کوردستانی

روونکردنەوە لەبارەی کەمبوونەوەی کاتەکانی کارەباوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


روونکردنەوە لەبارەی کەمبوونەوەی کاتەکانی کارەباوە دەدرێت
مەودا میدیا-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆژەی پێوەری زیرەکەوە روونکردنەوەی مەیدانی دەدات بۆ لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە 7ی شوباتی 2022 وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیژنەکە سەردانی سەنتەری پڕۆژەی پێوەری زیرەکی کرد و لە دیدارێکی پراکتیکی لەگەڵ کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبا و سەرپەرشتیاری پرۆژەی پێوەری زیرەک و تیمێکی تەکنیکیی پێوەرەکە، ئاگاداری چۆنییەتی کارکردنی پێوەری زیرەک بوون".

ئاماژە بەوەشکراوە "لەم سەردانە مەیدانییەدا، وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان درایەوە و پۆختەی پرۆژەکە و پلانەکانی بۆ داهاتوو لە هەموو بوارەکانی خرایەڕوو و تیشک خرایە سەر گرنگیی پڕۆژەکە بۆ باشتر کردنی دۆخی کارەبا لە بواری رێکخستن و کۆنترۆلکردنی". 

ئەوەشخراوەتەڕوو "بە پراکتیک، ئەوەشیان بە لیژنەی پەرلەمان راگەیێندرا کە کەمبوونەوەی ماوەکانی پێدانی کارەبا هیچ پەیوەندییەکی بە پێوەری زیرەکەوە نییە، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا پەیوەندیی بە کەمبوونی بڕی بەرهەمهێنان و بەرزبوونە و هەڵکێشانی خواست لەسەر کارەبا هەیە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "پرۆژەی پێوەری زیرەک قوناخی باشی بڕیوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا، چەندین تایبەتمەندیی دیکەی باشی پێوەرەکە بەکار دەخرێن".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan