کوردستانی

بەهۆی کۆبوونەوەی حزبییەوە دەستکاری بەرنامەی هەفتانەی حکومەت کرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بەهۆی کۆبوونەوەی حزبییەوە دەستکاری بەرنامەی هەفتانەی حکومەت کرا
مەودا میدیا-

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام نادرێت، بەهۆی کۆبوونەوەی جیاوازی هەردوو مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان.

هەموو چوارشەممانی هەفتەیەک ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی شوباتی 2022 ئەنجام نەدرا، بەهۆی ئەوەی هەریەک لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بە جیا کۆدەبنەوە، ئەمەش وایکرد کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی مەودا میدیا، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی بەربژێری سەرۆک کۆماری عیراقە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیاربوو 7ی شوباتی 2022 ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق کۆبێتەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان کۆبوونەوەکە دواخرا بۆ کاتێکی دیکە، دوێنێش دووبارە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق کردەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan