عارف قوربانی
لێكه‌وته‌كانی ململانێ له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار
ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ی له‌دوای كه‌وتنی سه‌دام له‌لایه‌ن شیعه و كورد و سوننه‌وه وه‌ك جۆرێك له سازان و هاوبه‌شی له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بڕیاریان له‌باره‌وه دابوو، ده‌مێكه هاوبه‌شییه‌كه‌ی له به‌ڕێوه‌بردن به كردار كۆتایی هاتووه. ئه‌وه‌ی مابووه‌وه ( ته‌وافق – سازان) بوو، ئه‌ویش له هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رۆككۆمار له ساڵی 2018وه كاتێك كورد له‌ناوخۆیاندا رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر بەربژێرێك كه نوێنه‌رایه‌تیی كوردستان بكات، سازانیش بووه ناوێكی رووكه‌ش. له دوای هه‌ڵبژاردنی 10/10/2021 و هێنانه ناوه‌وه‌ی (زۆرینه‌ی سیاسی)، ئیدی (سازانی نیشتمانی) تێكچوو.
له رابردوودا و له‌ژێر چه‌تری (سازانی نیشتمانیدا) حوكمڕانی عیراق تا ئه‌ندازه‌یه‌ك شێوه‌یه‌كی دیاریكراوی له پشك پشكێنه‌ی پێكهاته‌كان وه‌رگرتبوو، ته‌نانه‌ت رێژه‌ی كورسی و ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش زۆر له‌به‌رچاو نه‌ده‌گیران، به‌شێكی دیاریكراو بۆ سوننەكان دانرابوون و به‌شێك بۆ كورد و به‌شی زۆرینه‌ش بۆ شیعه‌كان یهكلاكرابوونهوه. له‌ناو هه‌ریه‌ك له پێكهاته‌كانیشدا چه‌ند كوتله‌یه‌ك رێككه‌وتنی پێشینه‌یان هه‌بوو بۆ دابه‌شكاری به‌شی پێكهاته‌كه‌یان، ئه‌وه‌ی ده‌گۆڕدرا ته‌نیا ده‌م و چاوه‌كان بوون. له ناو كوردیشدا پارتی و یه‌كێتی له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوانیان ئه‌و پشكانه‌ی بۆ كورد دانرابوون، به‌شیان ده‌كرد و له كه‌مترین حاڵه‌تدا هێزه‌كانی دیكه‌یان كردووه به شه‌ریكی خۆیان.
به‌ڵام عیراق له رۆژی 9/1/2022 قۆناخی سازانی نیشتمانی تێپه‌ڕاند، ئه‌وه‌ی ئێستا نه‌خشی هاوكێشه‌كان ده‌كێشێته‌وه پێكهێنه‌ره‌كانی زۆرینه سیاسییەكهن كه سه‌در وه‌ك براوه‌ی هه‌ڵبژاردن رێبه‌رایه‌تیی ئه‌و ئاڕاسته‌یه ده‌كات و هه‌ر یه‌ك پارتی و هاوپه‌یمانێتیی سوننەكان له‌گه‌ڵین. گه‌رچی هێشتا سه‌دریش وه‌ك جۆرێك له پابه‌ندێتی بۆ پشك و پێگه‌ی هاوبه‌شه‌كانی له دیاریكردنی سێ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌دا ده‌ستی به‌و عورفه‌وه گرتووه كه سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ سوننە و سه‌رۆككۆمار بۆ كورد و سه‌رۆكوه‌زیران بۆ شیعه بێت، به‌ڵام مه‌رج نییه بۆ داهاتوو ئه‌م هاوكێشه‌یه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، شكاندنی بازنه‌ی سازانی نیشتمانی و سه‌پاندنی زۆرینه‌ی سیاسی، ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ئه‌و شێوه دابه‌شكارییه‌ی پۆسته سیادییه‌كانیش نه‌هێڵێت و ورده ورده به‌ره‌و حوكمی زۆرینه بڕوات.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه سه‌رنجی بخه‌مه‌سه‌ر پۆسته‌ی سه‌رۆككۆماره كه هێشتا ئه‌و ئیلتیزاماته پارێزراوه وه‌كو پشكی كورد ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنی 2018 وه‌ك دۆخێکی نائاسایی و دۆخێكی نه‌خوازراو له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی روویدا، وا بۆ جارێكی دیكه دووباره ده‌بێته‌وه. له‌كاتێكدا هه‌ردوولا له‌وه دڵنیان كه كورد به گشتی و خودی هه‌ردوو حیزبه‌كه و ته‌نانه‌ت هه‌ردوو كارهكتهرهكهیش (د. به‌رهه‌م و د. فواد) تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بوون. ئه‌گه‌ر جاری پێشوو پاساوه‌كه ئه‌وه بووبێت كه كات و واده‌یه‌كی كورت له‌به‌رده‌م ده‌ركه‌وتنی ئه‌و كێشه‌یه‌دا هه‌بوو نه‌توانرا چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه، ئه‌وه ماوه‌ی زیاتر له سێ ساڵه لێكه‌وته‌ی ئه‌م كێشه‌یه به‌رده‌وامه و هێشتنه‌وه‌ی به چاره‌سه‌رنه‌كراوی، ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره كه ئه‌و بارە خراپه‌ش بووەتە نه‌ریتی سیاسی و رۆژێك دێت زۆرینه‌ی شیعه به بێگه‌ڕانه‌وه بۆ كورد، خۆیان كاره‌كته‌ری داتاشراوی سیاسی له‌بری نوێنه‌رایه‌تیی كورد له به‌غدا داده‌مه‌زرێنن و ئه‌وكات پارتی و یه‌كێتیش هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌تكردنه‌وه‌یان نابێت.
پارتی و یه‌كێتی به‌ر له واده‌ی یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق پێكه‌وه چوونه به‌غدا و رایانگه‌یاند هاوهه‌ڵوێست ده‌بین، پاش یه‌ك رۆژ خۆری ئه‌م یهكگوتارییهی كورد ئاوابوو، پارتی له‌گه‌ڵ سه‌در و سوننەكان زۆرینه‌ی سیاسی‌یان راگه‌یاند. سه‌در ده‌یه‌وێ خۆی و هاوبه‌شه‌كانی هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و به‌ره‌كه‌ی دیكه بكاته ئۆپۆزیسیۆن. ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌ندەدا شوێنی خۆی نازانێت (ی،ن،ك)ه، به‌پاساوی ئه‌وه‌ی نه‌بێته لایەن له ناكۆكیی ناو ماڵی شیعی، له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی زۆرینه‌ی سیاسی نییه، به‌ڵام چاویشی له‌وه‌یه هه‌م پۆستی سه‌رۆككۆمار وه‌رگرێته‌وه و له پێكهێنانی حكومه‌تیشدا پشكی هه‌بێت، كه ده‌شزانێ دابه‌شكردنی ئه‌و پۆستانه كه‌وتووەته ده‌ستی ئه‌و به‌ره سیاسییه‌وه كه زۆرینه‌یان پێكهێناوه.
ئێستا كێشه‌ی سه‌ره‌كیی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه كه له ناوه‌نده‌كانی بڕیاری سیاسیی ئه‌م حیزبه‌دا و به‌دیاریكراوی تایبه‌ت به پۆستی سه‌رۆككۆمار، بیركردنه‌وه غایبه. ئه‌ویش به‌هۆی كێشه ناوخۆییه‌كانه‌وه هه‌موو سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی هیچ بۆچوونێكیان نییه و ئه‌م پرسه‌یان بۆ سه‌رۆكی حیزب جێهێشتووه. بافڵ تاڵه‌بانیش له‌لایه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كێشه‌ی خستنی لاهوور شێخ جه‌نگیدا، د.به‌رهه‌م هاوكاریی ماڵی تاڵه‌بانی كردووه و ده‌یه‌وێ پاداشتی بداته‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌تیف ره‌شید ئاوه‌ڵزاوای تاڵه‌بانی بۆ شوێنی د. به‌رهه‌م خۆی بەربژێر كردووه، ئه‌مه‌ش گومانی ئه‌وه‌ی لای د. به‌رهه‌م و ده‌وربه‌ره‌كه‌ی دروستكردووه كه هێنانه‌پێشه‌وه‌ی له‌تیف ره‌شید سیناریۆیه‌كه بۆ لێدان له د. به‌رهه‌م. ئه‌م دوو هۆكاره بافڵ تاڵه‌بانییان خستووەته زاوێیهكی ئیحراجه‌وه و ئه‌ویش خۆی ته‌سلیمی بیركردنه‌وه‌ی د. به‌رهه‌م كردووه. د. به‌رهه‌میش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێ له‌و پۆسته بمێنێته‌وه ئاڕاسته‌ی هه‌موو پرۆسه‌كه به‌و ئاقاره‌دا ده‌بات كه زامنی مانه‌وه‌ی خۆی بكات، به‌و واتایه‌ی كه ئه‌گه‌ر خۆی نه‌مایه‌وه پۆسته‌كه‌یش له ده‌ستی یه‌كێتی بچێت.
پێش ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی سیاسی دروستبێت، د.به‌رهه‌م له‌لایه‌ن سوننەكان و ته‌یاری سه‌درییه‌وه كه‌سێكی په‌سه‌ندكراو بوو بۆ خولی دووه‌می سه‌رۆكایه‌تی، ئه‌وانه‌ی ئاماده نه‌بوون ده‌نگی پێبده‌ن و ئه‌م په‌یامه‌یان به یه‌كێتی دابوو، ده‌وڵه‌تی یاسا و هادی عامری بوون. ئه‌وه‌ی له رۆژی 9/1 له یه‌كه‌م دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق، یه‌كێتی كردی به نه‌چوونه ناو هۆڵی په‌رله‌مان و ده‌نگنه‌دان به ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، هه‌ڵه‌ی د.به‌رهه‌م بوو. پێی وابوو به‌و جۆره ده‌نگی ده‌وڵه‌تی یاسا و فه‌تح و ئه‌و هێزانه‌ی دیكه‌ی شیعه‌یش به‌ده‌ست ده‌هێنێت كه پێشتر دژی مانه‌وه‌ی بوون. به‌ڵام ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی په‌رله‌مان كوتله سیاسییه‌كانی عێراقی بۆ دوو جه‌مسه‌ر به‌ته‌واوی له‌یه‌ك دابڕی.
یه‌كێتی به نه‌چوونه ناو به‌ره‌ی زۆرینه‌ی سیاسییه‌وه كه سه‌در رێبه‌رایه‌تی ده‌كات، ئیدی ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هاوئاهەنگی بڕوات یان بیه‌وێ وه‌ك بێلایه‌ن له‌و نێوه‌نده‌دا بمێنێته‌وه، خۆی مه‌حرووم كرد له هاوبه‌شیكردنی له ده‌سه‌ڵات. تاكه شتێك شانسێكی دیکەی پێداوه ئه‌وه‌یه كه به حوكمی ئه‌وه‌ی پێشتر له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتنی ستراتیژییان هه‌بووه، هه‌روه‌ها به حوكمی ئه‌وه‌ی هێشتا له كوردستان پێكه‌وه حوكمڕانن و وه‌ك عورفێكیش بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی له به‌رانبه‌ر پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه پۆستی سه‌رۆككۆمار وه‌رگرێته‌وه.
به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ش به‌هۆی ناكۆكیی پارتی له‌گه‌ڵ د. به‌رهه‌م ئه‌گه‌رێكی لاوازه. چونكه ئه‌و به‌ره‌یه‌ی پارتی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ كردوون زۆرینه‌ن و پابه‌ندبوون به هاوئاهه‌نگی نێوانیانه‌وه واده‌كات بڕیاری دیاریكردنی كاره‌كته‌ر بۆ سه‌رۆككۆمار بكه‌وێته ده‌ستی پارتییه‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌كێتی هه‌ر ده‌یه‌وێ د. به‌رهه‌م بەربژێر بكاته‌وه، پێویستی به‌وه‌یه له‌گه‌ڵ پارتی له‌سه‌ری رێك بكه‌وێت، ئه‌مه‌ش مه‌حاڵ نییه. پێشتر ناكۆكی له‌نێوان نه‌وشیروان مسته‌فا و بارزانی، د. نه‌جمه‌دین و پارتی و زۆر نموونه‌ی دیكه‌ش هه‌ن كه گه‌یشتبوون به ئاستی زۆر تووند و له چركهساتێكیشدا هه‌موو وێناكه پێچه‌وانه بوونه‌وه بۆ دۆستایه‌تی. هێشتا ده‌رفه‌ت ماوه نێوانی بارزانی و به‌رهه‌م ساڵحیش ئاسایی بكرێته‌وه، یه‌كێتی ده‌بێت ئه‌مه بكات.
چونكه ئێستا پۆستی سه‌رۆككۆمار هه‌ر به ته‌نیا بۆ یه‌كێتی گرنگ نییه، به‌ڵكو ئه‌و به‌ره‌یه‌ش كه یه‌كێتی له‌سه‌ریان حسابه (چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی) سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌زانن په‌رله‌مان و حكومه‌تیان له‌ده‌ستچوو، به‌ڵام چاویان له‌وه‌یه به‌هۆی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی یه‌كێتییه‌وه یه‌كێك له پۆسته سیادییه‌كان له‌ده‌ستیان بمێنێته‌وه و ده‌یانه‌وێ یه‌كێتی سه‌ركه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وانیش به گومانن له‌وه‌ی د. به‌رهه‌م ئه‌و كارهكتهرهبێت كه بتوانێت گه‌مه‌كه به‌رێته‌وه. له تازه‌ترین په‌یامیاندا كه دوێنێ نووری مالیكی بۆ بافڵ تاڵه‌بانی ناردووه، داوای گۆڕینی د.به‌رهه‌م ده‌كات به بەربژێرێكی دیكه تا شانسی بردنه‌وه‌ی مسۆگه‌ر بێت.
چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی و به‌دیاریكراوی نووری مالیکی له‌م زۆرینه‌ی سیاسییه به رێبه‌رایه‌تیی سه‌در ده‌ترسێن. ترسی تۆڵه‌كردنه‌وه و پاكتاوكردنیان هه‌یه، بۆیه وه‌ك ئه‌گه‌رێكی لاوازیش بێت ئومێد و داهاتووی سیاسیی خۆیان له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆكکۆمار هه‌ڵچنیوه. ده‌یانه‌وێ وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر رێككه‌وتنی پێشووی نێوان یه‌كێتی و پارتی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پۆسته‌كه له‌ده‌ستی یه‌كێتی بمێنێته‌وه و هه‌ر بۆیه ئه‌وانیش ئێستا خوازیاری ئه‌وه‌ن كه كه‌سێك له یه‌كێتی بەربژێر بكرێت شانسی بردنه‌وه‌ی هه‌بێت.
بۆ یه‌كێتی گرنگه له‌م چركه‌ساته‌دا وردتر بیر له‌م پۆسته بكاته‌وه، هه‌موو رێگه‌یه‌ك بگرێته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پارتی ئه‌و پۆسته‌ی نه‌بات. چونكه ئەگەر یەکێتی بەغدا بدۆڕێنێ به‌وه لە کوردستانیش لاواز دەبێ هاوسه‌نگیی هێز تێكده‌چێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی من زانیومه بیركردنه‌وه‌ی زاڵ ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌و پۆسته‌ی به‌غدای له یه‌كێتی وه‌رگرت، یه‌كێتی له هه‌رێمی كوردستان له حكومه‌تی شه‌راكه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی بكشێته‌وه و كوردستان له پارتی تێكبدات. هەروەها ئەگەر یەکێتیش بەو رێگەیە بیباتەوە پارتی پێی دەشکێ و لە کوردستان تۆڵەی لێدەکاتەوە. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه روونه‌دات ده‌بێت یه‌كێتی ئه‌و ركابه‌رییه بباته‌وه، هه‌رچه‌نده ته‌نیا بردنه‌وه‌ی له ركابه‌رییه‌كه‌ش گرنگ نییه، له‌وه گرنگتر ئه‌وه‌یه سبه‌ینێ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرت بتوانێ چالاكانه به‌كاری به‌رێت. خولی پێشوو به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی پارتی بۆ سه‌رۆككۆماری دروستكرد، وه‌ك پێویست نه‌یتوانی نه خزمه‌ت به خه‌ڵكی كوردستان بكات و ته‌نانه‌ت خزمه‌تی به خودی یه‌كێتیش نه‌كرد وه‌ك حیزبێك كه خاوه‌نی پۆسته‌كه بوو. ئێستا هاوكێشه‌كان ئاڵۆزتر و ململانێكان قورسترن، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی بتوانێ ئه‌و پۆسته‌ش به‌رێته‌وه كه سبه‌ینێ سه‌در و سوننەكان و پارتیش له دژی بوون، ناتوانێ هیچ هه‌نگاوێك بنێت. به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی ماوه پۆسته‌كه‌ش به‌ده‌ست بهێنێته‌وه و له پێكهێنانی حكومه‌تیشدا وه‌زاره‌تیش وه‌ربگرێت و كورد و سوننە و شیعه‌یش پشتیوانی بن، بۆ ئه‌مه‌یان پێویستیان به عه‌قڵ و بیركردنه‌وه و حیكمه‌ته‌كانی مام جه‌لال هه‌یه.