کوردستانی

لە سلێمانی 150 منداڵ له‌شه‌قامه‌كان دورخراونەتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە سلێمانی 150 منداڵ له‌شه‌قامه‌كان دورخراونەتەوە
مەودا میدیا-

قایمقامییەتی سلێمانی و منداڵپارێزی کوردستان لەماوەی ساڵێکدا 150 منداڵیان لە ئیشکردنی سەر شەقامەکان دوورخستووەتەوە ئەوەش بە دۆزینەوەی کەسوکارییان و پابەندکردنیان بە بەرپرسیارێتی بەخێوکردنی منداڵەکانیان.

‎ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی پاراستنی منداڵ ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو لیژنەیە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا کاری زۆر باشی کردووە بۆ نەهێشتنی کارکردن و دەرۆزەکردنی منداڵ کەلەلایەن خێزانەکانیانەوە بەکاردەهێنرێن.

لای خۆشییەوە بەختیار غەفور، نوێنەری منداڵپارێزی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی پاراستنی منداڵ لە لیژنە هاوبەشەکان ئاماژەی بەوەکردووە "تەنها لە ساڵی رابردوودا لە شاری سلێمانی 150 منداڵیان لەسەر شەقامەکان کۆکردووەتەوە و خێزانەکانیان دۆزیونەتەوە، فۆڕمی زانیاری و بەڵێننامەی یاساییان پێ پڕکراوەتەوە کە بەهیچ جۆرێک کار بەو منداڵانە نەکرێت، لەکاتی پابەند نەبوونیان لەرێگەی یاسا و داواکاری گشتییەوە خێزانی منداڵەکە بە بەندکردن یان سزای دارایی سزا ئەدرێن".

‎"باشترین مامەڵە لەگەڵ ئەو منداڵانە دەکەن  لە دەستگیرکردنیان هەتا گەڕانەوەیان بۆ ناو خێزانەکانیان، چونکە دەزانن خودی منداڵەکان قوربانین" قایمقامییەتی سلێمانی و منداڵپارێزی کوردستان وادەڵێن.

قایمقامییەتی سلێمانی لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە و بە هاوکاری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کار بۆ نەهێشتنی دیاردەی منداڵانی ئیشکەری سەرشەقامەکان دەکات و لەرێگەی یاساییەوە خێزانەکانیان پابەندی پاراستنی مافی منداڵەکان دەکات.

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan