کوردستانی

بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبھێنین

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ تاڵەبانی: دەمانەوێت حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبھێنین
مەودا میدیا-

وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دەربارەی دواین پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عیراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا و بەرپرسیارانە و نیشتمانییانە بیروبۆچوونەکان لە بەرانبەر ئەگەرەکان خرانەڕوو لە بارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق.

بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیکردەوە، لە سوربوونی یەکێتی لەسەر بەھێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان  لەگەڵ ھەموو ھاوبەشە سیاسییەکان لە عیراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا، بە تایبەت لەگەڵ ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی، لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و ئابووری لە وڵات و لێکنەترازانی ھێزە سیاسییەکان بە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی روونیشیکردەوە، کاتێک باس لە سازان و تەوافق دەکەین بۆ قۆناغی ئەمڕۆ دەمانەوێت گیانی پێکەوەژیان و ئارامی سیاسی بپارێزین و پێکەوە ھەموومان حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبھێنین کە لە ئاست خواستی ھەموولایەک بێت، بۆیە ھەر ھەوڵ و نیەتێک کە ببێتە ھۆی تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و ماڵوێرانی زیاتر بۆ عیراقییەکان رەتدەکەینەوە، ئێمە وەک یەکێتی لە خەمی ژیانێکی باشتر و خۆشگوزەرانترین کە ئەمەش بە ھەوڵ و ھیمەتی ھەموومان بەدیدێت، بۆیە ئێستا روومان لە دڵسۆزانە تاوەکو پێکەوە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و دەستوور کار بۆ بنیادنانەوەی عیراق و ھەرێم بکەین و دەرفەتیشمان ماوە تا ئەم خەمە نیشتمانییە زاڵبکەین بەسەر بەرژەوەندی حزبی و تاکەکەسی.

 لە بەرانبەردا نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جەختیکردەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی سورە لەسەر دروستکردنی تەوافوق لەگەڵ ھێزە نیشتمانییەکانی دیکە، لەپێناو پەلەکردن لە پێکھێنانی حکومەت، بە گوێرەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکان.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھادی عامری، سەرۆکی ھاوپەیمانیی فەتح ھەڵوێستی چوارچێوەی ھەماھەنگی دووپاتکردەوە، لە کرانەوە بەسەر ھێزە سیاسییەکان و بەھێزکردنی زمانی گفتوگۆ، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کۆتایی ھێنان بەو قەیرانەی ئێستا.
ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan