کوردستانی

هۆشداری بەپەلە دەدرێت بە حکومەت لەبارەی دۆسییەی نەوتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


هۆشداری بەپەلە دەدرێت بە حکومەت لەبارەی دۆسییەی نەوتەوە
مەودا میدیا-

رێکخراوى دۆر بۆ زانیاریى نەوتى کوردستان یاداشتێك ئاراستەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان دەکات و لەبارەی دۆسییەی نەوتەوە هۆشداری دەدات.

رێکخراوى دۆر بۆ زانیاریى نەوتى کوردستان لە یاداشتێكدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كردووە رایگەیاندووە "دواپێشهاتى خراپ لەبارەى مەلەفى نەوتەوە، کشانەوەى گەورە کۆمپانیاى ئەمەریکى ئیکسۆن مۆبیل بوو بە نهێنى لە کوردستان، پیشانى دەدات یەکێک لە زلهێزترین کۆمپانیا نەوتییەکانى جیهان دڵخۆش نییە بە وەبەرهێنانى ریسکدار لە کەرتى نەوت و غازى هەرێمى کوردستان".

ئەوەشخراوەتەڕوو "چۆن هاتنى ئیکسۆن کاریگەریى مەعنەویى گەورەى هەبوو لەسەر دروستبوونى خواستى وەبەرهێنانى نەوتى لە هەرێمى کوردستان، ئاواش پێچانەوەى جانتاکەى خواستەکە تووشى لاوازى و ترس و دڵەڕاوکێ دەکات".

 له‌باره‌ی دۆسیەی غازی سروشتی رێکخراوەکە دەڵێت "لە ساڵی 2019وە بە راپۆرت و بە چەندین داتاى جیاواز بۆ حکومەت راى گشتیمان سەلماند، ئەم دۆسیەیە نابێت وەکو نەوت مامەڵەى لەگەڵ بکرێت، درکمان بەو مەترسییە گەورەیە کردبوو کە بەرۆکى خەڵکى کوردستان و حکومەت دەگرێت، ئیستاش کاتێک دەبینین خواستە کەسییەکان زاڵن بەسەر ئەم دۆسیەیەدا زیاتر دوودڵى و نادڵنیایى لە ئایندەى ئەم مەلەفە رووبەڕوومان دەبێتەوە".

باس لەوەشکراوە "ئەو یەکانەى چاودێرى هاوشێوەى دیلۆیت نابێت ببنە هۆکارى دڵخۆشى لەکاتێکدا بە بەرژەوەندیى حکومەتى هەرێمى کوردستان کاردەکەن و یارى بە ژمارەکان دەکەن، هەروەها لە ساڵی 2014ەوە نزیكەی 30 راپۆرتیان لەسەر كەرتی نەوت هەبووە و چاودێری بووە، پێشنیازدەكات هەرێمى کوردستان واز لە خۆسەرى لە پرسى هەناردەى نەوت و وەبەرهێنان لە غازى سروشتى بهێنێت، لەگەڵ عیراق بگاتە رێکەوتنێکى دادپەروەرانە، چونکە کشانەوەى ئیکسۆن مەعنەویەن پیشانى دەدات خواستى جیهانى ئەوەیە هەرێم لەگەڵ عیراق رێکەوتن بکات، چەمکى وەبەرهێنان و فرۆشتنى نەوت و غازى ریسکدار کۆتایى هاتووە".

رێکخراوەکە هۆشداری دەدات و دەڵێت "بەپێچەوانەوە، بەردەوامى ئەم دۆخە واتا خۆسەرى لە کەرتى نەوت و غاز دەرئەنجامەکانى بە زیانى گەورە بۆسەر هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى هەرێم و کۆى قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان دەشکێتەوە، زیانە دارایى و سیاسیەکانى کاریگەریى گەورەى مێژوویى لەسەر هەرێمى کوردستان جێدەهێڵێت".

س،ر
Qaiwan
Qaiwan