رێبوار کەریم وەلی

رێبوار کەریم وەلی

پارتی مامەڵە بە ماسیی ناو ئاو دەکات!

باس باسی غازی کوردستانە، ئەو غازەی کە ھێشتا خەڵکی کوردستان بە بتڵ و بە نیوەچڵی لێی سوودمەندن و زۆربەی کاتیش قەبارەی بەرھەمھێنانەکەی ناگاتە ئەوەی پێویستیی ماڵان پڕبکاتەوە.

کاربەدەستانی مەیدانیی بواری نەوت و غازی کوردستانیش دان بەوەدا دەنێن کە ئەوەی ئێستا بەرھەمدێت و قەرارە بەرھەم بێت تا پێنج ساڵی دیکەش رەنگبێ بایی ئەوەندە نەبێ کە ھەناردەی دەرەوەی بکەی، خۆ ئەگەر ھەناردەش بکرێ دیسان بەھۆی ئەو گرێبەستە درێژخایەنانەی کە کراون شتێکی ئەوتۆ لە سەرئێشە زیاتر نەڕژێتە قاسەی حکومەتەوە.

ئینجا ئەسڵی مەتڵەب شتێکی دیکەیە کە ئەو غازە سروشتییەی کە گوایە و قەرارە ببێتە جێگرەوەی غازی رووسیا لە ناوچەیەکدایە کە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکێتیدایە و تەنانەت ئەگەر یەکێتیش رازی بێت، ئێران و رای گشتیی ناوچەکە رێگرن لەوەی کە پارتی بە ناوی حکومەتەوە دەستی بۆ ببات.

دەمێکە یەکێتی ھەموو ژێرخانی سیاسی و ئاییندەیی بۆ بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی غازی چەمچەماڵ لە رێگەی بەغداوە بڕاندووەتەوە و لە بەرانبەریدا، بەڵێنی سەربەخۆیی ئابووریی ناوچەکەی زامنکردووە.
ھاتنی خەڵک بۆ ناو پارتی و چەکدارکردنیان لە ناوچەکە، بەشێکی زۆری پەیوەندیی بەوەوە ھەیە کە ئەگەر لە داھاتوودا، پێکدادانێک لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر غاز لەو ناوچەیە دروستبێت، ئەو چەکدارانە بخرێنە ئیشەوە، ئەمە دیدگایەکی ترسناکە.

بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیش چەندی پەیوەندیی بە ئێستای سیاسەت و واقیعی مامەڵەی حکومەت بە نەوت و غازەوە بێت، دوو ئەوەندە پەیوەستە بە رێگریکردن لە دەستبردنی زیاتری پارتی بۆ سەرچاوە بەرھەم نەھاتووەکان لە داھاتوودا. پرۆژەی نابوکۆ کە دە پازدە ساڵ پێش ئێستا ئەوروپییەکان و تورک لەسەری پێداگربوون، فەشەلی پێھێنرا و خەونی ئەوەی کوردستان ببێتە جێگرەوە یان دابینکەری بەشێکی بچوکی وزەی ئەوروپا لەباربردرا. ھاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، سوریای کاولکرد. ئەوەی ئێستاش لەئارادایە ھەمان ئەو قسانەن کە دە پازدە ساڵ پێش ئێستا دەکران. خوا دەزانێ ئەمجارە کوێ کاول دەکات!؟

پێداگریی پارتی لەسەر ئەوەی کە بیەوێ یەکلایەنانە دەست بۆ سەرچاوەکانی ژێر دەستەڵاتی یەکێتی ببات، شەڕێکی خوێناوی لە کوردستان بەرپا دەکات و تا ئاگری ئەو شەڕە دەکوژێتەوە، وڵاتانی ئەوروپا پێویستییان بەو غازە نەماوە، بەڵام ئەو کاتە شتێکیش بەناوی ھەرێم نەماوە!

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan