کوردستانی

هەواڵێکی خۆش بۆ هاوبەشانی کارەبا

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەواڵێکی خۆش بۆ هاوبەشانی کارەبا
مەودا میدیا-

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە سەرەتای مانگی ئادارەوە 40 ئەمپێر کارەبا بداتە هاوبەشانی کارەبا، کە لەماوەی رابردوودا ئەو بڕەی بۆ 30 ئەمپێر کەمکردبووەوە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا بە سەرپەرشتیی کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا بۆ تاوتوێکردن و خستنەڕووی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی کارەبا و پرۆژە و پلانەکانی وەزارەت بەڕێوەچووە و تێیدا چەند بڕیارێکیان داوە.
 
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بڕیارانەی خوارەوە دراون:
 
- گۆڕانکاری لە هەندێک پۆست و بەرپرسیارێتی کران.
 
- بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران، راپەڕین و زاخۆ بە وەزارەتی کارەباوە دەبەسترێنەوە.
 
- لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، 40 ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی کارەبا دەدرێتەوە.
 
- کار بە سیستمی ئەلکترۆنی و ماڵپەڕی پسوڵە (pswla.com) دەکرێت و لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جێبەجێ دەکرێت.
 
- پێویستە تەواوی هاوبەشانی کارەبا، پێوەری زیرەکیان هەبێت. لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژەی پێوەری زیرەک (1,480,000) هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبوون، بەڵام ئێستا بۆ (1,800,000) هاوبەش بەرزبووەتەوە.
 
- بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کارەبای شارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەرپرسن بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران. بۆ ئەم مەبەستە سیستمی پێوەری زیرەک، سەرجەم سەرپێچیەکانی دیاری کردووە.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan