کوردستانی

"غاز بۆ بازرگانان هەیە، بەڵام بۆ بریکارەکان نییە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"غاز بۆ بازرگانان هەیە، بەڵام بۆ بریکارەکان نییە"
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف 

ماوەی زیاتر لە مانگێکە لە شاری سلێمانی نرخی غازی ماڵان بەرزبووەتەوە و قەیرانی نەبوونی غاز دروست بووە، بریکارەکانی غاز ناتوانن بڕی پێویستی غاز بۆ ماڵان دابین بکەن بەهۆی ئەوەی کارگەکانی پڕکردنەوەی غاز ئێستا وەکو پێشوتر بەشە غازی رۆژانەیان نادرێتێ.

هەرچەندە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی "کێشەی کەمی غاز چارەسەرکراوە"، بەڵام تائیستاش هاوڵاتییان یان دەبێت بە نرخێکی زۆر گرانتر لە نرخی بریکارەکان غاز بکڕن یان دەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە سەرەی بەرکەوتنی بوتڵێک غازدا لە بەنزینخانەکاندا لە سەرەدا بووەستن.

نیگەرانییەکی زۆر لەلای هاوڵاتییان دروستبووە دەڵێن، بۆچی غازی بازرگانی دەستدەکەوێت و هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام بریکارەکان ناتوان غاز دەست بخەن، "مەبەست لەمە تەنها گرانکردنی نرخی غازە لەسەر هاوڵاتییان لەپێناو قازانجی کەسانێکی دەست رۆیشتوودا".

سەبارەت بەو غازەی ئێستا لە بەنزینخانەکان بەشێوەی بازرگانی بە هاوڵاتییان دەفرۆشرێت بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "دوای ئەوەی زانیمان خواست لەسەر غاز لەلای هاوڵاتییان بەرزبووەتەوە بەهۆی وەرزی سەرما و زستانەوە، کورتهێنان لە غازی بریکارەکاندا هەیە و ناتوانن پێویستی هاوڵاتییان پڕبکەنەوە، هەوڵماندا لە رێگەی بەنزینخانەکانەوە غاز پەیدابکەین و ئەو قیرانە کەمبکەینەوە و غازمان دابینکرد، لەئێستادا لە بەنزینخانەکان بۆ هەر بوتڵێک 11 هەزار وەردەگیرێت".

عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە قەیرانی غاز لە شاری سلێمانی لە ڤیدیۆیەکدا لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک دەڵێت "یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی کەمی غاز، زۆری ژمارەی کارگەکانی پڕکردنەوەی غازە لە سلێمانی کە ژمارەیان 70 کارگە زیاترە لە کاتێکدا سلێمانی تەنها پێنج بۆ 10 کارگەی بەسە، ئەو ژمارە زۆرەی کارگەکان بێسەرە و بەرەی دروستدەکات و وادەکات کۆنترۆڵکردنیان ئاسان نەبێت".

هاوکات عەدنان سەعید، کە خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی پڕکردنەوەی غازە لە شاری سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لەئێستادا بڕێکی زۆرکەم غازمان پێدەدرێت و هەموو رۆژیکیش نییە، جار هەیە دوو بۆ سێ رۆژ سەرەدەگرین تا غازمان پێدەدرێت و ئەوەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی غاز و دروستبوونی قەیرانی غاز".

سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو غازەی کە بۆ بەنزینخانەکان دابیندەکرێت وتەبێژی بەنزینخانەکان ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک بدات بە مەودا میدیا و وتی "ئەوەی پێویستە ئێمە لەکاتی قەیرانی سوتەمەنیدا بە هەر نرخێک بێت سوتەمەنی پێویست دابین بکەین، چونکە ئەوە کاری ئێمەیە ئیتر گرنگ نییە چۆن و لەکوێوە دەستمان دەکەوێت".

سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکە ئاماژەی بەوەکرد "پێوسیتە کارگەکانی پڕکردنەوەی غاز غەزان دروستبکەن بۆ ئەوەی ئەو غازەی لە هاوین و بەهاردا وەریدەگرن و زیاددەبێت لە پێویست کۆبکرێتەوە و هەڵبگیرێت بۆ وەرزی سەرما و زستان، تا ئەم قەیرانە دروست نەبێت کە ئێستا هەیە، یەکێکی دیکە لە چارەسەرەکان دیاریکردنی خواستی شارەکانە بۆ بڕی پێوستی غاز تا بەپێی ئەوەی کە پێویستە لەگەڵ کۆمپانیای دابینکاری غاز رێککەوتن بکرێت، هەروەها ناشبێت غازی ماڵان بۆ بازرگانی بەکاربهێندرێت".

سەبارەت بەوەی ئایا غاز هەر بۆ کارگەکانی پڕکردنەوەی غاز نییە و کەمە یان بۆ بازرگانیش هەروایە؟، عەدنان سەعید رووینیکردەوە "غاز بۆ بازرگانان هەیە، بەڵام بۆ بریکارەکان نییە، بۆ هەر تۆنێک غاز بۆ کارگەکان 518 هەزار وەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر بچیت بە بازرگانی بیکڕیت نزیکەی یەک ملیۆن دینارت لێوردەگیرێت لەبەرانبەر هەر تۆنێک غازدا لە کاتێکدا هەردووکیشیان هەمان سەرچاوە دابینی دەکات".

ر. ئ.



Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

جەلەوە و مسک الخیتام

لەلایەن عیماد ئەحمەد


News

وڵاتانی ناوچەكە كامیان هەڵدەبژێرن؟

لەلایەن ئه‌رسه‌لان په‌رۆش


News

کوشتنی ژنێک و راچڵەکینی کۆمەڵگەیەک

لەلایەن میهرەبان حسێن


News

کورد چاو لە عەرەب و ئەفغان بکات

لەلایەن بەهێز حسێن