کوردستانی

هەموو شتێک یەکلا دەکرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هەموو شتێک یەکلا دەکرێتەوە
مەودا میدیا-

سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاند "ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی مەسعود بارزانی دەكات".

ئاماژەی بەوەشکردووە "كۆبوونەوەی ئەمڕۆی كاك بافڵ لەگەڵ بارزانی، ئومێدەوارین كە كۆبوونەوەیەكی باش بێت، پاش ئەوە مەكتەبی سیاسی هەردوولا دابنیشن بە شێوەیەك لە شێوەكان رێكبكەوین، ئینجا چ برادەرانی یەكێتی لە قەرەبووی سەرۆك كۆمار رازی بن چ لەسەر كاندیدێكی هاوبەش رێكبكەون، ئەمە لە بەرژەوەندی كورد و كوردستاندایە و لە بەرژەوەندی هەردوو حزبیشدایە، لەم 72 كاتژمێرەی دێت هەتا یەكشەممە شتەكان رۆشنتر دەبێت".

ئەوەشی روونکردەوە "ئەگەری زۆرە لەسەر كاندیدێك كە لە هەردوولا نەبێت رێكبكەوین، بەڵام من بە كۆنكریتی ناڵێم، وە لەوانەیە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت، بەڵام ئەوە چەندین جارە سەرۆك كۆمار بۆ برادەرانی یەكێتیە قەیچێكە با ئەم چوار ساڵەش بۆ پارتی بێت، برادەرانی یەكێتی پۆستەكانی دیکە وەربگرن، بە كورتی لەم دوو سێ بژاردەیە زیاترمان نییە، یان بەداخەوە هەردوولامان دەچین خەڵكێكی غەیری كورد دیاری دەكەین یان دەنگی پێدەدەن كە باش نییە بۆ ئێمە وەكو میللەتێك یاخود لەسەر كاندیدێكی غەیری پارتی و یەكێتی رێكدەكەوین، یان ئەوەتا هەردوولامان لەسەر كاندیدێكی پارتی یان یەكێتی رێكدەكەوین ئیتر بە یەك كاندید دەچینەوە بۆ هەڵبژاردن و ئنشاڵڵا ئەوە ببێت".

ر. ئ.

Qaiwan
Qaiwan