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی کانوونی دووەمی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، راپۆرتێکیان دەربارەی دوا هەنگاوەکانی هەماهەنگی و هاریکاری نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە و پلانی هاوبەشی رووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش خستەڕوو. وەزیری پێشمەرگە باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی گواستنەوەی هێزەکانی پشتیوانیی و یەکەکانی دیکەی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە کرد، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەت، جەختی کردەوە لە سەر بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵیی و تۆکمەکردنی ریزەکانی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامی رێکخستنەوەی گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

باشان سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و هەروەها وەزیری ناوخۆ باسیان لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد دەربارەی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لە دهۆک، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی کۆرۆنای پەسەند کرد و جەختیش لەسەر برەودان بە هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسین لە وادەی دەستنیشانکراو و بایەخی بەستنی ماسک لە لایەن هاوڵاتییانەوە کرایەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتی وخزمەتگوزارییەکان لە پێناوی پاراستنی تەندروستیی گشتی و بەرگرتن لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

ئینجا خالد چاوشلی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان ، راپۆرتێکی دەربارەی بەرەوپێشچوون و دەرئەنجامی کاری تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵ وحکومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بە گوێرەی یاسای بودجەی عیراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دیوانی چاودێریی دارایی، وەزیرەکانی راسپارد کە برەو بدەن بە هەماهەنگیی و پەیوەندی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی و داواشیان لێکرا پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی گشتاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئامادەکردنی میزانی پێداچوونەوەی سەرتاسەریی گشت یەکە ژمێریاریەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2021 لە ماوەیەکی دیاریکراودا تا بخرێتە بەردەم تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی بە جۆرێک شەفافانە داهات و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبێت، پێویستە وەزارەتەکان لەمبارەیەوە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن وهاوکاریی وهەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی بکەن.

لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، پێداچوونەوە بکەن بە یاسا و رێنمایی و پسووڵە وئيستیمارە و بەڵگەنامەکانی دیکەی کارپێکراو لە بواری دارایی وژمێریاریی گشتی و نوێکردنەوەیان بە پێی پێوەرە هاوچەرخەکانی ئەو بوارە، تا هاوتابێت لەگەڵ سیستمی دارایی کارپێکراو لە حکومەتی فیدڕاڵی بە رەچاوکردنی دەسەڵاتە دەستووریەکان، لە هەمانکاتیشدا بواری پڕۆسە و مامەڵە داراییەکان بە شێوەیەکی هاوچەرخانە رێکبخرێنەوە، دوور لە رۆتین و بە فیڕۆدانی کات و توانا، وەک هەنگاوێکیش بۆ برەودان بە شەفافیەت لە بواری دارایی گشتی و سوود وەرگرتن لە تەکنەلۆجیا لە راییکردنی مامەڵە داراییەکان و دوورکەوتنەوە لە شێوازە کلاسیکیە کارپێکراوەکان.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کارەبا تایبەت بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( 117 ) لە رێکەوتی 2021/10/27 سەبارەت بە داشکاندنی رێژەی %15 لە قەرزی کرێی کارەبا و سزاکانی دواکەوتن و سەرپێچی کارەبا بۆ سەرجەم هاوبەشانی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە گشت سێکتەر و بوارەکاندا کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد کە رێژەی داشکاندنی %15 تا کۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەند کرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە لێخۆشبوونی رێژەی %15 بۆ هاوبەشانی خزمەتگوزاریی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پێشوو بدەن و ئەم بڕیارەش تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ کاری پێ دەکرێت. لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەتەکانی راسپارد کە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو، پێشنیارەکانی خۆیان ئامادە بکەن بۆ هەموو ئەو ئاسانکارییانەی کە لە رووی یاساییەوە دەتوانرێت پێشکەش بکرێت بۆ هاندان و ئاسانکاریی بۆ هاوڵاتیان بۆ گەڕانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لە ئەستۆيانە بەرامبەر بە حکومەت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئەنجومەنی باڵای خانمانی سەبارەت بە گۆڕینی ناوی ئەنجومەنەکە بۆ ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پەسەند کرد.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

رێنوسی تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانی هاتوچۆی هەرێم هەڵەن

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

پارستنی ئاو وەکو ئەرکێکی بنەڕەتیی ژیان

لەلایەن د.مونیرە ئەبوبەکر


News

بۆ ناهێڵن عەرەبە ئاوارەکان بگەڕێنەوە؟

لەلایەن خەڵەف غەفور


News

نەرمین عوسمان؛ خەباتگێڕێکی کۆڵنەدەر

لەلایەن هیوا محەمەد