کوردستانی
ئەردۆغان هەوڵدەدات نێوان دەمیرتاش و ئۆجەلان تێکبدات
مەودا میدیا - سلێمانی |

مەودا میدیا-
بوونی کێشە لە نێوان سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبوڵڵا ئۆجەلان لە لایەن هاوسەرۆکی هەدەپەوە رەتدەکرێتەوە و دەشڵێت "پێویست ناکات بە ناوی ئۆجەلانەوە قسەبکرێت، دەرگای لێبکەنەوە و رێگە بدەن خۆی بیروبۆچوونەکانی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات".
بوونی کێشە لە نێوان سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبوڵڵا ئۆجەلان لە لایەن هاوسەرۆکی هەدەپەوە رەتدەکرێتەوە و دەشڵێت "پێویست ناکات بە ناوی ئۆجەلانەوە قسەبکرێت، دەرگای لێبکەنەوە و رێگە بدەن خۆی بیروبۆچوونەکانی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات".
لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) کە بە سەرۆکایەتیی میدحەت سەنجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە سازکرابوو، تێیدا دوا پێشهاتەکان هەڵسەنگێندران و سەنجار لە میانی پێشکەش کردنی وتارێکدا ئەو وتانەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیای رەتکردەوە کە وتبووی "کێشە لە نێوان سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەیە" و رایگەیاند "پێویست ناكات كەس بەناوی ئۆجەلانەوە قسە بكات یان نیگەرانییەكانی دەرببڕێت، ئەگەر دەسەڵاتی توركیا راست دەكات، دەرگای گرتووخانەی ئیمراڵی بكەنەوە و رێگەبدەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان دید و بۆچوونەكانی بۆ رای گشتی ئاشكرا بكات، بەدەر لەمە، هەرچی بوترێت و باس بكرێت، بریتییە لە شەڕێكی دەروونی و پڕوپاگەندەیەكی نەخوازراو بۆ مەرامێكی دیاریكراو".
هاوکات میدحەت سەنجار سەبارەت بە داخستنی هەدەپە رایگەیاند "وتوومانە و دووپاتی دەكەینەوە، هەوڵی داخستنی هەدەپە كارێكی سیاسییە و هیچ پەیوەندییەكی بە كاروباری یاساوە نییە، تیمەكانی پارێزەرانی هەدەپە بەردەوام كاردەكەن بۆ دەرخستنی راستییەكان و بەڵگەنامە یاساییەكان پێشكێش دەكەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە "پێشكێشكردنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە رۆژی حەوتی حوزەیران واتادارە و مەبەست لێی تۆڵەسەندنەوەی سیاسییە، هەمان كار لەبارەی دادگاییكردنی دۆسیەی كۆبانێ دووبارە كرایەوە، بۆیە دەسەڵات لە رێگەی ئەو دادوەرانەی راستەوخۆ دایمەزراندوون ئەم پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن، بۆیە لێرەوە دووپاتی دەكەمەوە كە بەهیچ شێوەیەك ئەم داوا یاساییانە لە دژی هەدەپە و سیاسەتڤانانی كورد تۆماركراون پشت و پەنای یاسایی و دەستوورییان نییە، بەپێچەوانەوە سەرجەمیان تەنیا و تەنیا سیاسیین".
ر. ئ.
بیروڕا



