عیراقی

پێشبینییەکی خراپ بۆ داهاتووی عیراق!

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێشبینییەکی خراپ بۆ داهاتووی عیراق!
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێت بارودۆخی ئێستای عیراق بارودۆخ و قۆناغێکی ئاڵۆزە، ئاماژە بەوەش دەکات عیراق لەئێستادا بەرەو بۆشایی یاسایی و دەستووری دەڕوات و کێشەکانی عیراق قوڵبووەتەوە، ئەمەش ئەوەمان پیشان دەدات عیراق ئامادە نییە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات.

بورهان رەئوف، چاودێری سیاسی لەبارەی دۆخی ئێستای عیراقەوە بە مەودا میدیای راگەیاند "بارودۆخی ئێستای عیراق بارودۆخ و پرۆسەیەکی سیاسی ئاڵۆزە، چونکە ئەو دیموکراسیەی لە عیراقدا هەیە لە ئاکامی پێشکەوتنی سروشتی کۆمەڵگەی عیراقی نەهاتووەتە ئاراوە، بەڵکو لە دەرەوە هاتووە و  سەپێندراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد "خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تائێستا هیچ پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە و گێرەوکێشەی زۆری هەیە، هەموو پێکهێنانەکانی کابینەی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکانی عیراق بە چەند مانگێک و لە پایتەختەکانی دەرەوە بڕیاری لەسەر دراوە بەدەر لە ئیرادەی خەڵکی عیراق، لەئێستاشدا عیراق سەرلەنوێ تووشی گێژاو و قەیرانێکی دیکە بووەتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دیاریکردنی فراکسیۆنی گەورەی ئەنجومەنی نوێنەران".

ئەو چاودێرە سیاسییە ئەوەشی خستەڕوو "عیراق لەئێستادا بەرەو بۆشایی یاسایی و دەستووری دەڕوات و کێشەکانی  قوڵبووەتەوە، ئەمەش ئەوەمان پیشان دەدات عیراق ئامادە نییە بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات".

لەبارەی کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بورهان رەئوف وتی "ئەگەر ئەمڕۆ رووداوێک و پێشهاتێکی گرنگ و نزیکبوونەوە و رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان روونەدات، پێناچێت بتوانرێت سبەینێ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت، لەبەرئەوەی دادگای فیدڕاڵی عیراق ئاماژەی بەوە کردووە دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی کۆبوونەوەکە بن".

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 7ی شوباتی 2022ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆدەبێتەوە بە مەبەستی دیاریکردنی سەرۆک کۆماری نوێی عیراق.

دوێنێش لە هەڵوێستێکی چاوەڕواننەکراودا بەرەی سەدر رایگەیاند بایکۆتی کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە دەکەن و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتیش رادەگرن تا کاتێکی نادیار.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان