کوردستانی

پرۆژەی دوو سایدكردنی كەلار- سلێمانی نزیكە لە وەستان

مەودا میدیا - سلێمانی |


پرۆژەی دوو سایدكردنی كەلار- سلێمانی نزیكە لە وەستان
مەودا میدیا- رێبین ئەشرەف

کارکردن لە پرۆژەی دوو سایدکردنی رێگەی کەلار- سلێمانی مەترسیی راگرتنی لەسەرە، به‌ڕێوەبه‌رى رێگەوبانى گه‌رمیانیش ده‌ڵێت "كاركردن له‌ رێگەکەدا زۆر خاوبووەتەوە و نزیكبووتەوە لە وەستان".

عه‌دنان خه‌لیل، به‌ڕێوەبه‌رى رێگەوبانى گه‌رمیان، به‌ مەودا میدیای راگەیاند "قۆناخی یەکەمی پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کەلار- سلێمانی تەواوبووە، بەڵام قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە کە درێژییەکەی 41 کیلۆمەترە و بودجەکەی نزیکەی 138 ملیار دینارە، تاوەکو ئێستا 55٪ تەواوبووە".

ئاماژەی بەوەشكرد "بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانەوە کارکردن لە تەواوکردنی قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت و نزیکە لە وەستان".

روونیشیكردەوە "ساڵی رابردوو داوای 70 ملیار دیناریان کردووە، بەڵام تەنیا 10 ملیار دیناریان بۆ خەرجکراوە و بەهۆیەوە ناتوانن شایستە داراییەکانی بەڵێندەران بدەن، ئەوەش وەک ئەو دەڵێت، گرفتی لەبەردەم کارەکان دروستکردووە".

له 19/12/2017‌  به‌ردی قۆناخی دووه‌می دوو سایدكردنی رێگەی كه‌لار- ده‌ربه‌ندیخان به‌درێژی 41 كیلۆمه‌تر دانرا و بڕیار بوو له‌ ماوه‌ی 540 رۆژدا ته‌واوبكرێت، به‌ڵام به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی قه‌رزی كۆمپانیای جێبه‌جێكار له‌لای حكومه‌ت، چەندینجار کارکردن لە پڕۆژەکە راگیراوە و تائێستا تەنیا 55٪ تەواوکراوە.

ر. ئ.
Qaiwan
Qaiwan