عارف قوربانی
شكاندنی غرووری پووتین
هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی رۆژئاوا كه ئه‌مڕۆ رووبه‌ڕووی پووتین وه‌ستاونه‌ته‌وه، ئه‌و هه‌ستی شانازییه‌یان نییه كه پووتین بۆ خۆی دروستیكردووه. وڵاته رۆژئاواییه‌كان له‌مێژه كه‌وتوونه‌ته سه‌ر سكه‌ی پێشكه‌وتن و گه‌شانه‌وه، ئه‌و وڵاتانه‌شیان كه له جه‌نگی دووه‌می جیهانی بووبوون به خۆڵه‌مێش، هه‌ر له چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی دوای جه‌نگ له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌وه‌كانی پێش ئه‌م سه‌ركردانه‌ی ئه‌مڕۆی رۆژئاوا ههستانهونهتهوه. به‌ڵام رووسیای دوای شكستی یه‌كێتیی سۆڤێت له‌سه‌ر ده‌ستی پووتین گیانی به به‌ردا كراوه‌ته‌وه. بۆیه ئه‌و هه‌ستی شانازیكردنه‌ی پووتین هه‌یه‌تی، ركابه‌ره‌كانی نیانه. ئه‌وه‌ش پاڵنه‌ری ئه‌و غرووره‌ی پووتینه كه خه‌ریكه جیهان و مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و نه‌هامه‌تی گه‌وره ده‌بات.
هه‌رچه‌نده نازاندرێت چی له خه‌یاڵدانی پووتیندا هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌م جه‌نگه‌وه‌ی هه‌ڵیگرساندووه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی به سه‌لامه‌تی بمێنێته‌وه، باشوایه رۆژئاوا لێبگه‌ڕێن پووتین ده‌ست به‌سه‌ر ئۆكرایندا بگرێت. چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و پاساوانه پاڵنه‌ری بڕیاری پووتین بن بۆ جه‌نگ كه پێشتر رایگه‌یاندووه له‌باره‌ی ئۆكراینه‌وه، ئه‌وه به داگیركردنی ئۆكراینا كۆتایی به پرۆسه‌ی پێشڕه‌وییه‌كانی رووسیا دێت. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ده‌یڵێت ته‌نها بیانوو بووبێتن بۆ هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ و به دوای ئۆكرایندا په‌لاماری وڵاتی دیكه بدات، ئه‌وه ده‌ستپێكی ئه‌و جه‌نگه چاوه‌ڕوان كراوه‌یه كه زۆر له‌پێش ده‌ستپێكردنی ئه‌نجامه‌كانی زانراوون، كه ئه‌ویش به سووتماكردنی هه‌ساره‌ی زه‌وییه.
به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی نازاندرێت پووتین چی نیازێكی دیكه‌ی هه‌یه، ده‌بێت ئۆكراین بكرێته قوربانی. هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر جیهانی رۆژئاوا تازه بشیانه‌وێ رێگه له كه‌وتنی ئۆكراین بگرن، زۆر دره‌نگه، ده‌بوو به‌ر له ده‌ستپێكردنی شه‌ڕ ئه‌وه‌یان بكردایا. كه‌واتا وه‌ك ئه‌نجام ئۆكراین هه‌ر ده‌كه‌وێته ده‌ستی رووسیاوه، بۆیه باشتره به‌جۆرێك بیدرێتێت، كه زه‌مینه و رێگە بۆ ئاشتی خۆش بكات، نه‌ك ببێته هۆكار بۆ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی گه‌وره‌تر كه به‌ریه‌ككه‌وتنی دوو جه‌مسه‌ره‌كه‌ی جیهانه.
ده‌بێت ناتۆ و له‌سه‌رووی ئه‌وانیشه‌وه ئه‌مریكا ئاگاداری ئه‌وه بن شكاندنی غرووری پووتین ئێستا مه‌ترسیداره. پێویسته كارێك بكه‌ن، پووتین هه‌ست به‌وه بكات شتێكی ده‌ستكه‌وتووه. ئه‌گینا هیچ به‌دوور نازاندرێت ده‌ست بۆ چه‌كه مه‌ترسیداره‌كان به‌رێت. وه‌ك چۆن له هه‌فته‌ی یه‌كه‌می ده‌ستپێكردنی جه‌نگه‌كه‌دا كه له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك شكستی خوارد و ده‌رگای جبه‌خانه سه‌ربازییه‌كانی وڵاتانی ناتۆ بۆ ئۆكراین خرایه سه‌رپشت تا فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر و مووشه‌كی زیره‌ك بدرێته ئۆكراینا، پووتین یه‌كه‌ی هێزه ئه‌تۆمییه‌كانی خسته حاڵه‌تی ئاماده باشییه‌وه.
هه‌ركاتێكیش ناتۆ باسی له پشتیوانی ئۆكراین كردبێت، پووتین به ئاماژه‌دان به به‌كاربردنی چه‌كی ئه‌تۆم وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه. وه‌ڵامی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌و به‌رگریی به‌ریتانیا و ئه‌مریكاش به‌وه‌ی به‌كاربردنی چه‌كی ئه‌تۆم به چه‌كی ئه‌تۆم وه‌ڵام ده‌درێته‌وه، ده‌رگای دۆزه‌خ به‌ڕووی مرۆڤایه‌تیدا ده‌كاته‌وه. به‌ناوی ئه‌نشتاینه‌وه قسه‌یه‌ك ده‌كرێت كه گوایه گوتبێتی (نازانم جه‌نگی سێهه‌می جیهان به‌چی جۆره چه‌كێك ده‌كرێت، به‌ڵام جه‌نگی چواره‌می جیهانی به دار‌و به‌رد ده‌بێت). ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر جه‌نگی ئه‌تۆمی هه‌ڵبگیرسێت هه‌موو پێشكه‌وتن و شارستانییه‌تێك له‌ناو ده‌چن و مرۆڤ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ چاخی به‌ردین.
نازانم ئه‌م قسه‌یه به ده‌قیق هی ئه‌نشتاینه یاخود به‌ناوی ئه‌وه‌وه ده‌وترێت، به‌ڵام له راستیدا ئێستا وڵاتانی زلهێزی جیهان خاوه‌ن چه‌كی زۆر مه‌ترسیدارن، له ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ك كه‌وتنی ئه‌م زلهێزانهداو به ده‌ستبردن بۆ ئه‌م چه‌كانه، هه‌موو گۆی زه‌وی ده‌بێته دۆزه‌خ. بۆیه گرنگه نه‌هێڵدرێت شه‌ڕی رووسیا و ئۆكراین ببێته جه‌نگی نێوان روسیا و رۆژئاوا. گه‌رچی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ئۆكراین ده‌گوزه‌رێت به رووكه‌ش شه‌ڕی نێوان ئۆكراین و روسیایه، ئاماده‌سازییه بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنی ئه‌و دوو بلۆكه. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی پێشوه‌خته زانراوون چه‌ند مه‌ترسیداره، ده‌بێت رۆژئاوا كه زیاتر پابه‌ندن به پاراستنی به‌ها مرۆڤایه‌تییه‌كان و زۆرتر ده‌ربه‌ستی سه‌لامه‌تی و پاراستنی زه‌وی دێن، ده‌بێت خۆیان له بهریهكككهوتن له‌گه‌ڵ رووسیا دووربخه‌نه‌وه. سه‌رباری ئه‌وه‌ی ره‌نگه زۆر لۆمه بكرێن كه ئۆكراینیان به ته‌نها جێهێشتووه، به‌ڵام به قوربانیكردنی ئۆكراینا زۆر باشتره له دروستبوونی جه‌نگێكی گه‌وره‌ی ئه‌تۆمی.
ئه‌گه‌ر رووسیا به‌داگیركردنی ئۆكراین كۆتایی به په‌لهاویشتنه‌كانی بهێنێت و له‌گه‌ڵ خۆیی و جیهان راستگۆ بووبێت به‌وه‌ی بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی ناتۆ و داماڵینی ئۆكراین له چه‌ك ئه‌م جه‌نگه‌ی هه‌ڵگیرساندووه، واتا شه‌ڕ له‌پێناوی سه‌قامگیریی وڵاته‌كه‌ی. ده‌كرێت دواتر له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی نێووده‌وڵه‌تی و كه‌ناڵی جۆراوجۆری دیکەوە كار بۆ كشانه‌وه‌ی رووسیا بكرێت. خۆ ئه‌گه‌ر رووسیا هه‌ر بیه‌وێ وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر له ئۆكراین بمێنێته‌وه، ئه‌زموونی زۆر پرۆسه‌ی داگیركاری ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه خۆی رووبه‌ڕووی جه‌نگێكی درێژخایه‌نی پارتیزانی ده‌كاته‌وه. به‌تایبه‌ت ئه‌م نزیك به ده رۆژه‌ی شه‌ڕ ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه ئۆكرانییه‌كان ئاماده‌ن گیانی خۆیان ببه‌خشن له پێناوی سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یاندا. بۆیه له ئه‌گه‌ری مانه‌وه‌ی هێزی رووسیا له‌وڵاته‌كه‌یان خه‌بات بۆ رزگاری زیاتر په‌ره ده‌سێنێت. هه‌روه‌ك دووریش نییه گرووپه تووندڕه‌وه‌كانی وڵاتانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵات بهێندرێنه ئۆكراینا و ببێته گۆڕه‌پانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رووسه‌كان.
هه‌ر كام له‌و ئه‌گه‌رانه رووبده‌ن، باشتره له ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتنی ناتۆ و رووسیا. ئه‌مریكا و رۆژئاواش ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندیان هه‌یه له دروستكردنی هێزی گه‌ڕۆكی تووندڕه‌و، كه ده‌توانن به‌هۆیانه‌وه زۆر ئازاری رووسیای پێبده‌ن و هه‌ستی نه‌ته‌وه و گه‌له بنده‌سته‌كانی رووسیای پێ بووروژێنن بۆ سه‌رقاڵكردنی رووسیا بە خۆیه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه كاتێك ده‌كرێت كه ئێستا نه‌هێڵن له دوای ئۆكراینا ئاگری ئه‌م شه‌ڕه زیاتر په‌ره بسێنێت.