کوردستانی

یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان: دەبێت ناسری رەزازی داوای لێبوردن بکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان: دەبێت ناسری رەزازی داوای لێبوردن بکات
مەودا میدیا-

یەکێتیی زانایانی ئایینی کوردستان راگەیەندراوێکی لەبارەی قسەکانی هونەرمەند ناسر رەزازی بڵاوکردەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە.

ئەمڕۆ هەینی 11ی شوباتی 2022 یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند "لە ماوەی رابردوو هونەرمەندێکی یارسانی کوردستانی رۆژهەڵات لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی سوکایەکی بەرانبەر پیرۆزییەکانی ئیسلام بڵاوکردەوەو بەهۆیەوە هەستی موسڵمانانی بریندار کرد، ئێمە لە یەکێتی زانایانەوە ئیدانەی ئەو سوکایەتیانە دەکەین و پێمان وایە ئەم جۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و پێویستی بە داوای لێبوردن لە موسڵمانان هەیە".

ئاماژە بەوەشکراوە "خەڵک بۆ خۆی ئازادە چۆن بیر دەکاتەوە، بەڵام ئازاد نییە لەوەی سوکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات ، ناکرێ رێگە بەوە بدرێت ئەو پێکەوەژیانەی هەیە لەبار بچێت و ئاشتی کۆمەڵگە بشێوێندرێت".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە"چاوەڕوان بووین سەندیکای هونەرمەندان لەبەیاننامەکەیاندا ئیدانەی ئەو جۆرە رەفتارانەی کردبوایە، کە بووەتە هۆکاری برینداربوونی هەستی موسڵمانان، لەهەمان کات ئەرکی داواکاری گشتیە رۆڵی خۆی ببینێت و لەو حاڵەتانە بێتە دەنگ بە ئەرکی پێویست هەڵبستێت".

ئەوەشخراوەتەڕوو "بە پێویستی دەزانین دەستخۆشی و سوپاسی هەڵوێستی بەرزی زانایانی کوردستانی رۆژهەڵات بە تایبەت شاری پاوە بکەین، کە بە پەیامی حەکیمانەو لە پێناو دامرکاندنەوەی دۆخی بەرهەمهاتوی ئەم روداوە نەخوازراوە، رەنج و ماندووبوونیان کێشاو لە ئاستی پێویست هەڵویستیان وەرگرت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan