کوردستانی
یەکێتی پۆستەکانی خوار وەزیر دیاری دەکات
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی رایدەگەیەنێت بەمزوانە دەست بە دیاریکردنی پۆستەکانی خوار وەزیر دەکرێت بۆ ئەوانەی کە بەرکەوتەی یەکێتین لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دوای تەواوکردنی کارەکانی تایبەت بە کۆنگرە کە پەیڕەو هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان بوو، لەگەڵ هاوسەرۆکانی یەکێتی و کارگێڕی یەکێتی دەست بە دیاریکردن و یەکلاکردنەوەی پۆستەکان دەکەن".
ئەوەشی خستەڕوو "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین پۆستی خوار وەزیری وەرگرتووە کە پێکدێن لە وەکیل وەزیرو راوێژکارو بریکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و نوێنەرەکانی حکومەت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان".
هەروەها وتی "کاندیدەکان دەمێکە ئامادەکراون بەهۆی کارەکانی کۆنگرە دواکەوتن، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی یەکلابکرێنەوە".