د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

بێبەهابوونی سیاسەت

سیاسەت پەیوەندی و کاریگەری لەسەر ژیان و رێچکەی ژیانی هەموو مرۆڤێک هەیە. سیاسەت زانست وهونەرە و بەو زانستە ژیری سیاسیی پلان دادەنێ بۆ هەموو وەردەکاریەکی ژیان و درووستی دەکا و تێکیدەدات. 

لەڕێگەی سیاسەتەوە فیکر و ستراتیج و بەرنامەکە بۆ ئێستا و داهاتووی کۆمەڵ دادەڕژرێت و بەردەوام لە گۆڕان دادەبێت.

تێگەیشتنی سیاسەت زۆر ئاڵۆزە و ئاسان نییە چونکە زۆر فرە لایەن و تێکەڵ بەیەک دەبن و کاریگەریی دەرەوە و ناوەوەی بەسەرەیە و گۆڕانکاری بەسەر دێنێت.

لەڕێگەی سیاسەتەوە ئەو یاسایانە دادەنرێت کە پەیوەندی نێوان خەڵک دیاری دەکات، لە پەیوەندی ئابووری و سیستمی حکومڕانی. 

ئێستا لە کوردستان هەر کەسێک ناوی سیاسەت بهێنێ، یەکسەر هەمووی وشەی سیاسەت و سیاسی بە شێوەیەکی ناشیرن دەیبینن و یەکسەر یەکێکی گەندەڵ و دزو درۆزن و دۆلار و دۆنم خواز و بەدڕەوشتی و ماستاوچی و مێباز و مەسینە هەڵگر و قەڵەم حیزو ... دێتە بەرچاو. وشەی سیاسیەت و کاری سیاسی تەسخیف کراوە. 

بێبەهاکردنی سیاسەت بەرنامەڕێژی بۆکراوە و  دەستی دەرەکی و ناوەکی تێدایە وە دەسەڵات و میللەت بەشدارن لەو بێبەهاکردنە و کار و کاتی زۆر بۆ تەرخان کراوە، لە هەموو کار و کاردانەوەیەک دەبینرێت. بێبەهاکردنی سیاسەت لەو کاتانە زیاد دەکا کاتێک هێزی رۆشنبیر لاوازو بێدەسەڵاتە و دەستی بەكڵاوی خۆی داگرتوە و رۆڵێکی پاسیڤی وەرگرتوە و گۆڕەپانی چۆڵکردوە و ژێراو ژێر و ترسنۆکانە رەخنەدەگرێ. شێوەو و دیاردەکانی بێبەهاکردنی سیاسەت هێندە زۆرن لە ژماردرن نایەن:

بێبەهاکردنی لەو کاتەیە کە باس لە فرەحزبی و ئازادی دەکرێت، بەڵام دەبێت تەنها یەک حزب باڵا دەست بێ و ئەمرو نەهی لە دەست دابێ و هەموو رێگایەک دەگرنە دەست بۆ بەدیهێنانی جا چ بەڕێگەی رەوایی یان ناڕەوایی، بە هەموو شێوەیەک بەرەنگاریی بیری جیاواز دەبنەوە و هەموو بیرێکی جیاواز کە مەترسی لەسەر بێت دەخرێتە قاڵبی خیانەت و خەتمایل.

بێبەهاکردنی سیاسی لەو کاتەیە کە بەناوی نەتەوایەتیەوە هەموو بەرژەوەندیەکانی نەتەوە بخرێتە قومارێکی دۆڕا، خەبات و قوربانی چەند ساڵەی پێشولەبەرچاوی خەڵک رەشبکرێتە وێنایەکی نادرووست و ناشیرنی پێببەخشرێ.

بێبەهاکردنی سیاسی ئەو کاتەیە کە باس لە "قەناعە ت کنز لا یوفنا" دەکا و خۆشی بە باشترین شیوە دەژی چاوی بە هێچ شتێ پڕنابێتەوە. 

بێبەهاکردنی سیاسی لەو کاتانەیە خۆی بە پشت و پەنای گەنج و ژن  نیشان دەدا تا رۆڵی گرنگ ببینن، بەڵام گەنج و ژنی بەتوانا پشت گوێ دەخرێن و لە بری ئەوانە گەنج و ژنی کەمتوانا دەهێنە پێشەوە  بەپێوەری زۆر نابەجێ.

بێبەهاکردنی سیاسی لەو کاتەیە کە لیست بۆ بەربژێر دادەنێن و پێش وەخت داندراوە کێ دەردەچێ کە فڕی بەسەر سیاسەت نییە و دەچێتە بەغدا و عەرەبی نەزانە و بڕیار لەسەر دواڕۆژی میللەت دەدا بێ ئەوەی جیاوازی نێوان "و" یان "او" بکا. 

بێبەهاکردنی سیاسی ئەوکاتەیە کە لێرە شەق لە خۆپێشاندەر بدا و داوا لە لایەنی تر بکا کە رێنمایی دیموکراسیەت بکەن. 

بێبەهاکردنی سیاسی لەو کاتەیە کە وا لە قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفالکراوەکان بکا رەحمەت بۆ سەدام بنێرن.

بێبەهاکردنی سیاسی ئەو کاتەیە کە بەناوی سەندیکاوە کار بکەیت وفڕت بەسەر سەندیکاوە نەبێت و سەندیکا بۆ مەرامی خود بەکار بینێت.

بێبەهاکردنی سیاسی ئەوەیە مەلای بانگەواز بی و مزگەوت بکەی بە جنێوخانە.

بێبەهاکردنی سیاسی ئەوکاتەیە کە باس لە سەروەریی یاسا بکەی و لە دەسەڵات بی و هەموو پێشێلکارییەکی یاسایی بکەی.

بێبەهاکردنی سیاسی ئەوکاتەیە کە چەپ بی یان ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی سۆشیال دیموکرات بی و لەچکت لەسەر بێت و نوێژی جەماعی بکەی. 

بێبەهاکردنی سیاسی ئەوکاتەیە کە دەوڵەت موفلیسە و مووچە نادا، بەڵام دەسەڵاتداران هەموو ساڵ بەدەیان ئۆتۆمبێڵ بگۆڕێ.  

بێبەهاکردنی سیاسەت ئەوکاتەیە کە رەخنە لە رادەی زانیاریی زانکۆکان بگری وە داوبکەی هەموو خوێندکارێک دەرچێ، بەڵام باشترین شوێن بۆ خاوەن دپلۆمی ساختە دانێی.

بێبەهاکردنی سیاسی ئەوکاتەیە کە باس لە هونەری رەسەن بکەیت، بەڵام ئەوهەونەرە لای پەسندە کە  بەپێوەرەی سمت و مەمکە. 

بێبەهاکردنی سیاسی ئەو کاتەیە کە رەخنە لە گەندەڵکاران بگری و خۆی مەلە لە گەندەڵی بکا و هەر هەلێکی دەستکەوێ درێخی لێنەکا. 

ئەم نموونانە و سەدانی دیکە سیاسەتیی بێبەهاکردوە لە کوردستان. بێبەهاکردنی کردنی سیاسەت کاریگەری لەسەر کۆمەڵ و دەسەڵات هەیە و دەبێت. لەسەرەتا بێبەهاکردنی دام و دەزگاکانی حکومەت و پەرلەمان  و حزب و بەتاڵکردنیانە لە ناوەڕۆکی دەسەڵات ئەرکیان. وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین، گەر ترسی تێدا نەبێت، کەم کەس دەچێت بۆ دەنگدان و بەچاوێکی ناشیرن سەیری هەموو وەزیر و پەرلەمانتار دەکرێت و هیچ رێزێان بۆ داناندرێ بێجیاوازی لە توانا و پاکیان. حزبەکان بەتاڵبوونەتەوە لە پەیڕەو و پڕۆگرامیان و تەنها چەند کەسێک سیاسەتی دادەڕێژێ و بڕیاربەدەستە، مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیرەپێشکەوتووەکانیان وەک مووچەخۆریان لێهاتووە. ئۆپۆزسیۆن بەتاڵ بۆتەوە لە مانای ئۆپۆزسیۆن و تەنیا بۆتە بوقی جنێو و رەخنە. دەزگای ئەمن و ئاسایش و هێزی بەرگری لە بری پارێزگاری لە وڵات  و هاوڵاتی بوونەتە دەزگای تۆقێنەر و سیخور بەسەریانەوە.

 ئەم هەموو بەهاری عەرەبیەی بینیمان لە وڵاتە عەرەبیەکان هۆی سەرەکی بێبەهاکردنی سیاسەت بوو وە بوو بە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دام و دەزگاکانی و زۆر بەی ئەو وڵاتانە تاکوو ئێستا نەیان توانیوە خۆیان بگرنەوە و تووشی قەیران بە دوا قەیران دادێن بەهۆی نەبوونی پارتی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی بە بەرنامە و بزووتنەوەکان خۆکردەبوون، ئەگەر بەهارێکی کوردیش ببێ بەهۆی بێبەهاکردنی سیاسەت، بەهاری کورد لە بەهاری عەرەب باشتر نابێت، جا بیرمان نەچێت ئەوان دەوڵەتیش بوون و ئێمەش هیچ... 

 
  ک. ر.
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan